لە
ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
چوار خولەک فیلمێکە دەربارەی تاوانباری و بێتاوانی، دەربارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا
دەرەنجامی ئاکتێکی خراپ ئەگەری نەمانی هەیە؟ هەروەها دەربارەی هێزی موزیکیش؛ کاتێک
لە دیمەنەکانی سەرەتادا پیانۆیەک پیشان دەدرێت کە دەهێنرێتە ناو ئەو زیندانەی
ڕووداوەکانی تێدا ڕوو دەدەن، تێدەگەین ڕزگاری هێندە دوور نییە.
تراودێ ڕۆجەر و جێنی
دوو کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکەن: جێنێ ژنێکی گەنجی توندوتیژ و خەمۆکە، بەڵام بەقەد
مامۆستای پیانۆژەنینەکەی، تراودێ ڕۆجەر، فشاری لەسەر نییە. لە دەرەوەی زیندانەکەی
ئەمان، پێشبڕکێیەک بۆ موزیسیانانی خوار تەمەن بیستویەک ساڵ ڕێک خراوە، کە دەبێتە
چانسێک بۆ ئازادبوونیان.
تراودێ ڕۆجەر ژنێکی تەمەن هەشتا ساڵە، مامۆستای پیانۆژەنینە،
وەک پەرستاریک لە زیندانی ژناندا کار دەکات. وانەی پیانۆژەنین بە هەر کەسێک
دەڵێتەوە کە خوازیاری فێربوون بێت، بەڵام زۆربەی زیندانییەکان زیاتر تامەزرۆی یاریی
تاوڵەن، وەک لە پیانۆژەنین. تا ئەو کاتەی جێنی دێت، کە سەرەڕای سروشتە
توندوتیژەکەی، دەیسەلمێنێت ژەنیارێکی بەهرەمەندە و خاتوو ڕۆجەر بۆ پێشبڕکێیەکی
موزیکی مەشقی پێ دەکات.
جێنی، کارەکتەرێکی تر، زیندانییەکی کەللەڕەقە. ئەو
بەیانییەی پیانۆکەی خاتوو تراودێ دەگات، جێنی خەبەری دەبێتەوە و دەبینێت هاوژوورەکەی
بە پەنجەرەکەدا هەڵواسراوە، خۆی بۆ درێژ دەکات و لە گیرفانیدا جگەرەکان بۆ کێشان
دەردەهێنێت؛ بەو ڕادەیە دڵڕەقە. ئەو بێزارکەرە، بەڵام بەهرەیەکی نایابی هەیە. لە دوای
زنجیرەیەک ڕووداوی توندوتیژانە، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی زیندانەکە بەگژدا دەچێتەوە و
داوا دەکات بەشداریی پێشبڕکێی موزیسیانە گەنجەکان بکات، بەڵام ڕەت دەکرێتەوە. ئەمە
بۆ ئەو و مامۆستاکەیە دەبێتە سەرەتایەک بۆ بەرەنگارییەکی مەترسیدار، بەوەی جێنی هەر
دەچێتە پێشبڕکێکە و بە چوار خولەک هەموو ئامادەبوان سەرسام دەکات.
فیلمەکە ساردوسڕ دەردەکەوێت،
بەڵام بە شێوەیەکی ڕوون ئیهانەکردنی ڕیالیزمە، هیچ هەست و سۆزێکی تێدا نییە جگە لە
فلاشباکەکان، کە چیرۆکێکی جیاواز لەوانی ترمان پیشان دەدەن. لە توانایدایە بۆ
بینەرێکی زۆر و جیاواز بدوێت: ئەو زیندانانەی قارەمانەکانی ئێمەی گرتووەتە خۆی،
هەم بەرجەستەن و هەم نابەرجەستە، هەم ڕاستین و هەم خەیاڵین.
*
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانیەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا