(٥)
لە
ئینگلیزییەوە: کۆسار عەبدولڵا
لیبڕاڵیزم ئەو دێوەزمەیەیە کە فیکر و کردەی سیاسیی ڕۆژئاوای داگیر کردووە؛ بۆ هەندێک بریتییە لە بەشێک لە مۆدێرنە و
بابەتێک بۆ ئارەزووەکان، بۆ هەندێکیش کابووسێکە کە پەردە لەسەر لۆجیکی پەڕگیری
سەرمایەداری و خراپیی هاتنەخوارەوە بۆ ڕێژەییبوونی ئەخلاق لادەدات، بەڵام لای
هەندێک و بگرە زۆرینەش نیشانەیەکە بۆ دژەوانەیی و
مەرجی ئایدۆلۆجییە بۆ ژیانێکی ئارام لە دەوڵەتێکی تەواو دیموکراسی و هەڵبژاردەیەکی
خاوەن کەمترین زیانە.
دەتوانین لیبراڵیزم بگێڕینەوە بۆ جۆن لۆک. لۆک فەیلەسوف و
تیۆریستی سیاسیی سەدەی حەڤدەیەمی بەڕیتانیایە، لە دوو نامەیدا یەکەم کەسە کە باسی لیبڕاڵیزم
دەکات و پێی وایە کە دەسەڵاتی سیاسیی خاوەن شەرعییەت تەنها لە ڕەزامەندیی گەلەوەیە
و ئامانجی حکومەتیش پاراستنی ژیان و ئازادی و سامانی هاونیشتمانییانە، هەروەها لۆک
لەگەڵ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندییە و پشتگیریی پارچەکان دەکات بۆ خۆبەڕێوەبردن
و یاسادانان.
دەتوانین شوێنەواری لیبڕاڵیزم لە پشتگیریی بازاڕی ئازاددا ببینین، بە شێوەیەکی
دیاریش لای ئادەم سمیس، کە فەیلەسووفیکی ئەخلاقیی بەناوبانگی سکۆتلەندیی سەدەی هەژدەیە
و بەناوبانگە بە سامانی نەتەوەکان. ئەو دەڵێت: ''باشترین ڕێگەی کۆمەڵگە بۆ وەبەرهێنانی
سامان و گەشەسەندن، دابەشکردنی کارەکان و بڕیاری دەسەڵاتی خۆجێییە، بۆ ئەوەی کار
بکەن بەو شێوەیەی دەیانەوێ.'' بە مانایەکی تر، ململانێی بازاڕی ئازاد ڕێگەیەکە بۆ دابینکردنی
خۆشگوزەرانی بۆ هەموو خەڵک.
ڕەوتی لیبڕاڵیزم بەشێکی زۆر لە فەیلەسووفە سیاسییەکان
لەخۆ دەگرێت، کە لایان ئازادی تاک هەرە گرنگترین ئامانجی سیاسییە و جەخت لە مافی
تاک و ڕەخساندنی هەلی یەکسان دەکەنەوە. هەروەها لیبراڵیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن
کە حکومەت پێویستە پارێزگاری لە مافی هاووڵاتییان بکات، جۆرە جیاوازەکانی لیبڕاڵیزمیش
پێشنیاری سیاسەتی جۆراوجۆر دەکەن، هەرچەندە بەگشتی پشتگیری لە چەند بنەمایەک
دەکەن، لەوانە ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، دیاریکردنی دەسەڵاتی حکومەت و
سەروەریی یاسا و ئابووریی بازاڕ، یان ئابوورییەکی تێکەڵ لەو کۆمپانیایانەی سەر بە حکومەتن
و ئەوانەی کەرتی تایبەتن، هەروەها حکومەتێکی شەفافی دیموکراتی.
بەپێی بنەماکانی لیبڕاڵیزم،
دەبێ کۆمەڵگە بەپێی مافەکانی مرۆڤ ڕێک بخرێت و نابێت مافی مرۆڤ یاریی پێ بکرێت و
دەستدرێژیی بکرێتە سەر، بەتایبەتی مافی ژیان و ئازادی و خاوەندارێتی، پێشیان وایە دابونەریتەکانی
کۆمەڵگە هیچ بەهایەکیان نییە و پێویستە بەردەوام کردە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک بخرێنەوە
بەپێی زۆرترین سوودیان بۆ مرۆڤایەتی. هەروەها نابێت بنەمای ئاسمانی هەبێت، وەک مافی
خودایی و دەسەڵاتی بۆماوەیی و ئایینیی دەسەڵاتدار، کە دەسەڵاتی بەسەر پایەکانی
حکومەتدا هەبێ.ئاژاوەگێڕی یەکیکە لە گرووپە توندڕەوەکانی لیبراڵزم، لیبڕاڵیزم وەک
ئاژاوەگێڕی دژی هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆری دەوەستێتەوە، جا ئەوە دیکتاتۆرییە لە
کۆمۆنیزمدا بێت یان سۆشیالیزم، یاخود فاشیزم، یان هەر کام لە جۆرەکانی تری
دیکتاتۆری بێت. هەروەها جەختکردنەوە لە مافی تاک و تاکگەرایی وادەکات لیبڕاڵیزم
دژی هەر جۆرە کۆمەڵ و کۆمەڵگەیەک بوەستێتەوە کە ئازادیی تاکی تێدا ڕەت یان کەم بکرێتەوە.
جۆرەکانی لیبڕاڵیزم
دوو ڕەوتی سەرەکیی بیرکردنەوە لە لیبڕاڵیزمدا هەن: لیبڕاڵیزمی
کلاسیکی و لیبڕاڵیزمی کۆمەلایەتی.
لیبڕاڵیزمی کلاسیکی لای وایە کە ئازادیی راستەقینە
ئازادبوونە لە زۆرلێکردن و دەستوەردانی دەوڵەتیش لە ئابووری دەستوەردانێکی بەزۆرە،
کە ئازادیی تاک پێشێل دەکات و کەمی دەکاتەوە، هەروەها بەپێی توانا دەبێت دەسەڵاتی
حکومەت کەم بکرێتەوە. ئەم جۆرە لیبڕاڵیزمە لەگەڵ ئابووریی ئازادە، کە دەوڵەت
کەمترین دەستتێوەردانی ئابووری و باج خستنەسەری هەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی چی
پێویستە بۆ پاراستنی ئازادیی تاک و ئاشتی و ئاسایش و مافی خاوندارێتیی تایبەت و
دژی دەوڵەتی خۆگوزەرانییە، کە دابینکردنی خزمەتگوزاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە لایەن
حکومەت و ناچارکردنی حکومەت بە خستنە ئەستۆی خۆشگوزەرانیی تاک دەگرێتەوە.
لای لیبڕاڵیزمی
کۆمەڵایەتی دەبێت حکومەت دەستێکی باڵای هەبێت لە هاندان بۆ ئازادیی تاک و لای وایە
ئازادیی ڕاستەقینە نابێت تەنها کاتێک نەبێت کە تاکەکان تەندروست و پەروەردەکراو بن
و لە هەژارییەکی بکوژدا نەبن. ڕایان وایە کە ئەم ئازادییە دەتوانرێت گرەنتی بکرێت،
کاتیک حکومەت گرەنتیی مافی خوێندن و چاودێریی تەندروستی و گوزەرانی ڕۆژانەی تاک
بکات، هەروەها بە زیادکردنی چەند بەرپرسیارێتییەکی تر، وەک یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی
جیاوازیکردن لە نیشتەجێبوون و کار و یاساکانی دژ بە پیسکردنی ژینگە و یاساکانی
چاودێریی کۆمەڵایەتی، کە هەموویان پشتگیری بکرێن لە لایەن سیستمیکی باجی ڕێکخراو.
پەپێی بوونی چەندین فەیلەسووفی سیاسی، چەندین جۆری تری لیبڕاڵیزم هەن:
لیبڕاڵیزمی
پارێزگار: جۆرێکە لە لیبڕاڵیزم کە خۆی لە لیبڕاڵیستە ڕاستڕەوەکاندا دەردەخات، کە
بەهاکانی لیبڕاڵیزم و ئاسایش و هەڵوێستی پاریزگاری کۆ دەکاتەوە، بە پێچەوانەی ئەو
لیبڕاڵیستە پارێزگارانەی کە لایان وایە دەبێت زۆرترین پابەندی بە دەسەڵات و کەلتوور
و ئایین و هەبێت. لیبڕاڵیستە پارێزگارەکان پشتگیری لە جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت
دەکەن.
لیبڕاڵیزمی ئابووری: بریتییە لە تیۆریای ئابووری لە لیبڕاڵیزمی کۆندا، کە لە
ڕۆشنگەرییەوە گەشەی سەندووە، بەتایبەت لە لایەن ئادەم سمیسەوە، کە بانگەشەی
کەمترین دەستتێوەردانی حکومەت لە ئابووریدا دەکات.
نیولیبڕاڵیزم: ئاماژەیە بۆ
بەرنامەیەک بۆ کەمکردنەوەی بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی و ئەو کۆتوبەندانەی لە بەردەم
بازاڕی ناوخۆدا هەن و ناچارکردنی حکومەت بە کردنەوەی بازاڕی بێگانە.
لیبڕاڵیزمی ئەمەریکی:
بە زۆری تێکهەڵکێشێکە لە نێوان لیبڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی کۆمەڵایەتی، لە
لیبراڵیزمی کلاسیک و لیبراڵیزمی ئازادیخوازەکان، کە ئازادی بە ئامانجی سەرەکی
دەزانن جیا دەکرێتەوە بەوەی کە زۆرتر جەخت لە بوونی مافە سەرەتاییەکان دەکات، وەک فێربوون
و چاودێریی تەندروستی و ئەو بابەتانەی تر کە بۆ گەشەسەندنی مرۆڤ و خۆسەلماندن پێویستن.
لیبڕاڵیزمی
نیشتیمانی: جۆرێکە لە لیبڕاڵیزم کە لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکان لە سەدەی بیست و
نۆزدە هەبووە، کە کۆکردنەوەیەکە لە نێوان نەتەوەپەرستی و ئەو سیاسەتەی کە لیبڕاڵیزمی
ئابوورییەوە وەرگیراوە.
ئۆردۆلیبڕاڵیزم: قوتابخانەیەکی لیبڕاڵیزمە لە سەدەی بیستەم
بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەڵمانیا گەشەی کردووە ، کە جەخت لە حکومەت دەکاتەوە بۆ
پاراستنی بازاڕی ئازاد، کە لای وایە بازاڕی ئازاد ئەنجامێکی نزیکی لە توانا تیۆرییەکان
هەیە.
پالیۆلیبڕاڵیزم: چەمکێکە کە کەمێک مانای ڕوون لەخۆ دەگرێت لەچاو ئەو مانا
شاراوانەی کە هەیەتی و لیبڕاڵیستە پەڕگیرەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها لیبڕاڵیستە سۆشیالیستەکان
و ئەوانەی دژی نیۆلیبڕاڵیستەکانن.
لیبڕاڵیزمی کەلتووری: تێڕوانینێکی لیبڕاڵییانەیە
بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە تێیدا ئازادیی تاک زیاتر جەختی لەسەر دەکرێتەوە لەچاو بەها
کەلتوورییەکان.
دواجار لیبڕاڵیزم و کۆی ڕەوتەکانی، ئەو هێڵە فیکری و فەلسەفەییەن کە
سیستمی سەرمایەداریی جیهانی لە ڕۆژی دروستبوونیەوە ئیلهامی لێ وەردەگرێت و ڕۆژ بە
ڕۆژ خۆیی پێ نوێ دەکاتەوە و لە ڕێیەوە زیاتر و زیاتر چینایەتی بەرهەم دەهێنێت.