Skip to main content

یادوەرییە خەمناکەکان: من چیم لە زانکۆی سلێمانی دەویست؟



(٣)

ڕەوا زەیدان

ئەو کاتەی لە ئامادەیی بووم، هەمیشە پێم وابوو ژیانی زانکۆ جۆرێکی ترە لەوەی کە من دەمبینی. خەیاڵم بە ژیانێکی جیاوازترەوە دەکرد، بەڵام هەر لە یەکەم بەیانیی زانکۆم، خەیاڵەکان پێچەوانە بوونەوە.
زانکۆ ئەو شوێنە نەبوو کە پێشبینیم دەکرد؛ خوێندکاری قۆناغی یەکەم بەیانی هاتنە زانکۆی بە ترسولەرزەوە بەڕێ دەکات، تا نەبێتە گاڵتەچیی ئەوانی دی، لە پێچوپەناکانی زانکۆ خۆی دەشارێتەوە تا لە قیقکردن دوور بێت. وەک تەرمێک دێت و دەڕوات، تا کۆتایی ساڵیش بە هەمان ترسەوە دەژی.
لە محازەرەکاندا کۆمەڵێک خوێندکار دانیشتوون، کچەکان ڕیزی پێشەوەیان گرتووە و کوڕەکانیش لە دواوە خڕ بوونەتەوە، وەک ئەوەی هێڵێکی کەلتووری کردبێتنی بە دوو کەرتەوە و عەیبە بێت پێکەوە دابنیشن. خوێندکار لە زانکۆ و لە کافتریاکانیدا ئامادەیە گۆرانی بڵێت، هەڵبپەڕێت و قاقایش پێبکەنێت، بەڵام دەترسێ کتێبێکی بە دەستەوە بێت، دەترسێ لەگەڵ کچێک بوەستێت. لە زانکۆدا ڕۆحیەتی مرۆڤدۆستی و هاوڕێیەتی دەگۆڕرێت بۆ هەڵسوکەوت و نمایشی دووڕووییانە و درۆزنانە، خەونەکان لە دامەزراندن و هاوسەرگیریدا بچووک دەکرێنەوە.
من لە زانکۆی سلێمانیم نەویست فێری ڕق و کینە و ترس و قیقکردنم بکات، لێرە تووشی شەلەلی مەعریفی بووم؛ بە دەستێکی پڕ مەعریفەوە هاتم و لە سەرەتای ڕێگەکە هەموویم ون کرد! هیچ کات زانکۆ ئەو شوێنە نەبوو کە لە خەیاڵمدا وێنام کێشابوو، زانکۆ جێگای کرانەوە و فێربوون نەبوو، لە زانکۆدا خوێندکار ماندوو دەکرێت بێ ئەوەی هیچ فێر بکرێت، بە جۆرێک زۆرێک لە خوێندکاران دوای زانکۆ هیچ بڕوایەکیان بە ڕۆشنبیری و زانست و مەعریفە نامێنێت، نەخوێندەواری لە زانکۆدا دیاردەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە زۆرێک لە خوێندکاران پەی بە نەخوێندەواریی خۆیان دەبەن، بەڵام گەر کەسێک باسی بکات، پێیان ناخۆشە، تەنانەت کەسیش جورئەتی ئەوە ناکات بڵێت کە نەک خوێندکاران، بەڵکو هەندێ لە مامۆستایانیش خوێندەوارییەکی ئەوتۆیان نییە.
خوێندکاری زانکۆ گەر هەموو ڕۆژێک جلێکی شیکپۆشی لە بەر نەبێ و قۆنەرەی بۆیاخ نەکرابێ، عەیبەیە، بەڵام کاتێک کەسێ کتێبێکی پێ بێت، دەبێت تا لە زانکۆ دەچێتەوە دەرەوە، بیشارێتەوە، نەوەک پێی ببینن و گاڵتەی پێ بکەن! ڕەنگە گەر بە کەسێکی سەر شەقامەکان بڵێیت بۆ ناخوێنیتەوە، تەنها پێت پێبکەنێت، بەڵام من شتێکت پێ دەڵێم با بەینی خۆمان بێ: گەر بە خوێندکارێکی زانکۆ بڵێیت بۆ ناخوێنیتەوە، تێروپڕ پێت پێدەکەنێت، دواییش پێت دەڵێت: ''کەی باوی خوێندنەوە ماوە، بۆ ئەوەنە کەری!''
لە کۆی ئەو ساڵەدا، ئەو پەیوەندییەی لە بەینی مامۆستا و خوێندکار لێی تێگەیشتم، زیاتر پەیوەندییەکی داخراو بوو. مامۆستاکان هەمیشە هەوڵ دەدەن سنوورێکی دیاریکراو هەبێت و پێیان وایە نابێ زیاد لە پێویست گوێ بۆ خوێندکار شل بکرێت، لە وڵاتی ئێمەدا هەر ناخۆشی و کێشەیەک لە بەینی مامۆستا و خوێندکار ڕوو بدات، هەڵە لە هەر کەس بێ، هەمیشە خوێندکارەکە تاوانبارە و دەبێ باجەکەیشی بات.
من دەمویست لە زانکۆدا ئاستی مەعریفم ببەمە ترۆپک و ترسەکانم وەلا بنێم، فێری زانست بم و هاوڕێتییەکی جوان دروست بکەم؛ لە دووەم ساڵی زانکۆدا هەستم دەکرد هێندەی زانکۆ کاریگەریی لەسەر من هەیە، من نیو هێندە کاریگەریم لەسەری نییە. پێم وابوو لە سووچێکی ئەم شارەدا لە زیندانێکدام و دەبێ بە دڵی ئەو کەسانە بژیم کە زیندانەکە بەڕێوە دەبەن. بەیانییەک بیرم کردەوە و بڕیارم دا ئەگەر نەتوانم لە زیندانێک هەڵبێم، دەتوانم بیگۆڕم و ئیدی من کاریگەریم لەسەر ئەو هەبێ؛ بەیانییەک هەستام و بازم بەسەر ئەو کەلتوورەدا دا و ئەو زیندانەم گۆڕی.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان