(٥) لە ئینگلیزییەوە: کۆسار عەبدولڵا لیبڕاڵیزم ئەو دێوەزمەیەیە کە فیکر و کردەی سیاسیی ڕۆژئاوای داگیر کردووە؛ بۆ هەندێک بریتییە لە بەشێک لە مۆدێرنە و بابەتێک بۆ ئارەزووەکان، بۆ هەندێکیش کابووسێکە کە پەردە لەسەر لۆجیکی پەڕگیری سەرمایەداری و خراپیی هاتنەخوارەوە بۆ ڕێژەییبوونی ئەخلاق لادەدات، بەڵام لای هەندێک و بگرە زۆرینەش نیشانەیەکە بۆ دژەوانەیی و مەرجی ئایدۆلۆجییە بۆ ژیانێکی ئارام لە دەوڵەتێکی تەواو دیموکراسی و هەڵبژاردەیەکی خاوەن کەمترین زیانە. دەتوانین لیبراڵیزم بگێڕینەوە بۆ جۆن لۆک. لۆک فەیلەسوف و تیۆریستی سیاسیی سەدەی حەڤدەیەمی بەڕیتانیایە، لە دوو نامەیدا یەکەم کەسە کە باسی لیبڕاڵیزم دەکات و پێی وایە کە دەسەڵاتی سیاسیی خاوەن شەرعییەت تەنها لە ڕەزامەندیی گەلەوەیە و ئامانجی حکومەتیش پاراستنی ژیان و ئازادی و سامانی هاونیشتمانییانە، هەروەها لۆک لەگەڵ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندییە و پشتگیریی پارچەکان دەکات بۆ خۆبەڕێوەبردن و یاسادانان. دەتوانین شوێنەواری لیبڕاڵیزم لە پشتگیریی بازاڕی ئازاددا ببینین، بە شێوەیەکی دیاریش لای ئادەم سمیس، کە فەیلەسووفیکی ئەخلاقیی بەناو...