Skip to main content

لەپێناو هاوپشتیدا

هاوار محەمەد

قەحبەکان و سەگەکان
دیسان دوو جۆر فاشیزممان بینییەوە: بەسۆزانیکردن، کە لە کەلتوورى ''پاکیزەپەرستی''یەوە سەرچاوە دەگرێت، بەئاژەڵکردن (ئەنیماڵیزەکردن) کە لە فاشیزم بەرامبەر ئاژەڵانەوە دێت. ''هەى قەحبە! لەگەڵ تۆمە ئەى ئەوەى کە پاکیزەیى خۆت لە دەست داوە و چێژ دەبەخشیت!'' ئەمە واتە چى؟ واتە ئەو کچەى پاکیزە نەماوە زۆر نزمترە لەوەى کە پاکیزەیە، ئەوەندە نزم کە دەشێت بەردباران بکرێت، یان بکوژرێت، یان بێشومار ئەتک بکرێت. ئەى پاکیزە کێیە؟ پاکیزە ئەوەیە کە هەمیشە پاکیزەپەرستەکان دەیانەوێت لە پاکیزەیى دایبماڵن، وەک ئەو کچانەى زانکۆ کە خۆیان پاکیزەن و پێیان دەوترێت ''سۆزانى''. کۆمەڵگەى ئێمە تەنانەت بە پاکیزەییش ڕازی نابێت، هەمیشە شتێک دەبینێتەوە بۆ ئەوەى بیانکاتەوە بە سۆزانى. یەکەم شوێنى ئەم بەسۆزانیکردنە لە زماندا ڕوو دەدات. 
''سەگتان تێبەردەدەم!'' هەم فاشیزم بەرامبەر بە سەگ وەک زیندەوەرێکى دڕندە و خوێنخۆرى پەلاماردەر، هەمیش بەرامبەر کچان کە دەشێت ببنە خۆراکى سەگەکان، چونکە بە نزمتر لە مرۆڤ حیسابن. بۆ نموونە ''مریشک'' یان ''کۆترى مردارەوەبوو''، یان ''بەرماوە''ن (سۆزانییش هەر مانایەکی ترى ''بەرماوە''یە)، ئیدى ئاساییە گەر سەگیش بیانخوات... ئەنیماڵیزەکردن ڕەگى دوروردێژى لە سیاسەتى کوردی و عەقڵى خێڵەکیى کوردیدا هەیە، لەسەر بنچینەى چەپەڵسازى و بێنرخکردنەوە دێت و دەگات بە پەلاماردان. چەپەڵسازى پرۆسەى دروستکردنى بوونەوەرى پیس و زیادە و زیانبەخشە بۆ ئەوەى، وەختێک کە زیانى بۆ حیزب هەبێت، بە ئاسانى پەلامار بدرێت و سەگى تێبەر بدرێت. 
ئەم دوو لایەنە، ''قەحپە'' و ''سەگ تێبەردان''، واتە ویستى ئەتککردن و پەلاماردان. ئا ئەمە ستراکتورى کۆمەڵایەتیى حیزبى کوردی و زۆربەى ئەندامانى ئەو حیزبانەیە. پەلاماردان وەک زەبروزەنگ، ئەتککردن وەک سێکسیزمێکى قێزەون بۆ لەکەردارکردنى ئەو شتەى کە حیزبە خێڵەکییە کوردییەکان، بە ئیسلامى و عەلمانییەوە، پێیان گرنگە: شەرەف.

لە زیندانەوە بۆ کەمپ
ساڵى پار لە ڕۆژى ڤالانتایندا دەرگاى بەشەناوخۆییەکانى کچان لە سەعات ٢:٠٠ەوە داخران، بۆ ئەوەى کچان لەو ڕۆژەدا نەچنە دەرەوە، هاوکات پۆلیسى زانکۆ بەنێو زانکۆدا دەگەڕا بۆ شێواندنى ژوانى خوێندکاران و محاسەبەکردنیان. چەندین جاری تر و لە بۆنەى دیکەیشدا بە هەمان شێوە دەرگاى بەشەناوخۆییەکان دادەخران. هەڵبەت کە بەشەناوخۆیى کچان بە شێوەیەکى ئاسایى هەمیشە هەر لە سەعات ٥:٠٠ی ئێوارەوە لە هەموو لایەکەوە قەپات دەکرا و بە تەواوەتى فۆڕمى زیندانی بەکۆمەڵى وەردەگرت، هەر وەک ئەوەى فۆکۆ باسى دەکات، بەڵام پاریش بە هەمان شێوە پۆلیسەکان وتیان سەرۆکى بەشەناوخۆییەکان وتوویەتى هەر کچێک پێداگیرى بکات بۆ چوونەدەرەوە، ئەوا وێنەیم بۆ بگرن و بۆم بنێرن، خۆم دەزانم چیى لێ دەکەم. لەبەر ئەم شەرەفپارێزییە هەندێک لەو کەسانەى ئینتیماى ئیسلامیبوونیان هەیە، پشتیوانى لە سەرۆکى بەشەناوخۆییەکان دەکەن و بە ''پیاوێکى چاک''ى دەزانن، چونکە پێیان وایە دڵسۆز بووە بۆ پاراستنى نامووسى کچەکانیان؛ ئەوان نازانن ئەتککردن یەکەم جار لەو لایەنەوە ڕوو دەدات کە شەرەف دەپارێزێت. دەبوا ئەم جموجووڵانەى ئێستا لە ساڵانى پێشترەوە بە جیدى دەستیان پێ بکردایە، هەر لەو کاتەوە زانکۆ کرا بە ''کەمپ'' و بەشەناوخۆییش بە ''زیندان''. تێرمى ''کەمپ'' دەلالەتێکى سیاسیى مەترسیدارى هەیە، لەخۆڕا نییە زانکۆى سلێمانى لە قلیاسان ناو نراوە ''کەمپى نوێى زانکۆ''. بەشەناوخۆییش کاتێک فۆرمى ''زیندان'' وەربگرێت، ئەوا ئاساییە خزمەتگوزارییشى بۆ دابین نەکرێت؛ زیندان شوێنێک نییە بۆ خزمەتکردن، شوێنێکە بۆ کۆنترۆڵکردن. ئەوەى گرنگە پاسەوانیکردنى زیندانییەکانە لە ڕێگەى پۆلیس و ''سەگەکان''ەوە.

کچە جوانەکان/ کچە باشەکان
گەنجى ئێمە لە هەموو ئیمکانێک بەتاڵ کراوەتەوە و خۆیشى خۆى بەتاڵ کردووەتەوە، بوونەوەرێکى بێمەترسى و دەستەمۆ و سەرگەرم و عاقڵى لێ دەرچووە، کە تاقەتى هیچ کارێکى جیدیى نەماوە. لیبیدۆى خۆى ناپارێزێت و بەردەوام بەفیڕۆى دەدات، بۆیە داهێنان و بزوانێکى ئەوتۆیشى نەماوە... خوێندکاری زانکۆ خۆى زانکۆیەکى بێئەرک و ''خۆش''ى دەوێت، زانکۆیەک کە لە لایەک دڵدارى، گاڵتەجاڕى، فشیقات، کێبەڕکێى شاجوانەکان، کەپڵاندن و ڕەفز، لەشى تەجمیلکراو و پڕسلیکۆنى تێدا بێت، یاخود لە لایەکى دیکەوە، بۆ پاراستنى لایەنى ئایینى و ئاکارى کۆمەڵایەتى، حیجاب و پەچە و کچى ''بەڕێز''ى تێدا بێت، بۆ ئەوەى خوێندکارە کوڕەکان، ئەگەر بیانەوێت، لە چوارەم ساڵدا لەگەڵ ''کچانى لێنەدراو''دا هاوسەرگیرى بکەن. ''لێنەدراو'' واتە چى؟ واتە کچێک کە دەستی ترى نەکردبێت و پاکژ مابێتەوە، وەک ئەو ئۆتۆمبێلانەى لێ نەهاتبێ کە بە هۆى پێکدادان لەگەڵ ئۆتۆمبێلى دیکە یان شتى تردا، بەشێکیان تێک چووە.
 کچانى زانکۆ بەسەر ئەم دوو گرووپەدا دابەش بوون: کچە جوانەکان و کچە باشەکان؛ لە هەردوو لایەنەکەیشەوە کچ خاسیەتى کاڵا وەردەگرێت و بە تێرمە کاڵاییەکان وەسف دەکرێت. یەکەمیان وەک بووکەڵەیەى قەشەنگ و ''خۆش'' کە کاڵاى بازاڕە، دووەمیان وەک خزمەتکارێکى گوێڕایەڵ و ''چاک''، کە کاڵاى خێزانە؛ لە هەردوو حاڵەتەکەیشدا لاى بەشێکى کچان ئەم دوو شێوازى دەرکەوتنە گرنگ و خوازراوە و دەشێت پێکیشەوە کۆ ببنەوە. بەم مانایە، گەر زانکۆ وێرانەیەکە و هیچى تێدا ناڕوێت، لە چەندین لایەنەوە ماناى لێ سەندراوەتەوە و لە ئیمکانەکانى داماڵراوە، ئەوا بەشێکى گەورە لە بەرپرسیارێتییەکەى لەسەر خودى خوێندکاران خۆیانە. گرنگە لەم جموجووڵانەدا خوێندکار بکەوێتە نێو خۆڕەخنەکردنیشەوە، بۆ دەرچوون لەم بەکاڵابوونە کۆمەڵایەتى و بازاڕییە.

شارییەکان و لادێیەکان
وێڕاى ئەم پاسیڤیزمەیش، دۆخى گەنج دۆخێکى وەستاو نییە، هەمیشە بە مەنگى نامێنێتەوە؛ هەڵچوون، تەقینەوە، گۆڕانى خێرا، جموجووڵ، بێباکى و سەرکێشی، دۆخەکانى گەنجێتین، بۆیە وردە بزووتنەوە و جموجووڵ ساڵانە لە زانکۆدا جاروبار سەرهەڵدەدات، بەڵام بە زووییش دادەمرکێتەوە؛ هەریەک لەم جموجووڵانە گرنگییان هەیە، هیچ نەبێ دەبنە نیشانەیەک بۆ تەسلیمنەبوونى تەواوەتى. خاڵى سەرنجڕاکێشى ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە لە خوێندکارانی داخلییەوە، واتە لە ''خوێندکاری دەرەوەى شار''ەوە، لە توێژە پەراوێزەکانەوە پەرەی سەندووە. زانکۆ گشتییەکان شوێنى گەڕانەوەى دوورخراوان و پەراوێزەکانە بۆ نێو چەقى شار؛ ئەوان لە ڕێگەى خوێندنەوە دێنەوە نێو شارە گەورەکان.
دەسەڵات دابەشکاری و کینەى ناوچەگەرێتى دەقۆزێتەوە و ناڕاستەوخۆ بە شارییەکان دەڵێت: ''ئێوە پێگەیەکى باڵاترتان هەیە، جوانترن، زمانتان خۆشتر و ناسکترە، دەزانن خۆتان بڕازێننەوە و عیدمیلاد بکەن، لە یادى هاوسەرگیریتاندا ئاهەنگ بگێڕن، دەیشزانن بچنە ڕیستۆرانت و دیسکۆکان و پێکەوە سەما بکەن. لادێیەکان عەشایەرن، خواردنى سەر عەرەبانەکان دەخۆن، جگە لە چایى نازانن قاوە و کاپۆچینۆ بخۆنەوە، هیوایەتیان زەواجە و حەزەکەن یەک دەرزەن منداڵ بخەنەوە و...'' دەسەڵات و عەقڵى ناوچەگەرانەى کورد لە ساڵانى پێشوودا کاری کردووە بۆ گەورەکردنى کەلێنى نێوان شارەکان، بەڵام بەتایبەتیتر گەورەکردنى درزى نێوان ''شارییەکان'' و ''لادێیەکان''، ئینجا تۆمەتبارکردنى لادێییە کۆچکردووەکان بۆ شارەکان بەوەى گوایە ئەوان باعیسى دواکەوتن و وێرانبوونى شارن (هەڵبەت هەرگیز کورد شارى بە ماناى ڕاستەقینە نەبووە، نە وەک سیاسەت، ئەدەب، هونەر، مۆسیقا، نە وەک شارى پیشەسازی کە شوێنى کۆبوونەوەى کارگەى گەورەکانە و دەبنە هاندەرى کۆچکردنى خەڵک لە دەرەوە بۆ ناوەوەى شار؛ لە ئێستایشدا شار تەنها پانتایى بەرخۆرى و باقوبریقە). بێگومان کۆچ بۆ ناو شار بڕێک شێوان و شڵەژان هەر دروست دەکات، خەڵکانى دەرەوەى شاریش کەلتووریان هەندێک جیاوازترە، توندوتیژترن، شەفەیین و کەمتر پەیوەستن بە ئەتەکێتەوە، بەڵام ئەم جیاوازییانە تەنها لە ئاستى ڕووکەشدایە، لاى ئێمە شار لە میرنشینێک زیاتر گەشەى نەکردووە و هیچ شتێکى تایبەتیشى بەرهەم نەهێناوە. ''پایتەختى ڕۆشنبیری'' بۆ سلێمانى تەنها موجامەلەیەکى بێتامى دەسەڵاتە بۆ ئەو شارەى کە خودى دەسەڵات خەساندوویەتى. ڕاستییەکەى سلێمانى کراوە بە پایتەختى ''سەلەفیەت'' نەک ''ڕۆشنبیرى''. وا باشترە لادێییە هاتووەکان بە هۆکارى سەرەکیى دواکەوتن و شڵەژان لەقەڵەم بدەیت، بەمە شکستى گەورەى حکومەت و دەسەڵات دەشاریتەوە و کەلێنەکەیش گەورەتر دەکەیت. گەنجانى زانکۆ دەرفەت و هەلى ئەوەیان هەیە ئەم کارتەى دەسەڵات بسووتێنن، جیاوازییە ڕووکەشەکان کاڵ بکەنەوە. ئەوان دەتوانن زۆر شت بە یەکترى ببەخشن و ببنە بەشێک لە سوبێکتیڤیتەى یەکترى.

