Skip to main content

٥٠ ساڵی نەزۆک: سەرچۆپیکێشیی قوربانییان لە ئاهەنگە دیوەخانئاساکەدا

(٥)
کۆتایی

ئاڤان کەمال

قۆناغی زانکۆ، وەک جیهانی پاش سانسۆرە جیدییەکانی خوێندنگە، هەمیشە لای خوێندکار هەڵگری وێنایەکی جوان و سیحراوی بووە و وەک دەروازەیەکی فراوانی لەسەرپشت بینراوە، کە لە هەمبەر خەون و خولیا و وزەی گەنجدا هەردەم بە پۆزەتیڤی دەمێنێتەوە. ئەمە سەبارەت بە خوێندکار بە گشتی، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر خوێندکاری بەشەناوخۆیی و بەتایبەتییش خوێندکاری کچ، هاوکێشەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و ئەم خەونە پێشوەختانە زیاتر ڕەنگ و ئومێد بە خۆیانەوە گرێ دەدەن، لەبەر چەند هۆکارێکی وەک ئەو وێنا گشتییەی کە خوێندکاری هەردوو ڕەگەز هەیانە بۆ زانکۆ و ئەو قۆناغە تازەیەی خوێندن.
هەروەها بابەتی مانەوەی کچان لە بەشەناوخۆییەکان، کە چیتر لە لای ئەو ''بەشەناوخۆیی'' تەنها جێگەیەکی ئاسایی نییە بۆ مانەوە، بەڵکو ڕزگاربوونە لە کۆت و سانسۆرە خێزانییە توندەکانی براگەورە و باوک و خێزان، کە بە درێژایی قۆناغەکانی پێشتری خوێندنی لەگەڵی ژیاوە و چەندین خەونی لە خۆیدا خەفە کردووە. لێرەوە خەونی لەمسکردنی ئازادی و کارکردنی بێ کۆتوبەندی بۆ خەونەکان، وا دەکات زانکۆی وەک ستەیجێکی بێوێنە و دەرفەتێکی دەگمەنی ژیان بێتە پێش چاو، کە دەتوانێت بە ڕەهایی نمایشی تواناکانی دەست پێ بکات! خەیاڵی ئەوەی گوایە چیتر لەبەر دواکەوتنی سەعاتێکی لە گەڕانەوە، موحاسەبەی ناکرێت، ئیتر دەتوانێت لە کۆمەڵە و گرووپی ئەکتیڤ ئەندام بێت و پێکەوە گۆڕانکاری بکەن، ئەندێشەی دەتەنن، بێئاگا لەوەی گەر خێزان خۆیشی حزووری نەبێت، سەرکوتکەرێکی قەبەتر و جیدیتر و بێسنوورتر دێتە مەیدانی خەونەکانیەوە و هاوکێشەکەی بۆ تێکوپێک دەدات، کە ئەویش ''ئیدارە شکۆدارەکەی زانکۆ''یە و تێیدا هەموو وزە و چالاکییەک بۆ گۆڕانکاری، دەکرێتە مێژوو، هەموو جووڵە و ڕەنگێک دەچێتە دەمی ڕابردووە و ماناکەی لە ئێستادا دەخەسێنن!
بێئاگا لە ئینتیمای لەرزۆکی هاوڕێیانی و جێهێشتنی لەپڕ و ناوادە و تەنیاکردن و نیوەچڵکردنی پرۆژەکانی، خوێندکار بە کۆڵێک خەون و دڵێکی گەرم و حەماسەتێکی گەنجانەوە دێت، خەرمانەیەک لە پلان دەبەستێتەوە بە ژوورە سڕ و ڕچیوەکانی بەشەناوخۆیی و بۆگەنی تەوالێتەکان، لێپێچینەوەی پۆلیسەکانی ئەخلاق وەک جێگرەوەی خێزان، تووڕەبوونە بێهۆکانی مامۆستاکانی و توانجی بەردەوامی هاوڕێکانی، بەوەی ژیانی لە خۆی ئاڵۆز کردووە و بەسەریانەوە خۆی کردووە بە ''فەیلەسووف''!
خوێندکار هەموو وزە و تواناکانی تەمەنی لاوێتی بە ئومێدی گەیشتن بە قۆناغی زانکۆ و ڕەهاکردنی بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت، لە ئێستای خۆیدا قەتیس دەکات، بێئاگا لەو بەیانییە سواوانەی کە چیتر خەونەکانی وەک خەیاڵێکی کورت و تیژپەڕ لەنێو داڵغەی موحازەرەدا خۆی نمایش دەکات! بێئاگا لە بەتارماییبوونی بێ هۆکاری پرۆژەکانی لە لایەن هاوڕێکان و ئیدارەی زانکۆکەیەوە. بە توندی بەرەو پیری زانکۆ دەچێت، بێئاگا لە دانیشتنە بتئاساکانی سەر کورسییە پەراوێزەکانی کافتریا، بە گەدە و گیرفانی بۆش و دەروونی جەنجاڵ و بیماری...
بەڵام ڕۆژێک هەر ئەو خوێندکارە چاو لە ئاسۆ و بەهیوایە، لەپڕ هەموو ئەم خورافیات و چاوەڕوانییە گەورانەی هەرەس دەهێنن و کۆستی وزە و تواناکانی لە بەردەم ئیدارەی زانکۆی سلێمانیدا، بۆ هەمیشە دەکەوێت! ڕۆژێک تێدەگات چیتر ئێرە ئەو شوێنە نییە کە دەبوو ببێت، لێرەوە وێنای زانکۆ وەک فریادڕەس و ئامڕازی گەشتن بە هیواکانی، بۆ شێوەی مەیدانێکی پڕ مین دەگۆڕێت، کە هەر خولەکێک بە خەونێکیدا دەتەقێتەوە و پڕۆژەیەکی قووت دەدرێت و بزر دەبێت، وردە وردە زانکۆ پتر وەک نەیارێک دەمێنێتەوە، کە چیتر بەرگەی ژینگەکەی ناگرێت، چیتر بە تاسەوە ناچێتە محازەرەکانیەوە و فێری ''لێدان''یان دەبێت، چیتر بەرگەی کافتریا و قسەوباسە بەتاڵەکانی هاوپۆلەکانی ناگرێت، ئیتر تەنیا و بیمار و دەبەنگ دەبێت و ئەوە ڕوو دەدات کە ئیدارەی زانکۆکە دەیخواست.

بەو بۆنەیەیشەوە، ئەم ئیدارە فاشیلەی زانکۆی سلێمانی ئاهەنگێکی پڕ شکۆ و دیوەخانئاسا ساز دەدات و سەرچۆپییەکەیش هەر بە قوربانییەکان خۆیان دەکێشن.

(هەڵبەت ئەمە کۆتایی نییە... دەیان و سەدان و بگرە میلیارەها قسە و نووسینی پەنگخواردووی لەم شێوەیە و زۆری تر، لە سینەی هەر کچ و کوڕێکدان، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ناو فەزا ساردوسڕەکەی زانکۆی سلێمانیدا گوزەریان کردبێت...)

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان