لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
فیلمی تیمبەکتو فیلمێکی سیاسییە، وێنەی باڵای ئاکتی بەرەنگارییە، دان
بە گرنگیی سیکۆلاریزمدا دەنێت، نەک وەک ئایدۆلۆژیایەک، بەڵکو وەک پێویستییەکی
حەتمیی ژیان. گرنگی و سەیریی فیلمەکە ئەوەیە کە ڕوانینەکان لە وێنای توندوتیژییەوە
دەباتە سەر وێنای جوانی.
فیلمەکە گواستنەوەی وێنەی ژیانکردنە لەژێر
سایەی شەریعەتی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا؛ لە دیمەنێکی فیلمەکەدا ماتۆڕسوارێک بە شارەکەدا دەسووڕێتەوە
و هاوار دەکات کە ''جگەرەکێشان قەدەغەیە! گوێگرتن لە مۆسیقا قەدەغەیە! یاریی تۆپی
پێ قەدەغەیە!'' ئەی بڵاوکردنەوەی شتی بێمانا و هیچوپووچی وەک لەدەستکردنی دەستکێش
بۆ ماسیفرۆشێک، قەدەغە نییە؟ ئەم دژیەکییەیە کە لە چەقی دڵی کارەکتەرە
موجاهیدەکانی ناو فیلمەکە دەدات. چەند موجاهیدێک دەدەن بەسەر ماڵێکدا کە تێیدا
مۆسیقا لێ دەدرێت و گۆرانی دەوترێت، یەکێک لە موزیکژەن و گۆرانیبێژەکان، کە ژنێکە،
لەبەر ئەوەی ئەو شتەی کردوویەتی تاوانە، لە شوێنی گشتیدا جەڵدی لێ دەدرێت. هەروەها
کاتێک پێدانی کچیک بە موجاهیدێک ڕەت دەکرێتەوە، بەڵێن دەدات کە بووکەکەی بە زەبری
هێز ببات، کاتێکیش دەکات، فەرماندەکان بە مەلا میانڕەوەکەی تیمبەکتو، کە کارەکەیان
بە لادان لە شەریعەتی ئیسلام دەزانێت، دەڵێن ئەوەی ئەوان کردوویانە، فڕاندنەکە،
ڕێگا راست و درووستەکەی شەریعەتی ئیسلامە؛ خاوەن دەسەڵات هەمیشە لەسەر هەقە، هەر
ئەم لەسەر هەقبوونەیە وا دەکات چاو لە تەواوی خراپی و ناشیرینییەکانیان بپۆشرێت.سیساکۆی
دەرهێنەر خۆی موسڵمانە، بەڵام بە بینینی ئەو توندڕەوییانە، کە پێش بەرهەمهێنانی
فیلمەکەی بە ڕاستی ڕوویان داوە، دەڵێت: تەنانەت باوەڕی خۆیشم ناناسمە''. سیساکۆ
لەم فیلمەدا دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە
موجاهیدەکان وەک ئێمە مرۆڤن، ئاژەڵ نین، ئەو دەڵێت: ''ڕاستە کە وتنی ئەمە
قورسە، بەڵام ئەمە ڕاستییەکەیە.''
موجاهیدەکان هەندێک جار توندوتیژن، هەندێک جار
لاوازن و هەندێک جار نەرمونیانن و بەردەوام سەرلێشێواون. بەگشتی، ئەم جەنگاوەرانەی
بە ناوی نوێنەرایەتیی خوداوە هاتوون، جگە لە شەللاتی و سەرسەری، هیچی تر نیین. کۆمەڵێک شەقاوە و مشەخۆری ڕووتن، خۆیان کردووەتە نوێنەری خودا و شەریعەتەکەیان
بڵاو دەکەنەوە، دەدەن بەسەر کەلتووری دانیشتوانێکی کۆن و ڕەسەن و جوان و
دەیشێوێنن. بە ڕادەیەک گەمژەن، کە هیچ یەکێک لە زمانەکانی ئەو شوێنە نازانن، کە داگیریان کردووە و
بە حیساب تێیدا ''دادگەری'' بڵاو دەکەنەوە.
سیساکۆ دەڵێت: ''ئەمە یەکەم فیلممە کە
دەمخاتە گریان؛ چەند جارێک بەدەم بینینیەوە گریاوم.''
*
فیلمی تیمبەکتو
لە دەرهێنانی عەبدولڕەحمان سیسۆکۆ
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانیەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا