Skip to main content

Posts

Showing posts from April, 2018

وتاری پێنجەم و کۆتایی ژمارە ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت

لیبیدۆی خوێندکار ن: حەمەی مەلا لەم وتارەدا باس لەو وزە دەروونییە دەکرێت کە کچە خوێندکارانی زانکۆ هەیانە، بەڵام بە مکیاج و جوانکاری و حەفلە و ئالوودەبوون بە سناپچات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە بەهەدەر چووە و بووەتە هۆی ئەو پاسیڤییەی تێیکەوتوون، ئەمەش بەو مانایە نا کە نابێت کچان چێژ لەو شتانە ببینن، بەڵکو بەو مانایەی کە دەبێت وزە دەروونییەکە لە بنەڕەتدا بۆ بۆ کۆمەڵیک شتی تری وەک خوێندنەوە و بیرکردنەوە و دروستکردنی خەیاڵ و دنیابینیی جیاواز لەوەی نەریتی کۆمەڵگە دەیەوێت بە کار بهێنرێت و لە پەراوێزدا ئەوانی تریش هەبن...

وتاری چوارەمی ژمارە ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت

هەر ئەوەندەی زانیمان کۆیلە کراوین... ن: ئاڤان کەمال کۆمەڵێک هەنگاوی سەرەتایی و سادە و ئاسان هەن کە کچان بۆ ئەو ژیانەی تێیدان، دەتوانن بینێن و هەنگاوێک بچنە پێشەوە و دۆزەکەیان ببەنە ئاستێکی تر؛ ئەم وتارە باس لەو هەنگاوە سەرەتایی و سادە ئاسانانە دەکات و شیکاری بۆ بارودۆخی ژیانی ئێستای کچانی زانکۆکانی باشووری کوردستان دەکات و کلیلی چارەسەر و کردنەوەی قوفڵ و زنجیرەکانی نەریت و ئایین لە دەستی خۆیاندا دەبینێت...

وتاری سێیەمی ژمارە ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت

بوون بە شاجوان: لەدایکبوونێکی پیاوانە ن: زەردەشت نورەدین ئایا پرۆسەی هەڵبژاردنی شاجوان و ئەو دنیایەی لەمڕۆدا لە ڕێی سەنتەرەکانی جوانکاری و بازاڕەکانی مۆدەوە بۆ کچان هەڵدەبژێررێت، تا چەند هەڵبژاردەی خودی کچان خۆیانە؟ ئایا کچان خۆیانن؟ ئایا کاتێک بەشێک لە جەستەیان دەستکاری دەکەن و بە شێوازێک خۆیان دەگۆڕن و نان دەخۆن و هەڵدەستن دادەنیشن، خۆیانن یان ئەو ئایکۆن و فیگەرە جیهانییانەی ڕۆژانە لە میدیاکانەوە دەردەکەون؟ کچان خۆیانن یان گۆرانیبێژەکانن؟ خۆیانن یان ئەکتەرەکانن؟ خۆیانن یان پیاوەکانن؟ ئەم وتارە وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆری تریش دەداتەوە...

وتاری دووەمی ژمارە ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت

کچانی زانکۆ: بووکەڵەکانی سەرمایەداری ن: شێنێ یاسین لەم وتارەدا باس لەو دنیای مۆدە و جوانکارییە دەکرێت کە کچانی زانکۆکانی باشووری کوردستان تێیکەوتوون و وای کردووە ببنە بووکەڵەیەک کە تەنهاوتەنها ئەرک و ڕۆڵیان تاقیکردنەوەی دوایین مۆدێلەکانی بازاڕ بێت و ئەوەی تەحەکومیان دەکات و پەتی لێبووکییان دەجووڵێنێت، ئەوانەن کە بازاڕ بەڕێوە دەبەن؛ هەموو ئەمانەش لەبری ئەوەی کچان هەست بە بەرپرسیارێتیی سەرشانیان بکەن و ئەو کارانە بکەن کە هیی ئەرک و ڕۆڵیانە و بازاڕ لێی سەندوونەتەوە... لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارە ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

وتاری یەکەمی ژمارە ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت

چاودێر و پۆلیسەکانی ئەخلاق و یاسا نەریتییەکانیان ن: سۆزان کەمال ئەو جیاکارییە ڕەگەزییەی لە نێوان بەشەناوخۆیی کچان و کوڕاندا دەکرێت و ئەو هەموو تەلبەند و کەلەپچە و ڕێگرییانەی لە خوێندکارانی کچی زانکۆکانی باشووری کوردستان هەیە و وای کردووە ئەو دەزگا مەعریفییە باڵایەش کە دەبوو شوێنگەی ئازادییەکان بێت، بۆیان ببێتە زیندانێکی تر لەو ڕیزە زیندانەی هەمیشە بۆیان ئامادەیە، بابەتی ئەم وتارەیە و تێیدا نووسەر ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەم زیندانەدا دەگێڕێتەوە و شیکاریی بۆ دەکات...

ژمارە ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی ژمارە ١ و ٢ی بڵاوکراوەی ڕەت لە پاییزی ٢٠١٧ و زستانی ٢٠١٨ لە زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگەکانی باشووری کوردستان، لە ئێستادا ژمارە ٣ی بڵاوکراوەکە ئامادەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە هەمان شێوەی ژمارە ١ و ٢، لای زۆرینەی خوێندکاران و گەنجانی باشووری کوردستان دەبێت. ئەم ژمارەیەی بڵاوکراوەی ڕەت تایبەتە بە بارودۆخی ژیانی کچانی زانکۆ و ئەو کۆژان و ئازارە پەنهان و شاراوانەی هەیانە، کە بووەتە هۆی پلەدووییان و پەراوێزکەوتن و پاسیڤبوونیان لەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن، هەروەها ئەو دنیای مۆدە و جوانکارییانەی وەک ئەفیون  بە ناو خوێنیاندا بڵاو بووەتەوە و کردوونی بە بووکەڵەی بازاڕ و چەند هێندەی تر پاشەکشەی پێ کردوون. وتارەکانیش بریتین لەمانە: ·         چاودێر و پۆلیسەکانی ئەخلاق و یاسا نەریتییەکانیان ن: سۆزان کەمال ·         کچانی زانکۆ: بووکەڵەکانی سەرمایەداری ن: شێنێ یاسین ·         بوون بە شاجوان: لەدایکبوونێکی پیاوانە ن: زەردەشت نورەدین ·         هەر ئەوەندەی زانیمان کۆیلە کراوین... ن: ئاڤان کەمال ·         لیبیدۆی خوێندکار ن: حەمەی مەلا   بڵاوکراوەی ڕەت بێبە

ژمارە ٢ی بڵاوکراوەی ڕەت بە پی دی ئێف

لە زستانی ٢٠١٨دا ژمارە ٢ی بڵاوکراوەی ڕەت بە کۆمەڵێک وتارەوە لە لایەن کۆمەڵەی ٦٨ەوە بە تیراژی ١٠٠٠ دانە چاپ کرا و لە زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگەکانی باشووری کوردستان بێ بەرانبەر دابەش کرا. لەبەر سنوورداریی توانای دارایی کۆمەڵەی ٦٨ و کەمیی ژمارەی تیراژی بڵاوکراوەکە، لە کاتی دابەشکردنیدا هەر دانەیەک دەدرا بە کۆمەڵێک خوێندکار تا زۆرترین کەس سوود لە یەک نوسخە ببینێت و پێکەوە بیخوێننەوە. بەم هۆکارە بەشێک لە خوێندکاران و گەنجان و توێژەکانی تریش، لە بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگە و ناوچە جیاوازەکان بڵاوکراوەکە بە دەستیان نەگەیشت، هەر بۆیە لێرەوە و لە بلۆگی ڕەتەوە، تەواوی بڵاوکراوەکە بە فایلی PDF دادەنێین. لە ڕێی ئەم لینکەوە ژمارە ٢ی بڵاوکراوەی ڕەت بخوێننەوە: https://en.calameo.com/read/0052572511da7c769e399

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: فیلمی چلویەکەم

فیلمی چلویەكەم لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم بنیامین ئێسپۆزیتۆ كارمەندێكی دادگایە، خانەنشین دەبێت و بڕیار دەدات چیرۆكی نادادییەكانی فەرمانگەكەی بنووسێتەوە. یەكێك لەو چیرۆكانەی بینویەتی، دەستدرێژیكردنە سەر كچێك و كوشتنیەتی؛ ئێسپۆزیتۆ لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆكەكەدا دەچێتە وردەكارییەكانی كەیسەكەوە و بۆی دەردەكەوێت كە دادگا و یاساكان و دادوەرەكانی چەند گەندەڵن و چۆن لەپێناو مانەوەی خۆیاندا،   ئامادەن تاوانبارەكە ئازاد بكەن و سەدان نادادیی تر بخوڵقێنن ... فیلمی نهێنیی ناو چاوەكانیان لە دەرهێنانی خوان خۆسێ كامپانێڵا ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی بینەرانی گفتوگۆیان دەربارەی کرد

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: فیلمی چلەم

فیلمی چلەم لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم فلینت شارێكە بە هەبوونی دەستی كار و كرێكاری پیشەسازیی ئوتۆمبیل بەناوبانگە و سەرمایەدارێكی زۆر لەوێ هەن و سەرمایەكانیان زیاتر و زیاتر دەكەن، بەڵام ڕۆژێك كۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرز كارگەكانی دادەخات و بە هۆیەوە ٣٠٠٠٠ كەس بێكار دەبن و ئابووریی فلینت دادەڕووخێت؛ مایكڵ مۆر هەوڵ دەدات بگاتە ڕۆجەر و بە جۆرێك لە جۆرەكان بیباتە فلینت و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات، بەڵام ئەو ڕازی نابێت و لێرەوە مۆر ئەو دنیایەمان پیشان دەدات كە تێیدا بە ئارەزووی سەرمایەدارەكان، دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر و هەژارەكان هەژارتر دەبن ... فیلمی دیكیۆمێنتاریی ڕۆجەر و من لە دەرهێنانی مایكڵ مۆر ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی بینەرانی گفتوگۆیان دەربارەی کرد

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: فیلمی سیونۆیەم

فیلمی سیونۆیەم لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم دیسمۆند تی دۆس برینپێچێكی ئەمەریكییە و دژ بە جەنگە، لە كاتێكدا جەنگی نێوان ئەمەریكا و ڤێتنام هەڵگیرساوە، ئەو دەیەوێت بچێتە بەرەكانی جەنگ، بەڵام بۆ شەڕكردن نا، بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان، كە ئەمەش ڕووبەڕووی چەندین تەنگەژەی بۆ ئەوەی چەك هەڵبگرێت یان نا، دەكاتەوە ... فیلمی هاكسۆ ڕیج لە دەرهێنانی میل گیبسن ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی بینەرانی گفتوگۆیان دەربارەی کرد