لەپێناو هاوپشتیدا
ئێستا ئەوەى جووڵەى خستووەتە شارەوە، ''خوێندکارە لادێییەکان''ن بە پشتیوانیى ''خوێندکارە شارییەکان''، هەروەها کچەکانن بە پشتیوانیى کوڕەکان. ئەمە خاڵێکى زۆر گرنگى ''هاوڕێیەتى'' و ''هاوپشتی''یە. لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا لە دوو وتاردا ئاماژەم بەوە داوە کە سیاسەت لە پەراوێزەکانەوە دێتەوە بۆ سەنتەرەکان و بەمەیش سەنتەرەکە لە داخران ڕزگار دەکات. گرنگە خوێندکارى زانکۆ ئەم دابەشکارییانە تێبپەڕێنێت کە تەنها لە چینایەتییەوە نا، بەڵکو لە هابیتووسەکانەوە سەرچاوەى گرتووە: جوان/ناشیرین، حیجاب/سفوور، شارى/لادێى، سلێمانى/هەولێرى، حیزبى/ناحیزبى، کوڕ/کچ و... بە کاڵکردنەوەى ئەم هابیتووسانەى وا لە دەروونیاندا جێگیر بووە، خوێندکاران دەتوانن خێراتر هاوپشتى یەکتر بن، هاوڕێیەتیى زیاتر گەشە پێ بدەن، ئاسانتر کۆ ببنەوە، ئاسانتر بجووڵێن، بەو جۆرە هێز و قورساییشیان زیاتر دەبێت. ئەم جموجووڵە بەرهەمى پشتگیریى خوێندکارانی شارە لە هاوڕێیانى داخلییان، بەرهەمى ناڕەزایەتیى کچانە بە پشتیوانیى هاوڕێ کوڕەکانیان، هەروەها بەرهەمى پشتیوانیى ئەو کۆمەڵ و گرووپە بچووکانەیە کە بە تواناى خاکیى خۆیانەوە، لە زانکۆدا هەندێ جموجووڵ و ناڕەزایەتییان هەیە و نایانەوێت گەنج بە تەواوەتى تەسلیم بە ''ئیدارە'' ببێت. تەسلیمنەبوون پێویستى بە هەوڵ و تێکۆشانە بۆ پەرەدان بە وزە ناوەکییەکان و توانا داهێنانییەکان لاى خودى گەنج. سیاسەتى بەرەنگارانە (وێڕاى هەندێک زەروورەتى ڕێکخستن و دیاریکردنى میکانیزم و شتى لەم بابەتە)، تێکەڵبوونى دوو ڕەهەندی بنچینەییە: لە لایەک خۆپێگەیاندن لە ئیمکانە دەرەکییەکاندا، بۆ نموونە فەلسەفە و هونەر، دووەمیان ئەزموونکردنى هەستە ڕاستەقینەکانى ژیان، وەک عەشق و هاوڕێیەتى. لە هەر شوێنێکدا  فەلسەفە و عەشق، هونەر و هاوڕێیەتى پێکەوە کۆ بوونەوە، ئەوا سیاسەتى بەرەنگار دژ بە ڕێگرییەکان و قەدەغەکان گەشە دەکات.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان