Skip to main content

وەستان وەک یەکەم هەنگاو



بەیاننامەی وەستانی چالاکییەکانی کۆمەڵەی ٦٨

ن: لاوک ئەبوبەکر

چوار ساڵ پێش ئێستا، لە ناو ژیانی ڕۆتین و کپ و داماڵراو لە بەهای گەنجان و خوێندکاران، لە دوای شکستی پراکتیکیی ١٧ی شوبات و سەرەتای کۆچ، کۆمەڵێک گەنج و خوێندکاری زانکۆ بووین، پڕ لە وزە و بە ئایدیای نوێوە، بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەگەری دنیایەکی تر هەیە، کۆ بووینەوە و کۆمەڵەی ٦٨مان دروست کرد.
ساڵانێک بوو بەرخۆری بووبووە شوناسی گەنجان، خوێندکاران هیچی تر نەبوون جگە لە کۆمەڵێک جەستەی بێڕۆحی ئەڵقە لە گوێ، جگە لە کۆمەڵێک کڵاو بە سەری گوڵ بە دەستی شەهادەدار، لە بوونەوەری بێخەون و تەنیاکەوتە. شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەزموونە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن و میدیا و شەقام، بونیادی دروستکردنی دنیایەک بوون بێ گەنج، بێ جووڵەی خوێندکاری و ئەو بزاوتە مێژووییەی ئەم توێژە هەمیشە ناجێگرییان تێدا دروست کردووە. دەستبەسەرداگرتنی عەقڵی کۆمەڵگە لە لایەن فەزای مەجازی و ئامڕازە جیاوازەکانیەوە، جێکەوتنی فیگەرە سیاسی و هونەرییە بازاڕییەکان وەک تاکە ڕزگارکەر، جێگیرییەکی وای هێنابووە ئاراوە کە ئیتر هەبوونی گەنج و خوێندکار، هیچ زەرورەتێک نەبێت.
ئەستەم بوو لە دنیایەکی وادا بتوانیت بە جۆرێکی تر و بیر لە دنیایەکی دیکە بکەیتەوە، نەک ئەوەی بوێریی ئەوەت هەبێت بە دژیشی کار بکەیت. خەونەکانی ئێمە بە پلەی یەک، خۆیان لە گۆڕینی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەنجان و خوێندکاران دەبینییەوە، بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین بەو بیرکردنەوانە، خەیاڵی دنیایەکی تر، بە سیستەم و بەڕێوەبردنێکی دیکەوە بکەین. بۆ ئەمەیش پێویستمان بە پرەنسیپ و بڕوابەخۆبوون هەبوو، پێویستمان بە پاشخانێکی مەعریفی و مێژوویی هەبوو، دەبوو لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین و لە هەر ئەگەرێک دڵنیا بین.
کۆمەڵەی ٦٨ لە هەلومەرجێکی وادا دروست بوو. چەندین چالاکیی جۆراوجۆر و سەر بە دنیای گەنجان و خوێندکارانی ئەنجام دا، هەر لە کۆڕ و کۆبوونەوەی فیکرییەوە بگرە تا دەگاتە ڕابەرایەتیکردنی مانگرتن و خۆپیشاندانە جیاوازەکان. کۆمەڵەکە شەعبیەتێکی فراوانی لە ناو پانتاییەکەی خۆیدا بۆ دروست بوو، بێگومان هاوشان لەگەڵ تەخوین و بێزراندنی دەموچاوەکانی. چوار ساڵی ناجێگیر وەک دنیاکەی، بەرز و نزم لە چالاکی، پڕ لە ئینشیقاق و دروستبوونەوەی بەڕێ کرد.
ڕاستە کە بە زمانی ڕابردوو باسی هەلومەرجەکانی ئەو زەمەنەمان کرد، بەڵام ئەوەی لە ئێستادایە، نەک هەر ئەوەی چوار ساڵ پێشترە، بگرە ڕۆچوونێکی قووڵترە لەو دنیا موزەیەف و درۆزنەی کە هەبوو؛ ئێستا هەر یەک لەو ئامڕازانەی دەتوانن دنیایەکی جێگیر و بێکێشەت لە ڕووکەشدا بۆ دروست بکەن، بوونەتە پایەی کۆمەڵگەکە و بە جۆریک ڕەگیان داکوتیوە، کە دەتوانن دنیاچکەیەکی تری هاوشێوەت لە ناو دنیا گەورەکەدا بۆ دروست بکەن.
ڕەنگە پرسیاری هەرە گرنگ ئەوە بێت، ''کۆمەڵەی ٦٨ لە ناو ئەم دنیایەدا چیی کرد؟'' کۆمەڵەکە هیچ کاتێک پێی وانەبووە دەبێت ڕۆڵی پێغەمبەر ببینێت، هێندەی مەبەستی هەبوونی جووڵە و بزاوتەکە بووە. بۆیە ئەوسا و ئێستا و بۆ مێژوویش - لەگەڵ ئەوەی خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر هەر جووڵەیەک کە کۆمەڵەکە کردوویەتی و هەر جووڵەیەکیش کە لەسەر بنەمای جووڵەکانی ئێمە بونیاد نرابێت - کۆمەڵەی ٦٨ چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو وزە و توانایانەی گەنجان، کە بە ئاڕاستەی دژی سیستەمە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و نەریتییەکان کاریان کردووە و ویستوویانە بنەمایەک بۆ گۆڕینی دنیاکە لە داهاتوودا، ساز بکەن؛ بێگومان بە ئایدیا و پرەنسیپەوە.
لێرە بە دوا، کۆمەڵەی ٦٨ لە قۆناغێکی کارکردنی دەوەستێت. ڕەنگە ئەم دێڕە ئاشنا بە گوێ و بیرکردنەوەی هەموان بێت، بەوەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی باشووری کوردستان، لە ڕێگەی کارکردنیاندا هەمیشە تووشی قەیران هاتوون. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە له‌ کۆتایی ئەم قۆناغەی کارکردندا گرنگە، دیسان گۆڕینی بیرکردنەوەیە؛ ئەم جارە بۆ قەیران، بۆ گرووپی کۆمەڵایەتی، بۆ گەنج و خوێندکار. گۆڕینی ئەوەی کە قەیرانی ئەم جارەیان، وەک قەیرانێکی ڕووت و ئاسایی سەیر نەکرێت، بگرە بۆ هەموان - بۆ ئێمە کە لە ناو سەدان قەیراندا ئەم ئەزموونەمان کرد، بۆ ئەوان کە ڕەنگە لەم قەیرانەوە زیاتر نائومێد بن - ببێتە هەوێنی دۆزینەوەی فۆرمی تری کارکردن و بیناکردنی وزە و تواناکان، هەروەها خەون و ئەگەری هەبوونی دنیایەکی تر زیاتر پەرە پێ بدەین، نەک لێی بکشێینەوە.
بە هۆی ئەوەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە پڕن لە ئەندامانێک کە سایکۆلۆجیا و ئەخلاقیاتی جیاواز جیاوازیان هەیە و هەر یەکێکیان دەرهاویشتە و بەرهەمی خودی کۆمەڵگەکەن، لە سەرووی ئەمەیشەوە، بێپرەنسیپییان و نەبوونی مەعریفەیەک کە کۆمەک بە کارەکەیان بکات، وا دەکات هەمیشە چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکرێت تووشی قەیران ببن. کۆمەڵەی ٦٨یش لەمە بێبەش نەبووە و بگرە بە هۆی ئەوەی ئەزموونێکی تازە و تاقینەکراوەی زانکۆکانی باشووری کوردستان بوو، تێیدا زۆرترین جیابوونەوە و کشانەوە ڕووی دا و ڕووبەڕووی دنیایەک دژیەکی بووەوە. ئەمە بۆ ئێمە یەکێک بوو لە هۆکارە هەرە لەپێشینەکان کە نەتوانین لە دوای دەرچوونی بەشێکی زۆرمان لە زانکۆ و گۆڕانی شوناسی خوێندکاریمان، پڕۆژەکە بدەینە دەست نەوەیەکی دیکە و قۆناغ لە دوای قۆناغ ئەزموونی نوێ تاقی بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا بە یارمەتیی ڕۆشنبیر و دەزگا میدیاییە موزەیەفەکان، بونیادی فیکریی گەنجان و خوێندکاران لەسەر نائومێدی و پووچگەرایی و هیچگەرایی و لاموبالاتی و... بینا دەکرێت و لە قۆزاخەی پاسیڤبوون و بەرخۆرییان دەپێچن و هیچ دەرچەیەکیان بۆ ئەو توێژە کاریگەرە نەهێشتووەتەوە، کە لێیەوە بە چاوێکی تر سەیری ژیان و ڕەهەندەکانی بکەن و بە ئومێدەوە لە وزەی خۆیان و ئەگەری دنیایەکی تر بڕوانن. ئەمەیش تا ئاستێک گەیشتووە کە لەم کۆتاییانەدا نەخۆشیی توانای پۆلیس، تەنانەت خه‌یاڵی توێژی هه‌ره‌ ڕادیكاڵی گرتبووەوە و بەشێکی زۆریان بە یارییەکانی دەسەڵات باوەڕیان هێنابوو و وەک تووتی تۆمەتەکانیان دەگوتنەوە و کۆمەڵەکەیان بە پڕۆژەیەکی یەکێتی و پارتی و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی شکستخواردوویش دادەنا، ڕێیان بە خۆیان دەدا دادگا دابنێن و تەخوینمان بکەن و لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا جاڕی ئەوە بدەن کە هەر یەک لە دروستکردن و کپکردنەوەی ڕێپێوانە خوێندکارییەکان و گرتن و ئەشکەنجەدان و ئازادکردنەکان، سیناریۆ بوون و بۆ هەر یەکێک لە چاپکراوەکانمان بودجەی زەبەلاحمان وەرگرتووە.
ئەوەی نەمانتوانیوە پڕۆژەکە بدەینە دەست نەوەیەکی تری خوێندکاران و فراوانتری بکەین، هەرگیز پاساو نین بۆ خۆبەدەستەوەدان و کۆتاییهێنان بەو بەرەنگارییە پڕ شانازییەی هەمیشە باسمان کردووە، بگرە ئەم وەستانە لەم قۆناغەدا بە ئامڕازێکی تری درێژەپێدانی خەبات دەزانین، وای دەبینین کە دوای چوار ساڵ ئەزموون، هەر خەریکی خۆدووبارەکردنەوە نەبین و لەپێناو بەردەوامیدا بەردەوام نەبین، بگرە بە ئامانجی ئەوەی زیاتر و زیاتر لەو دنیایە تێبگەین کە تێیداین، لەم وێستگەیەدا بوەستین و لە قۆناغێکی دیکە و لەپێناو دنیایەکی تردا بەردەوام بین. چونکە وەک چۆن هەمیشە چاوەڕوان بووین کادرێکی حیزبیی فاشیل تۆمەتمان بۆ هەڵببەستێت، بەو قەبارەیە و زیاتریش چاوەڕوان بووین کە هاوڕێکانمان باوەڕی پێ بهێنن. وەک چۆن یەقینمان بووە سەر تا خواری هەوڵ و چالاکییەکانمان خودی مانا بوون، هەر ئاوایش زانیومانە کە بێمانا دەکەونەوە. بۆیە ئێمە هەرگیز شۆک نەبووین و بە نائومێدییەوە لە کار ناوەستین، هێندەی بۆ ئەوە دەوەستین زۆرتر لە دنیاکەمان ڕابمێنین، خوێندنەوەی وردترمان بۆی هەبێت و دواتر بەهێز بگەڕێینەوە! لە سەرووی هەموویشیەوە: ئەزموونەکە بە باڵای بەرزی خۆیەوە دابنێین، نەک بە شکستخواردوویی.
هیوادارین وەک چۆن تا ئێستا کۆمەڵەی ٦٨ بۆ بەشێک لە گەنجان و خوێندکاران جێی ئومێد بووە، هێشتا و دوای وەستانی لەم قۆناغەدا و پاش هاتنەوە و کارکردنەوەی ئەندامانی لە فۆرمێکی تردا، هەر وا بمێنێتەوە، چونکە هەرگیز ئەم وەستانە لە نائومێدییەوە نییە و گەر ٦٨ لە فۆرمێکی پراکتیک وەستابێت، بەڵام خۆ ئەزموونەکەی لە مێژوودایە و شایەنی هەڵگرتنەوە و بگرە دەستپێکردنەوەیشە... هەر وەک چۆن ساموێل بیکێت دەڵێت:
''ناتوانم بەردەوام بم، بەردەوام دەبم، دەبێت بەردەوام بم.''

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان