Skip to main content

یادەوەرییە خەمناکەکان: چاودێر... چاودێری ئەخلاق... پۆلیسی ئەخلاق!


(٥)
کۆتایی

سۆزان خالید

درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، مێیینەبوون ئازارێکی سەخت بووە، بەوەی هەمیشە وەک بوونەوەرێکی جیاواز لە مرۆڤ سەیر کراوە. ئەم تێڕوانینە جیاوازە بەرامبەر بەم ڕەگەزە، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری ئایینی، کەلتووری، سیاسی و پیاوسالاری. ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە، لای ئێمە، لە ئێستادا، لە سەدەی ٢١دا، لە دەزگایەکی هەرە باڵای مەعریفیدا – زانکۆ - کە بێگومان بۆخۆی کۆمەڵگەیەکی بچووکە و دەبێت ئاڕاستەکەری کۆمەڵگە گەورەکەی دەرەوە بێت. بەشەناوخۆیی کچان و کوڕان بەشێکن لەم کۆمەڵگە بچووکە و ئەگەر سادە سەیری بکەین، شوێنێکی ئاسایی ژیانکردنە، بەڵام ئەوەی لە پشتەوە هەیە و جێی قسەلەسەکردنە، ئەو جییاوازییە گەورەیەیە کە لە نێوان ئەم ٢ بەشەناوخۆییەدا هەیە. سنووردارکردنی ئازادییەکانی کچ لە سەرجەم ڕەفتار و هەڵسوکەوت و جووڵەکانیدا یەکێکە لەو هەزاران جیاوازییانە، کە لە کاتێکدا هیچ لەم کۆتوبەندانە لە بەشەناوخۆیی کوڕاندا نییە. بێگومان ناڵێین با ئەم کەلەپچانە بۆ ئەوانیش هەبێت - کە بەرامبەر هەر مرۆڤێک بکرێت توندوتیژییە - بەڵکو باس لەو جییاوازیە جێندەرییە دەکەین کە تەنها بە هۆی کچبوونەوە بەرامبەرمان دەکرێت – ''بەڵێ، کچوون سەختە.'' - کارەسات ئەوەیە کە هەموو ئەو توندوتیژییانەی دەکرێن، لە لایەن ئەو ''چاودێر''انەوەیە، کە بەپێی یاسا دانراون! هەر بەم هۆکارەیە (یاسا)، زۆربەی کچە خوێندکارەکان مێشکیان وا شۆردراوەتەوە کە بیر لەم کۆتوبەندانە نەکەنەوە و هەست بەم توندوتیژی و جیاوازییانە نەکەن کە بەرامبەریان دەکرێت، چونکە بچووکترین ناڕەزایی دەرببڕن یان پرسیار لەبارەی ئەم جیاوازییانەوە بکەن، ئەوا حازربەدەستترین قسەی چاودێرە بەڕێزەکان ئەوەیە کە ''ئەوە یاساکانی بەشەناوخۆییە، ئەگەر ڕازی نیت دەتوانیت بڕۆیتە ئەودیو تەلبەندەکانەوە''. بەم شێوەیە ئەم یاسایانە دەخرێنە مێشکی کچە خوێندکارەکان، تا هەمیشە بە پلەدوو سەیری خۆیان بکەن و بە ڕادەیەک مێشکیان قوفڵ کردوون، هەست بەوە نەکەن کە ئەگەر بۆ ساتێک لە ژیانی بەشەناوخۆییەکەیان ورد ببنەوە، ئەوا سەدان نموونە دەبینن کە لە هەناوی توندوتیژییەوە دروست بوون.
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ئەم توندوتیژییانەی لەم سەردەمەدا لەم باڵاترین دەزگای مەعریفییەدا دەکر‌ێن، لەگەڵ ئەو توندوتیژییانەی کە چەند سەدە پێشتر لە کوێرەدێیەکدا بەرامبەر کچێک کراوە بکەین، ڕەنگە جیاوازییەکی ئەوتۆ نەدۆزینەوە! بۆ نموونە یەکێک لەو یاسا نەریتییانەی ئەوەیە کە دەبێت کچ پێش بانگی ئێوارە لە بەشەناوخۆییەکەی بێت، ئەگەرنا، ئەوا ''پۆلیس''ەکان دەرگات لێ ناکەنەوە و دەڵێن: ''ببوورە، کات نەماوە.'' وەک ئەوەی لە محازەرە دوا کەوتبیت! دوای چەلەحانێیەکی زۆر، ئینجا بانگی چاودێرەکە دەکات. دێت و بەو مەرجە دەرگات لێ دەکاتەوە، کە باجەکەت لێ بستێنێت و دوای دنیایەک سەرزەنشت و قسەی ناخۆش، ناوت دەنووسێت و ئیمزات پێ دەکات، وەک ئەوەی تاوانێکی زۆر گەورەت کردبێت. دواتر بۆ ئەوەی باجەکەت وەربگریتەوە، دەبێت هەفتەیەک بێیت و بچیت. کە وەریشی دەگریتەوە، دیسان ئیمزات پێ دەکەن و کۆڵێک سەرزەنشتت دەکەن و وەک باوکێک پێت دەڵێن: ''ئەمە دوا جارت بێت!''
کاتێک ساڵی یەکەمی زانکۆم بوو، یاسا نەریتییەکانی بەشەناوخۆییم نەدەزانی. ڕۆژێکیان لە سیمینارێکی د. مەریوان وریا قانع بووم، زۆر دڵخۆش بووم بەوەی هەموو قسەکان پێدانی هۆشیاری بوون، بەڵام نەمدەزانی ئەم جۆرە دڵخۆشییە لە بەشەناوخۆیی قەدەغەیە. کاتێک گەڕامەوە، تەنها ٢٥ خولەک دوا کەوتبووم، بۆیە پۆلیسەکە دەرگای لێ نەکردمەوە. چەند جارێک داوام لێ کرد، بەڵام گوتی: ''چاودێرەکەتان لێرە نییە تا سزات بدات.'' ناچار ڕۆیشتم لە شەقامەکانی زانکۆ بمێنمەوە، بەڵام بەرگەی ئەو سەرمایەم نەگرت. گەڕامەوە و زۆر چاوەڕێم کرد، تا پۆلیسەکە چووە ژوورەوە، ئەو کاتە بەسەر دەرگاکەدا سەرکەوتم و خۆم هەڵدایە ئەودیو. قاچم زۆر ئازاری پێ گەیشت، بەڵام هەرچۆنێک بێت گەیشتمە ژوورەوە. سەیرە، هیچ حیسابێک بۆ ئەوە ناکرێت کە خوێندکاری کچیش پێویستی بە چوون بۆ کتێبخانە و بەشداریکردنی کۆڕ و سیمینار و چالاکییەکان هەیە. کە هاتووەتە زانکۆ، بۆ ئەوە نەهاتووە تا تۆ کۆتوبەندی بکەیت و لە بەشەناوخۆیی بیخەوێنیت. خۆ هیچیان لە ١٨ ساڵ تەمەنیان کەمتر نییە، تا تۆ دابونەریت بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتار و هەستان و دانیشتنیشیان دابنێیت و وەک باوکێکی ستەمکار، هەمیشە بەسەر سەریانەوە بیت: ئەو کاتانەی پلەی گەرمی لەژێر سفرەوە بوو و هیچ گەرمکەرەوەیەک نەبوو و هێنانیشی قەدەغە بوو، چەند خوێندکارێک لەسەر حیسابی خۆیان هیتەریان کڕی، بەڵام چاودێرەکان ژوور بە ژوور گەڕان و بە پاساوی یاسا نەریتییەکانیان، هەموویان لێ سەندن، کەچی لە ژوورەکانی خۆیان دایان دەگیرساندن! ئیتر ناچار بۆ ئەوەی گەرمیان ببێتەوە، کچان دەستیان کرد بە هەڵبەزودابەز و هەڵپەرکێ، دیسان چاودێرە بەڕێزەکان خێرا بە هاوارە وەڕسکەرەکانیانەوە گەیشتنە ژوورەکان و ناوی هەموو ئەو کچانەیان نووسین کە گۆرانییان سەرخستووە و هەڵپەڕیون؛ لە ژوورەکەی خۆیشتدا، لەو شوێنەشدا کە شەخسیترین شوێنە، دەبێت بەپێی یاسا نەریتییەکانیان هەستیت و دابنیشیت.
ئایا ئەم یاسایانە لە بەشەناوخۆیی کوڕاندا هەن؟ بێگومان نەخێر. ئەوان لە جووڵە و هاتوچۆ و هەڵسوکەوت و بەکارهێنانی هەر جۆرە کەلوپەلێکدا ئازادن – ''بەڵێ، کچبوون سەختە.'' - ئەگەر بشتەوێت هۆی دانانی ئەم یاسا نەریتییانە بزانیت، بە دڵنیاییەوە سەدان بیانووی بێمانای تا ئەوپەڕی بێمانایی دەهێنرێنەوە. وەک یەکێک لەو قسە ناماقوڵانەی هەمیشە و هەمیشە دەگوترێنەوە: ''کچ لاوازە.'' ''کچ ناسکە، دەبێت پارێزراو بێت.'' ''نەک تەنها لە دەرەوە، دەبێت کچ لە ژوورەوەش بزانێت چۆن هەڵسوکەوت دەکات.'' بەڵام كچ هەرگیز لاواز نییە و دەتوانێت پاڵەوان بێت، وەک ئەوەی ئێستا خۆت دەیبینیت کە لە بەردەم فاشییەکی وەک ئەردۆگاندا بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی، سینگی داوەتە بەر گوللە. کچ دەتوانێت فەیلەسووف بێت، وەک هانا ئارێنت. بەڵێ، کچ دەتوانێت زانا بێت، گەر لە کۆتوبەندەکانی تۆ بێتە دەرەوە. بەڵێ، کچ لاواز نییە، بەرگەی ئەو هەموو بەربەستانەی گرتووە، ئەوە ئەو تێڕوانین و بەربەستانەی تۆن لاوازیان کردووە و توانا و بەهرەکانیان دەشکێنن، کە تۆش هەر یاسا نەریتییەکان پەلبەستیان کردوویت و خۆت نییت. تەنها خۆت و بەس: چاوەڕێی هیچ کەسێک مەکە ئەو هەموو زنجیرانەی چواردەورتت پێ بناسێنێت. تەنها خۆت؛ چاوی بیرکردنەوەکانت هەڵبێنە.

(هەڵبەت ئەمە کۆتایی نییە... دەیان و سەدان و بگرە میلیارەها قسە و نووسینی پەنگخواردووی لەم شێوەیە و زۆری تر، لە سینەی هەر کچ و کوڕێکدان، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ناو فەزا ساردوسڕەکەی زانکۆی سلێمانیدا گوزەریان کردبێت...)

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان