Skip to main content

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە


چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن.

دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''.

لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەمعی، کرۆکی نووسراوەکانی دەبێت. تا لە ڕێیەوە خۆمان پەروەردە بکەین و پێکەوە هێزی بەرەنگاریمان سەرپێ و جێ بخەین. لە ئێستادا ژمارە ١ی بڵاوکراوەی ڕەت لەژێر چاپدایە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی مەیدانی لە بەشێک لە زانکۆکانی باشووری کوردستان بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها بەپێی توانا کار بۆ ئامادەکردنی ژمارەکانی تری دەکرێت.

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت لە شەش وتار پێک دێت کە لە دووتوێی چوار لاپەڕەدایە، هەرشەشیان لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکار و گەنجەوە نووسراون کە لە هەناوی ئەو کێشە و گرفتانەدا ژیاون کە وتارەکان دەربارەیانە و لە کێشە و گرفتە هەنووکەییەکانی ئەمڕۆی خوێندکارانن. ناونیشانی وتارەکانیش بریتین لە:

·        سێیینەی خێڵ و خێزان و زانکۆی نەریتی: ئەوەی دەبێت خوێندکار بەرەنگاری ببێتەوە
ن: کۆمەڵەی ٦٨

·        هاوڕێکانمان کێن؟
ن: وەلید عومەر

·        ''هەموو شت فشەیە، بۆی دامەچۆ''
ن: زەردەشت نورەدین

·        لە زانکۆوە بۆ جیهانی شاشەکان
ن: وەلید عومەر

·        ''هەموو شت فشەیە، بۆی دامەچۆ''
ن: زەردەشت نورەدین

·        ''داخلی سیتی''
ن: کۆمەڵەی ٦٨

ئەوەی شایەنی باس و سەرنجدانە، بڵاوکراوەی ڕەت بێبەرانبەر بڵاو دەکرێتەوە و بەسەر خوێندکاراندا دابەش دەکرێت. هەروەها لەبەر ئەوەی توانای دارایی کۆمەڵەی ٦٨ سنووردارە، توانراوە تەنها هەزار دانەی لێ چاپ بکرێت. هەر بۆیە لە کاتی دابەشکردنی بەسەر خوێندکاراندا، هەوڵ دەدرێت هەر دوو بۆ پێنج خوێندکارێک، نوسخەیەکیان بدرێتێ و پێکەوە بیخوێننەوە؛ وەک ئامڕازێکیش بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانمان و دروستکردنی هاوڕێیەتییەکی سیاسی.




سەروتاری ژمارە ١ی بڵاوکراوەی ڕەت:

پێکەوە بۆ خۆپەروەردەردن، پێکەوە بۆ بەرەنگاری

نزیکەی چل ساڵێک دەبێت لە باشووری کوردستاندا زانکۆکان هەن، هەر ئەوەندەش یان کەمێک زیاترە خوێندکارانی زانکۆ وەک بوون و کاریگەری هەن و لە هەندێک لە ڕووداوە چارەنووسسازەکاندا (ئەگەرچی کەمیش بن)، ڕۆڵیان بینیوە. دیسان هەر لەو ساڵانەدایە هێربەرت مارکۆزە دێت خوێندکار دەخاتە شوێنی چینی پرۆلیتاریا و دەڵێت کە ئیتر خوێندکارانن دەتوانن گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان دروست بکەن و ببنە وزە و هێزی نوێی سەردەم. لەم ڕوانگەیەی مارکۆزەوە، چەندین بزووتنەوەی خوێندکاری دروست دەبن و چەندین شۆڕش هەڵدەگیرسێت، کە خەباتگێڕە سەرەکییەکانیان خوێندکاران دەبن.

دوای ئەوەی ئەم پێگە و بەرپرسیارێتییە گرنگە دەدرێتە پاڵ خوێندکار و دەبێتە بکەری زۆرینە و بگرە تەواوی گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان، چەندین کەناڵ بۆ گەیاندنی پەیام و گوتاری بزووتنەوە جیاوازەکانی خوێندکاری دروست دەبن، کە لە ڕێیانەوە خوێندکاران دەنووسن و بیر دەکەنەوە، وەک بڵاوکراوە و بڕۆشۆر و نامیلکە و کتێب؛ بزووتنەوەی ئایاری ١٩٦٨ی خوێندکارانی فەڕەنسا یەکێکن لەو نموونانە. بە چاوخشاندن بە مێژووی زانکۆ و خوێندکارانی باشووری کوردستان، کۆمەڵیک بڵاوکراوەی خوێندکاری دەبینرێن، بەڵام کێشەکەی لەگەڵ هیی بزووتنەوە خوێندکارییە جیهانییەکاندا ئەوەیە هیچی وایان جێ نەخستووە و نەیانتوانیوە شتێکی وا سەربار بکەن بۆ مێژوو بمێنێتەوە و نەوە لە دوای نەوەی خوێندکاران سوودی لێ ببینن و بتوانن بیکەنە سەرچاوەی هزری و مەعریفیی خۆیان.

لەم سۆنگەیەوە بلۆگ و بڵاوکراوەی ڕەت دروست دەکرێت، لە ناو هەموو ئەو ناڕێکخراوی و نایەکگرتووییەی خوێندکاراندا، کۆمەڵێک خوێندکار بە ئایدیا و ئامانجێکی ڕێکخراو و یەکگرتووەوە ڕەت دروست دەکەن، بەو ئامانجەی لە ڕێی بڵاوکراوەکانیەوە بتوانێت هۆشیاری دەربارەی ئەو ڕۆڵە سیاسییەی دەبێت خوێندکاران بیبینن و بکەری گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان بن، بڵاو بکاتەوە، پێیان بناسێنێت، پێگەی خۆیانیان پێ پیشان بدات، بەرپرسیارێتیی نێژراویان زیندوو بکاتەوە و ئیتر بە مانای وشە ''خوێندکار'' بن.

ڕەت چاوگی ''ڕەتکردنەوە''یە، بە ماناکانی بزاوتن و تەکان، هزر و بیر، لەڕێدەرچوون و یاخیبوون، بنچینە و بنەڕەت، داو و لێتێکدان دێت، کە دەنووسێ و بڵاو دەکاتەوە بە ئامانجی ئەو مانایانە کار دەکات و گوتارەکەی ڕەتکردنەوەیە. ڕەت ڕادیکاڵ دەبێت، هیی هەموو ئەو کەسانەیە کە خەونی گۆڕانکاریی ڕیشەییان هەیە و نەبوونەتە بەشێک لەو سیستمەی هەیە، هیی ئەو خوێندکارانەیە تا ئێستا کەناڵیک نەبووە بڵاوکراوە ڕادیکاڵانەکانیان بۆ بخاتە بەرچاو، هیی هەموو ئازادیخوازێکە، هەموومان دەتوانین تێیدا بنووسین و وەربگێڕین، سەرپێ و جێی بخەین و لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەکی هزری و مەعریفیی خوێندکاران، کە لە هەناویەوە بەرەنگاریی خوێندکاری بێتە دەرێ.


هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی هیی هەموومانە، ڕەت کەناڵێکی فەڕمی دەبێت بۆ گوتاری کۆمەڵەی ٦٨ و لە ڕێیەوە ئایدیاکانی خۆی دەگەیەنێت. هەر هاوڕێیەک دەیەوێت نووسین و وەرگێڕانەکانی، کە ئامانجەکانی ڕەتیان هەیە، لە ڕەت بڵاو بکاتەوە، بابەتەکەی بۆ ئەم ئیمەیڵە بنێرێت:

k68ret@gmail.com



زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان