(١)
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی
گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و
کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا
بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە
لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ
و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی
دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو.
لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک
چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان
دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی
ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی
پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم
بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە
تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕینی پەرلەمانتارێتیی فراکسیۆنی ویگ بۆ حیزبێکی
لیبراڵ خستە ئەستۆ. بە هۆی هەوڵەکانیانەوە، لەبری دەستخستنی دەنگی کرێکاران، ڕادیکاڵەکان
متمانە و دەنگی ڕێکخراوە بازرگانییەکانیان پەیدا کرد؛ لە ساڵی ١٨٧٤ەوە بۆ ساڵی
١٨٩٢، هەر یەکێتییەکی بازرگانی کە لە پەرلەماندا کورسییان هەبوو، شوناسیان وەک
ڕادیکاڵ دەناساند.
لە فەڕەنسا، پێش ساڵی ١٨٤٨ چەمکی ڕادیکاڵ بە مانای پاڵپشتیکردنی مافی
دەنگدان بۆ هەموو چینەکان دەهات، لەمەوە کۆماریخوازەکان خۆیان ناو نا ڕادیکاڵ. ڕادیکاڵەکانی
ئەوێ خۆیان بە میراتی هەقیقیی شۆڕشی فەڕەنسی دەزانی، لە ساڵی ١٨٨١دا سەکۆیەکیان
گرت و بانگەشەی ڕیفۆمی ڕیشەیی کۆمەڵایەتییان دەکرد. ئیتر لەمە و لە گۆڕانی
سەدەکەدا، حیزبی سۆشیالیستی ڕادیکاڵ پێک هات. ڕادیکاڵە
ئینگلیزەکانی سەدەی نۆزدە بە ئایدیای فەلسەفی کاریگەر بوون، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد
مرۆڤ لە ڕێی کرداری هەرەوەزی و پێکەوەییەوە، دەتوانێت کۆنتڕۆڵی فەزا و بازنە
کۆمەڵایەتییەکان بکات. ڕادیکاڵە فەلسەفییەکان ئەمەیان ڕاگەیاندبوو، چونکە ئەم
ئەگەرانە بە هەمان شێوە پاڵپشتیی تیۆریا مارکسییەکان دەکات بۆ ڕیفۆرمی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی.
لەمەوە ئیتر شوناس و پێناسی ڕادیکاڵەکان مارکسیزم بوو.
لە ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەی ئەم چەمکە یەکێکە لەو چەمکانەی هەڵگرتنی
شوورەییە، بەڵام هەمیشەش بەو جۆرە نەبووە. لە زمانی ستانداردی ئەمەریکدا، ڕادیکاڵیزم
بە مانای توندڕەویی سیاسیی جۆراوجۆری چەپەکان و ڕاستەکان دێ، تێیدا کۆمۆنیزم وەک
نمونەیەکی ڕێکخستن خزمەت دەکات و فاشیزم وەک هەنگاوەکانی دواتری. چەمکەکە زیاتر
دراوەتە پاڵ چەپەکان، بەڵام دەستەواژەی ''ڕادیکاڵە ڕاستەکان'' وای لێ هات ئاسایی
بەکار بهێنرێت. جووڵەی جۆراوجۆری گەنجانە لە ویلایەتە یەکگرتوەکان بە شوناسێکی ڕادیکاڵانەوە
ناویان بڵاو بووە و لە لایەن ناڕازییەکانی کۆمەڵگە تەقلیدییەکانەوە پاڵپشتی کران.
دواجار
لە ئێستا و دنیای ئەمڕۆماندا، ڕادیکاڵیزم شوناسی هەر گرووپێکە کە ویستی گۆڕانکاریی
ڕیشەیی لە کۆی سیستم و یەکە جیاوازەکانیدا هەبێت و بیەوێت دنیایەک دروست بکات، کە
دادپەروەری سەنتەری بێت.