Skip to main content

شۆڕشی گەنجان و گۆڕانی ڕیشەیی


ئیبراهیم ئەلحەیدەری

لە عەرەبییەوە: ئەكبەر حەسەن

ئەمرۆ گەنجان لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕووی ژمارەوە گەورەترین و لە ڕووی جۆرەوە گرنگترین و لە ڕووی كاراییەوە بەتواناترین گرووپ پێك دەهێنن لە هەموو ئاستەكاندا، بەتایبەتی لە ئاستی بەرهەمهێناندا. ئەگەرچی كۆمەڵگه‌ عەرەبییەكان لە بنچینەدا گەنج و زیندوون، بەڵام ئەم گرووپە فراوانەی دانیشتوان زیاتر ڕووبەڕووی گرفتە گەورەكانی چارەنووس دەبێتەوە و لە گرووپەكانی تر زیاتر ئامانجی دەسەڵاتە سیاسییە ستەمكارەكانە، كە لە شۆڕش و تووڕەییان دەترسن. لە هەمان كاتدا ئەم دەسەڵاتە سیاسییە ستەمكارانە گرنگی بە بارودۆخی گوزەران و داهاتووی گەنجان نادەن، ستراتیجێكی وا دانانێن كە وزەی بەرهەمهێنەرانەیان بە شێوەیەكی باش بخاتە گەڕ، ئەوەش بە ڕەخساندنی دەرفەتی كار، كە پارووی ژیانێكی ڕێزمەندانە و پەراوێزێك لە ئازادی و سەربەخۆییان بۆ دابین دەكات و وایان لێ دەكات ئازاد بن لە گوزاشتكردن لە ماف و ئاواتەكانیان و جووڵاندنی سەرجەم وزە و توانا داهێنەرانە نائاساییەكانیان. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر وازهێنانە لە بەفیڕۆدانی وزەی گەنجان، كە كۆمەڵگه‌ی بەكاربەری نوێ ئەم وزەیە ڕیشەكێش دەكات و وا لە گەنجان دەكات هەناسەبڕاوانە بەدوای كاڵا درەوشاوەكاندا ڕابكەن و نەتوانن بەرەنگاری درەوشانەوەكەی ببنەوە، كە ئەمە پاڵ بە هەندێكیانەوە دەنێت بۆ بەدەستهێنانی ئەم كاڵایانە میكانیزمی نایاسایی بەكار بهێنن و لە كاری توندوتیژی و مادەی هۆشبەر و ڕێگای نایاساییەوە دیكە بگلێن. لەم بارودۆخی پەراوێزخستن و داپڵۆسینەدا، قەیرانی بێبەشبوون و هەستكردن بە نادادەپەروەری زیاد دەبن، دەرفەتی كار و دابینكردنی پێویستییەكان كەم دەبنەوە، نەهامەتی و داپڵۆسین و ڕق كەڵەكە دەبن، بەوەش وزەی نائاسایی گەنجان دەگۆڕێت بۆ كوورەیەك و بە ئاگرێكی كز دادەگیرسێت، خێرا دەبێت بە كڵپەیەكی سووتێنەر و توندوتیژییەكی ڕەوا و ناڕەوا، وەك ئەوەی لە توونس و دوای ئەوێش لە میسڕ ڕووی دا. ئەم باهۆزی گۆڕانكارییە ڕیشەییەش دەگاتە سەرجەم كۆمەڵگه‌ عەرەبی و ناعەرەبییەكان.

بۆچی گەنجان؟
دەرەنجامەكانی شۆڕشی یاسەمین لە توونس و كڵپە درەوشانەوەكەی ڕەنگدانەوەیەكی فراوانی هەبوو، بەتایبەتی لە نێوان گەنجاندا، ئەو گرووپەی كە لە كۆمەڵگه‌ی باوكسالاریی عەرەبیدا زۆرترین ژمارەیە و لە گرووپەكانی دیكە هەستیارتر و داپڵۆسێنراوترە. لەبەر ئەوەش گەنجان بزوێنەر و سوتەمەنیی ئەم شۆڕشانەن و خاڵی هاوبەشی نێوانیشیان ڕۆڵی پێشەنگانەیانە، كە لەمەدا  پاشماوەی چینەكانی ناوەڕاست پشتگیرییان دەكەن، كە وەخت بوو خۆیان بتوێنەوە و لەناو بچن.
ئامڕازی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییە نوێیەكانی وەك ئینتەرنێت و تەلەفزیۆن و مۆبایل و فەیسبوك تویتەر‌ و تا دوایی، بەشدارییان كرد لە بڵاوكردنەوەی بیركردنەوە و ئاواتەكانیان و بوون بە ئامڕازی هۆشیاركردنەوە و ڕۆشنگەر، بگرە بوون بە چەكێكی هاوچەرخ و گەنجان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆرییەت بەكاریان هێنا، بەڵام بە شێوەیەكی ئاشتییانە، بگرە لە هەموو چەكەكانی دیكەی ئەمڕۆ بەهێزتر بوون.
ڕێژەی گەنجان لە جیهانی عەرەبیدا زیاتر لە 60%ی دانیشتوانە. بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی دەستە تەمەنییەكانی نێوان 15 بۆ 29 ساڵ بۆ ساڵی 2009 نزیكەی 113 ملیۆن كەسە، كە ئەمەش نزیكەی سێیەكی كۆی دانیشتوانی جیهانی عەرەبییە، بەپێی هەندێك خەمڵاندنی دیكەش ئەم دەستە تەمەنییانە دەگەنە 47%ی كۆی دانیشتوان.
پەیمانگەی سیاسەتی گشتی سەر بە زانكۆی ئەمەریكی لە بەیروت، بە هاوبەشیی یونیسكۆ كۆنفرانسێكی هەرێمی بۆ لێكۆڵینەوە لە شوناسی گەنجان و بەهاكانیان لە ئیماراتی عەرەبی ساز كرد، كۆنفرانسەكە بە چەند دەرەنجامێكی گرنگ گەیشت. سەرباری جیاوازیی بارودۆخی باو لە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەكاندا، خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم دەوڵەتانە سێ خاڵی لاوازی سەرەكییە، كە ئەمانەن:
١.      شكستی سیستمەكانی پەروەردە لە بەهێزكردنی خواستی پەرەسەندنی خودی.
٢.      ئابووریی ئەم وڵاتانە ئیمكانیەتی تەواو بۆ وزەی گەنجان و بەهرەكانیان دابین ناكات.
٣.      سیستەمی حوكمی سیاسیی ئەم وڵاتانە وەك پاشگر و كۆیلە مامەڵە گەنجان و پێگەیشتوان دەكات، نەك وەك هاووڵاتی، كە مافی سیاسی و نیشتمانی و مرۆیی هەیە و مافی لێپرسینەوە و لێپچینەوەیان هەیە لەو كەسانەی لە ناو دەسەڵاتدان و خاوەنی بڕیارن.
بەشداربووانی ئەم كۆنفرانسە گەیشتن بەو دەرەنجامەی كە زۆرینەی گەنجان لە جیهانی عەرەبیدا هەست بە كۆتوبەندی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و ئابووری دەكەن، كە ئازادی و جووڵانیان لە ژیاندا سنووردار دەكات و دەرفەتی ئەوەیان بۆ ناڕەخسێنێت لە پرسەكانی سیاسەت و ڕەگەز و ئایین و بیر بە شێوەیەكی تەواو و تایبەت گوزراشت لە كەسێتی و بیركردنەوە و بەهاكانیان بكەن. لە ڕووی بەهاوە زۆرینەی گەنجان بەسەر دوو دەستەدا دابەش بوون: دەستەیەكیان سەرسامن بە بەها نوێ و هاوچەرخ و پێشكەوتنخوازەكان، دەستەیەكی دیكە سەرسامن بە بەها نەریتییەكان، بەتایبەتییش بەها ئیسلامییەكان؛ ئەگەرچی واقیعەكە زۆر ئاڵۆزترە لەم دابەشكردنە هەڕەمەكی و سەپێنراوە.
لە ڕاستیدا كۆمەڵگه‌ عەرەبییەكان ڕووبەڕووی گرفتێكی ڕاستەقینەی سەرەكی و گەورە دەبنەوە. سەرەڕای هەژاری و ستەمكاری و داپڵۆسین، بێكاری و بێكاریی شاراوە هەیە، كە لە تێكڕایدا دەگاتە ئەو ئاستەی كە لە ئاستی جیهاندا تۆمار كراوە، كە ئاستی تیكڕای بێكاری گەیشتە 14,5%، بەراورد بە تێكڕای جیهانی كە لە خراپترین حاڵەتدا ناگاتە 5,7%.
ڕاپۆرتەكانی گرفتەكانی پەرەپێدانی مرۆیی لە دەوڵەتە عەرەبییەكاندا، كە ڕێكخراوی كاری عەرەبی دەریان دەكات، جەخت لەسەر ئەوە دەكەن تێكڕای بێكاری لە جیهانی عەرەبیدا تێكڕای باڵایە لەسەر ئاستی جیهان.
مەسەلەكە لێرەدا ناوەستێ، بەڵكو سەردەكێشێت بۆ سەرەولێژبوونەوەی پەروەردە و فێركردن و گەندەڵیی كارگێڕی و خزمخزمێنە و نەبوونی شەفافیەت لە سەرجەم كۆمەڵگه‌ عەرەبییەكاندا.
بەفیرۆدانی وزە و توانای گەنجان لەمیانەی دوورخستەوەیانەوە لە بەشداریكردن لە پرسە چارەنووسسازەكاندا بەڵگەیە لەسەر شكستی دەسەڵاتی و حیزب و ئایدیۆلۆجیا كلاسیكییەكان لە دەستبەركردنی ئاواتەكانیاندا. بەتایبەتییش پاش هەڵوەشانەوەی ئایدیۆلۆجیا گەورەكان، كە چیتر وێنەیەكی ڕوون و شەفافیان نەماوە و پاش ئەوەی گەنجان گوتاری حزبییەكان و ئایدیۆلۆجیستەكان و دەڵاڵە تەقلیدییەكانی سیاسەتیان تێپەڕاند، ئیتر نە حیزبە چەپەكان و نە حیزبە ڕاستەكان ناتوانن بگەن بە گەنجان، كە داوای ئازادی و دادپەروەری و بژێوی دەكەن.
شۆڕشی گەنجان بانگەشە بۆ هیوا و گەشبینی دەكات. ئاشكراشە ئێستا گەنجان هۆشیارتر و ڕێكخراوترن، هۆشیارییان بە واقیعەكەیان پەیدا كردووە و داهاتوویان هەڵدەسەنگێنن و ئارەزوویان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان و ژیانێكی ئازادانە و ڕێزدارانە هەیە. بێگومان ئەمەش هەڵگری گۆڕانە و گۆڕانكارییش بەڕێوەیە. ئەو چەقبەستنە سیاسییەی كە دەبوو حیزبە كلاسیكییەكان بیانجووڵاندایە، چیتر لە توانادا نییە، ئێستا بزووتنەوەیەكی گەنجانەی نوێ هەیە، كە شوێنی خۆی لە مێژوودا دەگرێت، پاش ئەوەی كە دیواری بێدەنگی و ترس و تێكشكانیان ڕووخاند و بە دڵێكی خوێناوی و دەنگێكی هەورەبروسكەئاساوە، بانگەشەی گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سیستمەكاندا دەكەن و بە ڕووی ستەمكاریدا هاوار دەكەن: ''بڕۆ!''

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان