(٧)
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
''ئایدۆلۆژیا
ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.''
ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی
بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە
زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو.
لە
سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور،
بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک
بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان،
کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات.
هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا
چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە
ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن
کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی
کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا
بە هەمان شوە لە خزمەت گەلدا کار دەکات، لەپێناو پارێزگاریکردن و بەدیهێنانی ئامانجە
نەتەوەییەکەیان.
ئایدۆلۆژیا سیستمی بیرکردنەوەیە، کە هەوڵ
بۆ ڕوونکردنەوەی واقیع و ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەی هەن، دەدات، چونکە واقیع زۆر جار
لەوە ئاڵۆزترە کە بە سانایی لێی تێبگەین، بۆیە ئایدۆلۆژیا پەرەی پێ دەدرێت و کاری
لەسەر دەکرێت. زۆرینەی ئایدۆلۆژیاکان بانگەشەی باشکردنی خراپییەکان و چاککردنی چەوتییەکان
دەکەن و دەڵێن کە لە خزمەت سوودەکانی کۆمەڵگەدا کار دەکەن. هەندێک ئایدۆلۆژیا زۆر
باش لە واقیعدا ڕەگیان داکوتاوە، لە کاتێکدا ئەوانی تر تەواو لە واقیع
جیابوونەتەوە و تەنها لە چوارچێوەیەکی تەسکدا کار دەکەن، کە ئەویش لە زۆرترین
ئەگەریدا هاندان و هێشتنەوەی هەست و سۆز و دەروونی هەڵگرەکانیانە.
ئایدۆلۆژیاکان یان ئەوەتا واقیع و
هەلومەرج و بارودۆخەکانی ئەوپەڕی سادە دەکەنەوە، یاخود تەواو دەیشێوێنن. زۆر جار
لەپێناو ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەت، بەکارهێنانی چەمکی ئایدۆلۆژیا سوودی دەبێت و لە
بەرانبەر ئەوەشدا دەڵێن کە پێویستیی هەبوونی ئایدۆلۆژیا ئاڵۆزیی زیاتری دروست
کردووە وەک لە چارەکردنی.