(٥) کۆتایی سۆزان خالید درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، مێیینەبوون ئازارێکی سەخت بووە، بەوەی هەمیشە وەک بوونەوەرێکی جیاواز لە مرۆڤ سەیر کراوە. ئەم تێڕوانینە جیاوازە بەرامبەر بەم ڕەگەزە، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری ئایینی، کەلتووری، سیاسی و پیاوسالاری. ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە، لای ئێمە، لە ئێستادا، لە سەدەی ٢١دا، لە دەزگایەکی هەرە باڵای مەعریفیدا – زانکۆ - کە بێگومان بۆخۆی کۆمەڵگەیەکی بچووکە و دەبێت ئاڕاستەکەری کۆمەڵگە گەورەکەی دەرەوە بێت. بەشەناوخۆیی کچان و کوڕان بەشێکن لەم کۆمەڵگە بچووکە و ئەگەر سادە سەیری بکەین، شوێنێکی ئاسایی ژیانکردنە، بەڵام ئەوەی لە پشتەوە هەیە و جێی قسەلەسەکردنە، ئەو جییاوازییە گەورەیەیە کە لە نێوان ئەم ٢ بەشەناوخۆییەدا هەیە. سنووردارکردنی ئازادییەکانی کچ لە سەرجەم ڕەفتار و هەڵسوکەوت و جووڵەکانیدا یەکێکە لەو هەزاران جیاوازییانە، کە لە کاتێکدا هیچ لەم کۆتوبەندانە لە بەشەناوخۆیی کوڕاندا نییە. بێگومان ناڵێین با ئەم کەلەپچانە بۆ ئەوانیش هەبێت - کە بەرامبەر هەر مرۆڤێک بکرێت توندوتیژییە - بەڵکو باس لەو جییاوازیە جێندەرییە دەکەین کە تەنها بە هۆی کچبوونەوە بەرامبە...