زەردەشت نورەدین
سینما لە ئێستای جیهاندا، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا، لە نیگای
یەکەمدا کورت کراوەتەوە بۆ پیشەسازی و سەرگەرمکردنی خەڵک. دیارە ڕەهەندە
پیشەسازییەکەی کە لە ناو کۆپەیوەندیی سەرمایەداریدا کار دەکات، لە ڕەهەندەکانی تری
بۆ بەرهەمهێنەرانی فیلم گرنگترە. لەبەر ئەوەی سینەما یەکێکە لە باشترین
پیشەسازییەکان بۆ قازانجکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایە، لەم سۆنگەیەوە پارامیتەرەکانی
بەرهەمهێنانی فیلم چیدی پەیوەندیی بە لایەنە هونەرییەکەی هونەرەوە نییە و بەو ئاڕاستەیەدا
کار ناکات، بەڵکو بە ئاڕاستەی تەکنیک، پیشەسازی و قازانجکردندا کار دەکات. ئەمەش
کوشەندەترین ڕەهەندی سینەمایە، ڕەهەندی لە هونەر داماڵینی سینەما و دروستکردنەوەی
سەرلەنوێ سینەما بەگوێرەی ویستی سەرمایە، نەوەک ویستی هونەر.
لە نیگای دووەمدا،
سینەما باڵاترین فۆڕمی ساختەکردنی ڕەزامەندیی گشتی و بەرهەمهێنەرەوەی ئایدۆلۆژیای
باڵادەستە. ''ڕەزامەندیی گشتی'' ئایدۆلۆژیترین پڕۆسەی دەستەمۆکردن و ملکەچکردنی
خەڵکە. هیچ سەیر نییە لەگەڵ بەربڵاوبوونی سینەما، ئاستی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی ڕادیکاڵی
خەڵک، ڕوو لە داکشان دەکات. لە ڕوانگەی بادیۆوە سینەما شێوازێکە لە بیرکردنەوە و
هزر، کە بەرهەمەکانی واقیعین، هاوکات جۆرێکە لە پەروەردە و فێرکاری و جۆرێکە لە
هونەری ژیان. لەم سۆنگەیەوە و لە ڕێگەی سینەماوە، خەڵک پەروەردە دەکرێت و جۆری
بیرکردنەوە و جۆری ژیانی دەستنیشان دەکرێت. هەموو ئەمانەش لە جیهانی ئێستادا لە
کۆپەیوەندیی سەرمایەداریدا دەکرێت و جۆری ژیان و جۆری بیرکردنەوە، هاوئاڕاستەی
سەرمایەداری بەرهەم دەهێنرێتەوە؛ ئەمەش دواجار بە مانای بەرهەمهێنانەوەی
ئایدۆلۆژیای باڵادەست دێت.
لە نیگای سێیەمدا، سینەما مەکینەی گێڕانەوەی گەردوونییە:
گێڕانەوەی گەردوونیی ڕابردوو و گێڕانەوەی گەردوونیی داهاتوو. فیلمە مێژووییەکان،
گێڕانەوەی مێژوون بە مەبەستی دروستکردنەوەی ڕابردوو بە شێوەیەکی واقیعی لە ڕوانگەی
بۆرژوازییەوە، فیلمە خەیاڵی زانستییەکان گێڕانەوەی داهاتووی ژانریک و هەمەکیی
مرۆڤن، کە تێیدا هەموو ئاسۆکانی ڕزگاریی مرۆڤی، ناراستەوخۆ تێیدا دادەخرێن. کەواتە
سینەما لە ڕێگەی گێڕانەوەی گەردوونییەوە، واقیعی ئێستا و ڕابردوو و داهاتوومان بۆ
دروست دەکەن.
ئایا هەموو ئەمانە بە مانای ئەوە دێن تەواوی فیلمەکان ناتەندروست و
بەدئاڕاستەن؟ یان بە مانای ئەوە دێت سینەما بەدزات و خراپەکارە؟ یان بە مانای ئەوە
دێت دەبێت دەستبەرداری سینەما بین؟ وڵامەکە نەخێرە. لینین لە بەرەبەیانی سینەمادا
لەبارەی گرنگیی سینەماوە وتی: ''سینەما گرنگترینی هونەرەکانە.'' هەرچەندە کۆنتێکست
و سیاقی لینین لەگەڵ ئێمەدا جیاوازە، بەڵام گومان لە گرنگیی سینەما نییە، بەتایبەتی
بۆ ئێمە. هەڵبەتە گرنگیی سینەما لەو کڵێشە پاتۆلۆژیکەدا نییە کە دەڵێت: ''لە ڕێگەی
سینەماوە کورد بە جیهان بناسێنین.'' لێرەدا لەسەر ناتەندروستیی ئەو کڵێشەیە ڕاناوەستین.
یەڵماز
گونەی، پێشەنگی سینەمای کوردی، بە وردی لە پەیوەندیی سینەما و هەلومەرجی گەلی کورد
تێگەیشتبوو و سینەمای لە کۆنتێکست و سیاقی کوردستاندا خوێندبووەوە و بە شێوەیەکی
دیالەکتیکی تایپی سینەمای کۆنکرێتیی سەرپێخست. بۆ گونەی، فیلم کەرەستە یان
کەناڵێکی خەبات و بەرەنگاری بوو، نەوەک هونەری تەرفیهی یان پیشەسازیی ڕووت. گونەی
پێی وابوو ئەگەر هونەر هیی خەڵک نەبێت، ئەوا هیچ بەهایەکی نییە. دیارە هونەری خەڵک
بە مانای هونەری پۆپیولار و گشتپەسەند نییە، بەڵکو مەبەست لێی هونەرێکە کە
ئازارەکان وەک ژانی لەدایکبوونی ئەگەر و ئیمکانی تازەی دەرچوون لە ستراکتورەکانی
بەرهەمهێنەرەوەی هەمان ئازاران، بخاتە ڕوو.
ئەوەی لێرەدا لێی دەدوێم گرنگیی
بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی نییە، بەڵکو گرنگیی سەیرکردنی فیلمە لە سینەما. بێگومان
هەموو فلمێک شایەنی بینین نییە و هەموو ڕۆیشتن بۆ سینەمایەکیش گرنگ نییە. لەم
سۆنگەیەوە دەشێت سینەما لە شاشەیەکی تەرفیهیی پیشەسازییەوە بگۆڕین بۆ کۆمۆنیتی و
جڤاتی بەرەنگارانە، بگۆرێن بۆ ساتەوەختی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ و ڕامانی بەکۆمەڵ لە
کێشە و گرفتە هزری، کەلتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتییەکان و تا دوایی.لێرەدا ڕووبەڕووی
ناکۆکی دەبینەوە، ناکۆکیی نێوان گرفتەکانی سینەمای هاوچەرخ لەگەڵ ڕەهەندی بەرەنگارانەی سینەما، کە لە سەرەتادا
ئاماژەم پێ دا. ئەگەرچی پیشەسازی و قازانج ڕەهەندی زاڵی بەرهەمهێنانی فیلمە، لەم
پنتەوە ڕۆیشتن بۆ سینەما دەبێتە مەسرەفکردنی ڕووتی فیلم، بەڵام لە کۆنتێکست و
سیاقی ئێمەدا بەو جۆرە نییە. لەبەر ئەوەی کەلتوور، هزر، فۆلکلۆر و ترادسیۆنی ئێمە
تەواو چەقبەستووە و پێشمۆدێرنە و هێشتا ستراکتوری هزر و هزراندن لە بیرکردنەوە و
کەلتووری ئێمەدا نەچێندراوە. لە بەرانبەر ئەم دواکەوتوویی و چەقبەستووییەدا،
دەزگاکانی ئایین، خێڵ و نێرسالاری بە قووڵی کار دەکەن و هەموو نووزە و
بەرەنگارەییەکی ڕزگاریخوازنە سەرکوت دەکەن. لەم ڕووەوە سینەما بۆ ئێمە دەتوانێت
کەناڵ یان کەرەستەی بەرەنگاری و وردەگۆڕان بێت. بە پێچەوانەی دیدی میتافیزیکییەوە،
لە وردەگۆڕانەوە گۆڕانی گەورە دروست دەبێت، نەوەک لە هیچەوە گۆڕانکاریی گەورە وەک
موعجیزە ڕوو بدات.
ئەگەر نوسینەکە بە ئەزمونێکی بەرەنگاریی هەنووکەییەوە ببەستمەوە، ئەوا
دەبێت ئاماژە بە پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینی فیلمی کۆمەڵەی ٦٨ بدەم. ئەم پڕۆژەیە
هەوڵێکە بۆ سەنگەرلێدانی بەرەنگاری لە سینەمادا و هاوکات کردنی فیلمە بە کەناڵێکی بیرکردنەوە
و دیبەیتی دەستەجەمعی، کە ئەمەش وەبیرهێنەرەوەی یەکێک لە چالاکییەکانی ''شۆڕشی
کەلتووری''ی سەردەمی ماو تسی تۆنگە. تەنینەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە چالاکییانە
و هاوکات دروستکردنی کۆمەڵە جیا جیاکانی بەرەنگاری لە هەموو ئاستەکاندا، سەرەتایەکی
نوێی دەرکەوتنی ڕۆشنبیری و کەلتووریی چەپی نوێیە، کە ڕۆشنبیری و کەلتووری پێشووتر
نەفی دەکات.