Skip to main content

یادەوەرییە خەمناکەکان: ئەوی ڕۆژەی ئیتر بووین بە دوژمنی زانکۆی سلێمانی


(٢)

کۆمەڵەی ٦٨

زۆرینەمان ساڵێکی زانکۆمان تێپەڕاندبوو، پار بە دنیایەک خەون و هیواوە هاتبووین و پێمان وابوو دەتوانین بەو مەعریفەیەی پێشتر کۆمان کردووەتەوە و هێشتا خەریکین زیاتر و زیاتری دەکەین، خشتێک بخەینە سەر خشتێک و شتێک بونیاد بنێین، کە ئیتر زانکۆکەمان و خوێندکارەکانیان مێژوو و ئەرشیفێکیان هەبێت، بۆی بگەڕێنەوە.
بەم دنیابینییەوە کۆمەڵەیەکمان دروست کرد و ئامانجی سەرەتا و کۆتاییمان هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران بوو، دیدگامان تەنها ئەوە بوو کە زانکۆکەمان و ئەوانەی تێیدان، لەو خەوە قووڵە بێدار بکەینەوە و هەوڵ بدەین پێکەوە چاو بکەینەوە، بخوێنینەوە، ببینین، ببیستین، بڵێین و ئیتر ئەو مەنگییە نەهێڵین کە بۆنی کاسی دەکردیت.
دەمانزانی ئاسان نییە و ڕێگر دەبێت، بەڵام بەو شێوەیەیش نا! ڕۆژانی سەرەتا بە ''هەزار ئەملاولا'' و پەیوەندی، توانیمان بگەینە ئیدارەی زانکۆکە و لەگەڵ جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران دابنیشین. دوای ئەوەی ''سەرە''مان هات، چووین و بە ساردییەکەوە پێشوازیی لێ کردین. بۆ ئەو هیچ گرنگ نەبوو کە ئێمە چیمان لە سەردایە، خەون بە چییەوە دەبینین، بۆ چی هەوڵ دەدەین و خەریکی چین، پێی وابوو وەک هەموو ئەو گرووپ و کۆمەڵانەی تر دەبین، کە یان زوو خامۆش دەبینەوە، یاخود تێکەڵ بە کۆمەڵە حیزبییەکەی خۆیان دەبین. ئێمە دەمانزانی و دڵنیا بووین ڕۆژگار دێت و دەڕوا و لە شوێنێکدا، کە ئیتر دەردەکەوێت کارمان بە دڵی ئەوان نییە، ڕێگرییەک دەکەن کە هەرگیز نەتوانین تەنانەت سەریش بە زانکۆکەدا بکەینەوە، بۆیە لە دڵپاکیی خۆمانەوە داوای ''سەنەد''ێکمان دەکرد کە ئەگەر شتێکی وا ڕووی دا، بڵێین هەماهەنگیمان لەگەڵ ئیدارەدا هەیە، تا پێکەوە هاوکار بین. دوای چارەکە سەعاتێک شەرحکردنی بیروباوەڕمان، وەک ئەوەی هیچمان نەگوتبێ، گوتی کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا باسی دەکات.
قەلەق هاتینە دەرێ و ئەو ڕۆژەمان بەڕێ کرد، پێمان وابوو دەبێت بچینەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی زیاتر بکەین و پێکەوە کار بکەین، بۆیە چەند جار پەیوەندیمان پێوە کرد و وەڵامی نەبوو کە چی بووە و نەبووە، تا بە نامەیەک، کە بە ڕێنووسێکی وێران و دنیایەک هەڵەوە ناردبووی، ڕای گەیاند کە ئەنجوومەن گوتوویەتی ''با ئێشی خۆیان بکەن، هەموو ڕاگرەکان ئاگادارن''. ئێمە لەم سیغەیە تێنەگەیشتین، بەڵام دڵمان پێی خۆش بوو.


ڕۆژی یەکەم کارمان لە ناو زانکۆدا نزیک بووەوە، کە سیمینارێک بوو لەسەر شیعر. مۆڵەتمان لە سکووڵی زمان وەرگرت و بەڵێی ئەوەیان بۆ کردین کە هۆڵمان دەدەنێ. خۆمان ئامادە کرد و چەندین پۆستەرمان هەڵواسین و خەڵک و هاوڕێیانمان ئاگادار کردن. هەموو هاتن و کاتی سیمینار بوو، کە ئیدارەی سکووڵەکە گوتیان: ''ئەو کەسەی کلیلی هۆڵەکەی پێیە، ڕۆیشتووەتەوە.'' شتەکەمان ئاسایی وەرگرت و پێمان وابوو ئاساییە و چارە دەبێت، بەڵام بۆ دووەم جار بەهەڵەدا چووین. ئەو کەسەی سیمینارەکەی پێشکەش دەکرد، مامۆستای هەمان سکووڵ بوو، لە ڕێی ئەوەوە ویستمان کێشەکە چارە بکەین، بەڵام دواتر تێگەیشتن ئیدارە کێشەی لەگەڵ مامۆستاکە هەیە. ئیتر وردە وردە شتەکان ڕوون دەبوونەوە، چونکە دوای چەند بەڵێنێکی بێمانا و پاکانە، کە پاش کەمێکی تر دەرگاکە دەکرێتەوە، دەرکەوت ''درۆ'' دەکەن. چووینە لای ژووری ڕاگر، وتیان کە ''لەوێ نییە''، کەچی لەودیوەوە بوو و دەرگاکەی داخستبوو! بە هەوڵی زۆر چووینە لای، خۆی تووڕە و گرژومۆن کرد و وتی کە ''ئەرز لە ئاسمان بدا، دەرگاکە ناکەمە''! ئیتر زانیمان ٢ جار زۆر ستراتیژی بە هەڵەدا چووین، بۆیە جاری سێیەمیشمان تاقی کردەوە: تەلەفۆنمان بۆ خودی جێگری سەرۆکی زانکۆ کرد و وتمان کە بە حیساب هەموو ڕاگرەکان ئاگادار کرابوونەوە، بەڵام خۆی لە گێلی دا و دوای هێنان و بردن لە نێوان ئیدارەی گشتیی زانکۆی سلێمانی و ئیدارەی سکووڵی زمان، بۆ یەکەم جار ناوی ''کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان''، وەک یەکەم و کۆتا بەرپرسی کاروبار و چالاکییەکانی خوێندکاران هاتە مەسەلەکەوە و هەردوو لا دەیانگوت کە دەبێت ''ڕوخسەت'' لەوان وەربگیررێت.

مەسەلەکە کۆتایی هاتبوو، هەم ئێمە پێمان زانی کە ٣ جار بە دڵپاکیی خۆمان کەوتووینەتە هەڵەوە (یەکەم: چوون بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، دووەم: ئاسایی وەرگرتنی دیارنەبوونی کلیل، سێیەم: پەیوەندیکردنەوە بە جێگری سەرۆکی زانکۆ)، هەم هەردوو لایش پێیان وابوو کە بەم فاکوفیکەیان پێش لەدایکبوونمان، ناشتوویانین. بەڵام بێگومان وا نەبوو؛ ئەو بیروباوەڕ و دیدگا و پرەنسیپانەی کە ئێمە لەپێناویدا تێکۆشابووین و بەرپرسیارێتیی دروستکردنی کۆمەڵەیەکمان خستبووە ئەستۆ، لەوە سەختتر بوو بتوانرێت بەم مەهزەلە و ''حەرەکە کۆنانە'' ببەزێنرێت. هەر بۆیە بە هاوەڵێتیی چەند مامۆستایەکی بوێری سکووڵەکە و خودی مامۆستای پێشکەشکاری سیمینار، ملمان بۆ هۆڵ نەدانی ئەوان نەدا و دوای ڕۆیشتنی چەند سەعاتێک بەسەر کاتەکەدا، لە یەکێک لە هۆڵەکانی وانەگوتنەوە، سیمینارەکەمان بە گڕوتین و چێژێکی ''شۆڕشگێڕان''ەوە کرد و بووە هەوێنی جارێکی تر بیرکردنەوە لە سیاسەتی کارکردنمان.


دەستپێکی ئێمە لەگەڵ ئیدارەی زانکۆی سلێمانی، بەم جۆرە بوو و ئەم یادەوەرییە خەمناکەی لامان جێ هێشتووە، بگرە ڕۆژان و ساڵانی دواییشمان لەمە ناشیرینتر مامەڵەیان لەگەڵ کردووین و وەک ئەوەی بۆ سەر ''ئەمنی قەومی'' خەتەرناک بین، هەمیشە ڕێگرمان بوون؛ لە کاتێکدا دیارە کە هەوڵ و ئامانجی ئێمە بۆ چییە. هەر بۆیە لەو ڕۆژە ساردەی زستانی ٢٠١٥ەوە، زانکۆی سلێمانی ئێمەی کردە دوژمنی خۆی و بێ ئەوەی ویستی ئێمە بێت، خۆیشیان کردە دوژمنی ئێمە؛ هەر ئەمەیشە وا دەکات پێمان وابێت ئیدارەی زانکۆی سلێمانی لە هەم ڕووی پێدانی دەرفەت و مەعریفە و هەم بەڕێوەبردن و کارگێڕییەوە، نەزۆکترینە و خەباتکردن بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەم عەقڵیەتەیان، ئەرکی هەر خوێندکارێکی بەرپرسیارە.



زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان