Skip to main content

چەمکەکان: سەرمایەداری

(٣)
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
چەمکی سەرمایەداری بۆ سیستمێکی ئابووری بەکار دەهێنرێت، کە لە ئێستادا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بوونی هەیە و ئەو سیستمە بەڕێیانەوە دەبات. ئادەم سیمس یەکێکە لە زاناکانی دانەری ئەم سیستمە، کە بانگەشە بۆ خاوەندارێتیی تایبەت، زێدەبایی، قازانج، بازاڕی ئازاد و کێبڕکیی تاکەکان دەکات. لەم سیستمەدا بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی زەوی، کارگە، تەکنەلۆژیا، گواستنەوە و گەیاندن و زۆری تر، لە لایەن کەمینەیەکەوە خاوەندارێتی دەکرێن، ئەم کە بە سەرمایەدار ناو دەبرێن. زۆرینەی دانیشتوانی ژێر ئەم سیستمە دەبێت تەواوی هێز و توانای خۆیان بە کارکردن سەرف بکەن بۆ بەدەستهێنانی کرێیەکی کەم، کە لە ئاستی کارکردنەکەیاندا نییە، ئەم زۆرینەیەی کە لە ژێردەستی کەمینەکەی سەرەوەدا کار دەکەن، بە کرێکار ناو دەبرێن.
کرێکاران لە بەرانبەر بەرهەمهێنانەکانیاندا کرێیەکی کەم وەردەگرن و دواتر ئەو بەرهەمەیان بۆ قازانجێکی زۆرتر لە کرێکەیان دەفرۆشرێتەوە. قازانجەکە دەچێتە خەزێنەی سەرمایەدارانەوە، چونکە ئەوان لەو بەرهەمەی کرێکاران بەرهەمیان هێناوە، پارەی زیاتر لە تێچووە بنەڕەتییەکە دەست دەخەن. لەمەوە دەتوانین بڵێین کرێکاران وەک هەلێک لە لایەن سەرمایەدارانەوە قۆستراوەتەوە، ئەوان لەسەر دەستکەوتەکانی کرێکاران دەژین و لە هەمان کاتدا بەشێکی قازانجەکە دەخەنەوە بەرهەمهێنانەوە، کە هەموو ئەمانە بە ئامانجی کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاترە.
سەرمایەداران بە دڵنیایی و یەقینەوە دەزانن کە کێن و چی دەکەن و چۆن سەرمایەکانیان زیاتر دەکەن، هەروەها بەشێکی کرێکارانیش دەزانن کە دەبێت لەپێناو دەستخستنی کرێ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان پشت بە سەرمایەداران ببەستن، بە واتایەکی تر هانایان بۆ ببەن، هەر ئەمەشە وادەکات ئەم سیستمە بەردەوامیی هەبێت. لە سیستمی سەرمایەداریدا ئامانج لە بەرهەمهێنانی کاڵا فرۆشتنەوەیەتی بە قازانج، نەک دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ. دەبێت سەرمایەدار کڕیار بۆ بەرهەمەکانی بدۆزێتەوە، چونکە بەرهەمهێنان بەو شێوەیە دەست پێ ناکات کە بەکاربەران ئامادە بن لەپێناو دابینکردنی پێداویستییەکانیاندا پارە بە کاڵای بەرهەمهێنراو بدەن، بەڵکو بەوەی کە سەرمایەدار چۆن حیساباتی خۆی بۆ دەستکەوتنی قازانج لە کاڵاکەی ڕێک دەخات. ڕەنگە ئەم کاڵایانە پێداویستییەکانی مرۆڤ پڕ بکەنەوە، بەڵام کاتێک بەکاربەر ئەو پارەیەی پێ نەبوو کە سەرمایەدار بۆ کاڵاکەی داوای دەکات، ئیتر ئەو پێداویستییە چەندێک گرنگ و بەپەلە بێت، ئەو لێی بێبەش دەبێت و ناتوانێت دەستی بخات.
ئەوەی ئەم پارادایمە دروست دەکات، کە سەرمایەدار تەنهاوتەنها بەدوای قازانجەوە بێت، دەرەنجامی ئەوەیە کە سەرمایەداران جگە لەوەی کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە و بفرۆشن، هیچ چارێکی تریان نییە، چونکە هەر ئەم ساغکردنەوە و فرۆشتنەیە سەرمایەکەیان دەهێڵێتەوە و جێ و ناوی خۆیشیان وەک سەرمایەدار پتەوتر دەکات. کێبڕکێش سەرمایەداران ناچار دەکات دووبارە قازانجەکانیان بخەنەوە بەرهەمهێنان، تا بتوانن بەردەوامی بە پێگە و ژیانی سەرمایەدارانەیان بدەن.
وەک لەمرۆماندا دەبینین، ئامانج و بەرهەمەکانی سەرمایەداریی وەک چینایەتی و قازانج لە سەروو هەموو شتەوە، لە ڕەگوڕیشەی زۆرینەی کێشەکانی جیهاندایە و هۆکاریانە، لە برسێتییەوە بۆ جەنگ، لە نامۆبوونەوە بۆ تاوان؛ تەواوی لایەنەکانی ژیانمان لەپێناو دابینکردنی قازانجدا ملکەچی خراپترین بیانووەکانی ئەم سیستمە بووە، بە جۆرێک کە لە دەوڵەتێکی پەیڕەوکاری ئەم سیستمەدا، ئەو پێداویستییە گرنگ و پێویستانەی هەمانن و دەمانەوێن، تەنها ئەو ساتە دەستمان دەکەون کە لەگەڵ مەرجەکانی بەدەستهێنانی قازانجی سەرمایەداراندا دەگونجێت.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان