Skip to main content

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: قۆناغی دوای شۆڕش لە پێش شۆڕش مەترسیدارترە



ئامادەکردنی لە ئینگلیزییەوە: نیان مەحموود

ڕەنگە تەنانەت ھەوادار و بینەرە سەرسەختەکانی مەخمەلبافیش، پێشبینیی فیلمێکی لەو شێوەیان لێ نەکردبێ؛ فیلمێک کە خۆی وەک ''بزمارێکی تیژ'' وەسفی دەکات و شارەزایان پێیان وایە کە ''دەبێت فیلم وا بێت''.
چیرۆکەکە دەربارەی دیکتاتۆرێکە لە وڵاتێکی بێ ناو، کە ڕەفتاری سادی و گاڵتەجاڕانەی بەرامبەر خەڵک، ئیتر ھیی بەرگەگرتن نییە. لەم هەلومەرجەدا کودەتا ڕوو دەدات، ژنەکەی و کچەکانی وڵات بەجێ دەھێڵن و سەرۆک لەگەڵ نەوە تەمەن پێنج ساڵانەکەی دەمێنیتەوە.
سەرەتای فیلمەکە بەم شێوەیەیە کە سەرۆک و نەوەکەی لە بەرزایی پەنجەرەی کۆشکە شاهانەییەکەیانەوە دەڕواننە شار، سەرۆک فەرمان بە کوژاندنەوەی گڵۆپەکان دەدات، دواتر تەلەفۆنەکە بە نەوەکەی دەدات تا ئەو داوای ھەڵکردنەوەیان بکات؛ کوژاندنەوە و ھەڵکردنەوە، بەم شێوەیە سەرۆک و نەوەکەی یاریی بە دەسەڵات دەکەن، تا وای لێ دێت شار سەرتاپا تاریک دەبێت و گڵۆپەکان ئیتر ھەڵناکرێنەوە، لەپڕ گوێیان لە دەنگی فیشەک دەبێت، کە ئیدی سەرۆک تێدەگات کڵپەی شتێک هەستاوە: شۆڕش.
مەخمەلباف پێش دروستکردنی فیلمێکی لەم شێوەیە، لە گەنجیدا بە ئاشکرا بەشداریی چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی سیاسەت و ڕژێمی شای ئێران کردووە، لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی دەکرێت و لەوێ تووشی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر دەبێت، دواتریش چوار ھەوڵی کوشتنی دراوە، ئەمە جگە لەوەی چاودێرییەکەی توندی خراوەتە سەر. مەخمەلباف دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩، ڕووی کردووەتە دنیایی فیلم و سینەما و لە ساڵی ٢٠٠٤دا ناچار دەکرێت ئێران جێ بھێڵێت و ڕوو بکاتە ئەفغانستان و تاجیکستان و پاریس و لەندەن، کە شوێنی ژیانی ئێستایەتی.
موحسین مەخمەلباف ویستی بەم فیلمەی پەیامی ئاشتی و ئازادی بگەیەنێت، چون بە درێژایی ژیانی ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتیی شۆڕش و شەڕی دیوە، ژیانی ھەشت ساڵی تەمەنی لە ماوەی نێوان جەنگی عێراق و ئێراندا بووە.
بیرۆکەی دروستکردنی فیلمەکەی لە ڕووخانی ئەو ژمارە زۆرەی سەرۆکە فاشیل و ستەمکار و دیکتاتۆرەکانەوە هات، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و سیاسییەکانی ڕۆژئاوا پشتیوانییان دەکەن و دواتر لەپڕ خۆیان وەک فریادڕەسێک بۆ لابردنیان پیشان دەدەن، کە ئەمە لە بەهاری عەرەبیدا زەق بووەوە. زۆر کەس کۆتایی سەرۆک بە کۆتایی فیلمی کۆتا ڕۆژەکانی سەدام حسێن دەشووبهێنێت، بەڵام مەخمەلباف ئەم فیلمەی لە ھیچ چیرۆکێکی دیاریکراو و سەرچاوەیەکی ناسراوەوە وەرنەگرتووە، مەبەستی ھیچ شوێن و ناوێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پەیامێکی گشتی و جیهانییە بۆ سەرۆکە دیکتاتۆرەکان کە کاتێک خەڵک لە دەست ستەم و وەحشیەتیی ئەوان بەئاگا دێتەوە، کاردانەوەیان چی دەبێت، ئەمە جگە لەوەی پاسی قۆناغی دوای شۆڕشیش دەکات و بە بارودۆخێکی ناجێگیر و خراپتری لە پێش شۆڕش دەبینێت.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان