Skip to main content

یادەوەرییە خەمناکەکان: زانکۆی سلێمانی، کارگەی دروستکردنی برین


(١)

نوها فایەق

چ سەختە، ٤ ساڵ برینیان تێدا دروست کردم! یادەوەرییەکانم ئەو برینانەن کە لەسەر کورسییەکانی زانکۆ جێم هێشتن. ناوی ''زانکۆی سلێمانی'' برینە لە مندا، برینێکی تەڕ، برینێکی قووڵ وەک گۆلاوەکانی ناو کەمپە بە ناو ''نوێ''یەکەی. ئەندازیارە ناشارەزاکان گۆلاوەکانی ناو زانکۆیان لە دوای خۆیان جێ هێشت، مامۆستاکانیش برین لە مندا.
ئەوەی لە زانکۆ ئازاری دەدام، ئەوە بوو کە فێر نەدەبووم! سیستەمی خوێندن بە شێوەیەک بوو کە فێر نەبم. بە جۆرێک، ئەرکی مامۆستاکان تەنها ئەوە بوو بە ٢ محازەرە یەک هاوکێشەی دوورودرێژ و سەخت شیکار بکەن، بێ ئەوەی لە واتای ''شیکار'' بگەین! دواتریش بڵێن: ''لە ئیمتیحاندا دەبێت بە دە دەقە ئێوە حلی بکەن.''
لە یەکێک لە ساڵەکاندا، مامۆستایەکی ئەزیز لە دەرەوەی زانکۆ، هەندێک زانیاریی زۆر بەسوودی بە پراکتیکی فێر کردین، کە دەتوانم بڵێم ئەوەی فێر بووین، تەنها ئەمە بوو کە بەکەڵکمان بێت. بە زمانی نیچە، ''سیستەمی بەشەرەف'' هات ئەم مامۆستا ئەزیزەی سزا دا، لەجیاتیی دەستخۆشی و گوڵباران؛ چونکە فێربوون لە سیستەمی ئەم زانکۆیەدا، هێڵی سوورە، نابێت فێر ببیت، دەبێت گەمژە بکرێیت، ئەوەی هەوڵی فێربوون بدات و داوای بکات، سزا دەدرێت.
چ شەرمەزارییەکە کە چالاکییەکانی ''کافتریای ناوەندی''، بۆ خوێندکاران سوودی زیاتر بێت لە چالاکییەکانی ''کتێبخانەی ناوەندی''! لە ڕۆژی جیهانیی کتێبدا، فێستیڤاڵێک لە کتێبخانەی ناوەندی هەبوو، بە خۆشییەوە لەگەڵ هاوڕێکانم نەچووینە محازەرەوە و چووین بۆ ئەوێ، بەڵام هەر زوو نەشئەمان کۆتایی هات. وتیان:
-        بۆ ئێوە نییە.
-        بۆ ئێمە نییە؟ ئەی بۆ کێیە؟
-        بۆ میوانەکانی خۆمانە.
میوانەکانی خۆیان کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بوون، ئەو کەسانە بوون کە دەعوەتنامەیان بۆ ناردبوون و سەرۆکی زانکۆ وتاری لەبارەی سوودەکانی کتێبەوە بۆ دەخوێندنەوە. خوێندکار بۆی نییە گوێ لە وتار بگرێت! وەک ئەوەی لە جنسێکی دیکە بێت و عەیبە بێت تێکەڵ بەوان بێت. خوێندکار دەتوانێت دوای سەعات ١٢ بۆ ئەم کتێبخانە شاهانەیە بێت، بۆخۆی بە تەنیا سەیری کتێبەکان بکات. لە زانکۆدا خوێندکار تەنها گوێی لە شاعیرە ''زۆر ناسک''ەکانە، ئەوانەی کە هۆڵە گەورەکانی زانکۆیان بۆ تەرخان دەکەن و نایدەن بە کەسە جیدییەکانی تر، تا دووبارە و چەندبارە بە ناوی شیعرەوە، بە کۆمەڵێک وشەی ناسکۆڵەی لە تەنیشت یەکدا دانراو، سەرگەرممان بکەن و بیر لە فێربوون نەکەینەوە.
قووڵایی برینداریی من لە قۆناغی ٤دا بوو، ئەو کاتەی مامۆستای سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەم، ئەوەی دەبوو فێری خوێندکارانی بکات، نەیکرد. هەموو سەرپەرشتیارەکان بەو شێوەیە بوون، لەو کاتەدا کە توێژینەوکەمان دەگەیشتە ئەو شوێنەی کە پێویست بوو ئەو زانیارییانەمان فێر بکەن کە ٤ ساڵە لەپێناویدا ماندووین، دەیانگوت بەپێی ''سیستەمی شەریف'' ئەم بەشە خوێندکار خۆی دەینووسێت و شیکاری دەکات. چ شەرمەزارییەکە! خوێندکار دوکانەکانی جادەی مەولەوی و پیرەمێرد تەی دەکات تا بە دوای یارمەتیدەرێکدا بگەڕێت توێژینەوەکەی بۆ تەواو بکات. توێژینەوەکەی تەواو دەکات، بێ ئەوەی بزانێت چیی کردووە، بێ ئەوەی بزانێت بە چی گەیشتووە؛ تەنها تەواوی کردووە، تەواوی کردووە و مامۆستایش دەڵێت: ''دەرچوویت.''
دەرچووم! بێ ئەوەی تێبگەم، دەرچووم، بە کۆڵێ برینەوە دەرچووم. کە هاتم سەرڕێژ بووم لە ئومێد، گوڵ بووم لە گەشیدا؛ ئێستا لەژێر قورسایی ئەم هەموو دڵشکانانەدا، برینێکم و ڕێ دەکەم... ئەمە بوو ''ئایندە''تان بۆ من، یوبێڵ زێڕینان!

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان