(٤)
هیوا ئومێد
ڕۆژەکانی
زانکۆ بە جۆرێک نین کە چاوەڕێی گۆڕانیان لێ بکرێت و ڕووداوەکانیش هەمیشە هەمان
ڕووداون؛ دووبارە و دووبارە دەبنەوە. هەرچەندە لەو ماوەیەی کە لە ناو زانکۆدا
بەسەری دەبەیت چەندین ڕووداوی سەیر و نامۆ ڕوو دەدەن، کە نائاسایی و هەندێک جاریش
ئازاربەخشن، بەڵام لە خاڵێکدا ئەم ڕووداوانە هێندە زۆر دەبن، کە تەواوی دۆخەکە
ئاسایی دەکاتەوە و وا لە تەواوی خوێندکارەکان دەکات هیچ کاردانەوەیان بۆ ئەو
ڕووداوانە نەبێت؛ نە بە باش، نە بە خراپ.
من خوێندکاری قۆناغی
دووم لە یەکێک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا چەندین شت
ڕوویان داوە کە شایەنی باسکردن بن و توانای ئەوەیان هەبێت تەواوی ئەو پێناسە وەهمییانەی
بۆ زانکۆی سلێمانی کراوە، پووچ بکاتەوە و زانکۆکە لەوپەڕی نزمیدا دەربخات، بەڵام
وەک پێشتر وتم، ڕوودانی ئەم شتانە سروشتی بوونەتەوە و بگرە هەندێک جار ڕوونەدانیان
دۆخێکی سەیر بۆ کەشی زانکۆ دروست دەکات؛ تەنانەت وای لێ هاتووە ناشیرینترین شتەکان،
بە ئاساییترین و سروشتیترین دەربکەون و کەمترین کاردانەوەیش لە دوای خۆیان بهێنن،
بە تایبەت ئەگەر ئەو ناشیرینییە ڕووبەڕووی خۆت بکرێتەوە، چونکە دۆخە سروشتییەکەی
تۆ کە خوێندکاریت، لە ناو زانکۆدا بە جۆرێکە کە بە نزم و کەم و نائینسان سەیر
بکرێیت، تۆیش بەمە ڕاهاتوویت و زۆرت بەلاوە ئاساییە کە بەو جۆرە مامەڵەت لەگەڵدا
بکرێت، بەڵام ئەگەر مامەڵە یان هەڵسوکەوتێکی ناشیرین ڕووبەڕووی کەسێکی تر کرایەوە،
ئەوا لەوانەیە هەستپێکردنی لە لایەن تۆوە ئاسانتر بێت، هەر بۆیە من لەم نووسینەدا
باسی مامەڵەیەکی ناشیرینی مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی بەرامبەر بە کەسانێکی تر،
نەک خۆم، دەکەم.
یەکێک لە ڕۆژە
باراناوییەکانی سەرەتای ئەمساڵ بوو، وەک هەمیشە خوێندکارەکان بە گرژومۆنییەوە
چاوەڕوانی مامۆستاکە بوون، تا بێت و وانە وشک و بێکەڵکەکەی باس بکات، ئەو وانەیەی
کە هەموان باش دەزانن کە هیچ سوودێکی نییە؛ نە بۆ ئێستای خوێندکارەکان، نە بۆ
داهاتوویان، بگرە لەوانەیشە زیانی هەبێت، بەڵام ئەوە باسێکی ترە و من ویستم باسی
ئەو دوو خوێندکارە بکەم، کە نیو سەعات دوای دەستپێکردنی وانەکە هاتنە ژوورێ.
لەگەڵ هاتنەژوورەوەیاندا،
هەموان هەستیان بەوە دەکرد کە چ ماندووبوونێکیان پێوە دیارە، چۆن هەناسەبڕکێیانە و
خەمی گەورەیان ئەوەیە کە مامۆستاکە لە هۆکاری دواکەوتنیان تێبگەیەنن، هەردوو
پێکەوە دەستیان کرد بە قسە و وتیان کە داخلییەکەیان گواستراوەتەوە بۆ کەمپەکەی تری
زانکۆ و ئەمان ناچارن بە پاس بێن و هۆکاری دواکەوتنیشیان هەر لەبەر دواکەوتنی
پاسەکەیە، کە لە دەست ئەماندا نییە. مامۆستاکە وەک هەموو ئەوانی تر، گوێی لە هەموو
قسەکانیان بوو. دوایی زۆر بە سادەیی پێی وتن کە هەردووکیان لە پۆلەکە بڕۆنە دەرەوە
و کاتی زیاتری نەگرن. دوو خوێندکارەکە بە سەرسووڕماوییەوە قسەی زیاتریان کرد و
دووبارە هۆکاری دواکەوتنی خۆیان وتەوە، کە چۆن هیچ خەتایەکی ئەمانی تێدا نەبووە،
بەڵام مامۆستاکە ڕەقتر و وشکتر وەڵامی دانەوە و ڕێگەی پێیان نەدا زیاتر بڵێین،
ئەوانیش ناچار بوون کە بچنە دەرێ، دواییش وەک بڵێی هیچ شتێک نەبووبێت، وانەکە
دەستی پێ کردەوە و هەتا ئەمڕۆیش کەس باسی ئەو ڕووداوەی نەکردووەتەوە.
بێگومان ئەم
شتە بە ڕووکەش لای هەموومان بە شتێکی ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام هەر ئەوەندەی کەمێک
بیرت لێ کردەوە، یەکسەر دەزانیت کە ئەم مامەڵەکردنە ئەوپەڕی بێڕێزیکردنە بە
خوێندکاری زانکۆ. مامۆستاکان چییان بوێت، دەیڵێن و کەسیش ناتوانێت گومان لە ڕای
ئەوان بکات؛ ئەوەتا خوێندکارەکانی بەشەناوخۆیی بەم شێوەیە و بە چەندین شێوەی تر
دەشکێنرێن و هەمیشە ئەوەیان بیر دەخرێتەوە کە ئەوان ''خەڵکی دەرەوەی شار''ن، کە
ئەوان ''جیاوازن و ناتوانن وەک ناوشارییەکان بن''، کە ئەوان ''پارەی تەکسییان پێ
نییە و نایشتوانن بەشەناوخۆیی تایبەت لە نزیک زانکۆ بگرن''... ئەمە و ئەوە و
چەندین شتی دیکەیش...
هەر بۆیە
زانکۆ شوێنی دەرخستنی جیاوازییە چینایەتییەکانە، شوێنی کەمکردنەوەی کەسایەتیی
خوێندکارەکانە، شوێنی ئەوەیە کە تیایدا مووچەخۆرە بە ناو ''مامۆستا''کان وەک
نموونەی باڵای مرڤایەتی سەیر بکرێن - سەرەڕای ئەوەی کە گومان لە مرۆڤبوونیشیان
هەیە -. زانکۆکانی ئێمە هەتا ئێستا ئەمەیان کردووە نەک شتی تر.