بێن کینگسبێرگ
لە
ئینگلیزییەوە: کۆمەڵەی ٦٨
موحسین مەخمەلبافی
ئێرانی یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی کە بە فیلمە هێواش و کەمجووڵەکانی ناسراوە، بەڵام
لەم کارە ناوازەیەیدا کە لەژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبیدا دەری هێناوە،
ڕووداوەکان تابڵێی خێران و فیلمەکەیش بە گشتی فیلمێکی پڕ وزە و جووڵەیە.
ڕووداوەکانی فیلمی سەرۆک لە ناو وڵاتێکی بێناو و نەناسراودا ڕوو دەدەن، کە
دانیشتوانی بە زمانی جۆرجی قسە دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناوی وڵاتەکە بکرێت.
سەرەتای چیرۆکەکەیش بە جۆرێک دەست پێ دەکات، کە دیکتاتۆری وڵات نەوە ٥ ساڵانەکەی
لەگەڵدایە و دەیەوێت دەسەڵات و هێزی خۆی لە ڕێگای فەرمانە سەیروسەمەرەکانیەوە
پیشان بدات، بۆ نموونە چەند جارێک فەرمان دەکات کە کارەبای شارەکە بکوژێتەوە و دابگیرسێتەوە،
لە سەرەتایشدا نەوەکەی زۆر سەرسام دەبێت بەم هێز و توانایەی باوەگەورەی، بەڵام
دواتر جەنابی سەرۆک چەندێک فەرمان بە داگیرسانی کارەبای شارەکە دەکاتەوە، کەچی
کارەباکە داناگیرسێت و هەر لێرەیشەوە، دەردەکەوێت کە شۆڕش هەڵگیرساوە.
دوای
هەڵگیرسانی شۆڕش، دۆخی وڵات تەواو تێک دەچێت و ژیانی خێزانی سەرۆک دەکەوێتە ژێر
مەترسییەکی ڕاستەقینەوە، هەر بۆیە جەنابی سەرۆک و نەوەکەی ناچار دەبن بە جیا و
دوور لە ئەندامانی تری خێزانەکە هەڵبێن و خۆیان ڕزگار بکەن، هەروەها نایابترین
تەکنیکە فیلمسازییەکان لەو ماوەیەدا دەبینرێت کە سەرۆک و نەوەکەی لە ناو ئۆتۆمبێلە
تایبەتەکەی خۆیاندا و بە ناو شاردا دەڕۆن و خەڵکیش بە چەک و تفەنگەکانیانەوە بە
دەوریانەوەن و تەقە دەکەن، دواتریش کار لەوەدا نامێنێت کە سەرۆک بتوانێت بە ئۆتۆمبێلی
خۆی بە ناو شاردا بڕوات و ناچار دەبێت جلە ڕەسمییەکانی خۆی بسووتێنێت و خۆی وەک
مۆسیقاژەنێکی سەر شەقام دەربخات.
دیمەنی سەرۆک
و نەوەکەی بەم جۆرە، هەتا بڵێیت سەیر و نامۆیە بە دۆخی سروشتیی سەرۆکەکانی تر، بە
تایبەت ئەو کاتەی کە لەگەڵ نەوەکەیدا گۆرانی دەڵێن و گیتار لێ دەدات، ئەم دیمەنەیش
زیاتر لە دیمەنی ئەو فیلمانە دەچێت کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەرهەم دەهێنران، ئەم
بارودۆخەیش هەر وا بەردەوام دەبێت و مەترسییەکانیش بۆ سەر ژیانی سەرۆک زیاتر و
زیاتر دەبێت، بە تایبەت لەو کاتەی کە کۆمەڵێک کەس دەبینێت کە پێشتر زیندانی سیاسی
بوون.
ئەوەی لە ناو
ئەم فیلمەدا زۆرترین سەرنجی لەسەرە، هەڵسوکەوتی ئەو سەربازانەیە کە دوای شۆڕش
وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن و خۆیان لە جێی سەرۆک و حاکمی وڵات دادەنێن؛ مامەڵەی ئەم
کەسانە لەگەڵ خەڵکدا ئەوەندە ڕەقە، کە زۆر جار بیری بینەر دەباتەوە تاوانبار و
ستەمکاری ڕاستەقینە سەرۆکە ڕاکردووەکەیە و وا دەکات کار و مامەڵەکانی ئەوان بە
تاوان ببینرێت؛ لاقەکردنی ژن و کوشتنی خەڵک و سزادانیان، ئەو شتانە بوون کە ئەم
سەربازانە ئەنجامیان دەدا، هەر لێرەیشەوە بینەر دەتوانێت لەوە تێبگات کە فیلمەکە بە دەوری چ ئامانجێکدا دەسووڕێتەوە و
پەیامی چییە، ئەویش دەرخستنی ئەو هیوا پووچ و بێبنەمایەیە کە لە بیرکردنەوەی
زۆرینەی ستەملێکراواندا هەیە، کە وا دەزانن ڕزگاربوون لە ستەمکاریی سەرۆکێک هەموو
شتێکە و دوای ئەو هەرچییەک ببێت، ڕێگر نابێت لە بەرقەرابوونی دادپەروەری و
خۆشگوزەرانی.