''زانکۆکان لە دنیایەکی نیولیبڕاڵدا''، ناونیشانی نامیلکەی سێیەمی ٦٨ە، کە
لە نووسینی تیۆریست و پڕۆفیسۆری بەڕیتانی، ئەلێکس کالینیکۆسە کەژان مەحموود و
ساڤان ئاکۆ لە ئینگلیزییەوە وەریان گێڕاوە بۆ کوردی.
ساڤان ئاکۆ، یەکێک لە وەرگێڕەکانی دەقەکە، دەڵێت: ''
ئەم دەقە یەکێکە لە دەقە گرنگەکانی ئەلێکس
کالینیکۆس، کە پێناسەیەکی ڕووتی زانکۆ لە دنیای ئەمڕۆدا دەکات. کالینیکۆس تا
دەتوانێت ورد و پوخت قسە لەسەر ڕۆڵ و ئەرکی زانکۆ دەکات و بە تەواوی کونج و لایەن
و ھاوکێشەکانیمان ئاشنا دەکات. ئەم دەقەی کالینیکۆس بۆ دوو بەش دابەش دەبێت:
یەکەمیان، کالینیکۆس خۆی بۆ ناساندنی زانکۆکان تەرخان دەکات و دەتوانین بڵێین وێنەیەکی
ڕووتی زانکۆمان پیشان دەدات و پێمان دەڵێت کە زانکۆ لە ئێستادا بێ ھیچ زیاد و
کەمێک، ئەمەیە، بەم جۆرە و بەو جۆرە بووەتە مەڵبەندی قازانج و بەرھەمهێنان، بەم
جۆرە و بەو جۆرەیش دەستی لەگەڵ کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییە گەورەکان تێکەڵ کردووە
و لە ڕێگەی فێرکردن و توێژینەوەوە نەک تەنها خزمەتیان دەکات، بەڵکو ھاوبەشییشیان
دەکات. دووەمیان، بەشێکی ڕەخنەییە و دژ بە ئایدیای تەسلیمبوون لە بەردەم واقعی
نیولیبڕاڵیزمدا دەوەستێتەوە، بانگەشەی ئەگەری جیهانێکی دیکە دەکات، لەو بەھانەیە
دەدات کە پێی وایە ئیمکانی ڕزگاری بوونی نییە و ناچارین بە ڕازیبوون و بوون بە
بەشێک لە یارییەکە.''
هەروەها نووسەر و وەرگێڕ زەردەشت نورەدین، کە پێشەکیی چاپی کوردیی
نامیلکەکەی نووسیوە، دەڵێت: ''نامیلکەی 'زانکۆکان
لە دنیایەکی نیولیبڕاڵدا'ی ئەلێکس کالینیکۆس، دەقێکی پوختە بۆ ئاشنابوون بەو
دەستدرێژییانەی کە نیولیبڕاڵیزم کردوویەتیە سەر زانکۆ و بونیادی خوێندن. کالینیکۆس
بە خێرایی و بە کورتی باس لەو دەستکاریکردنە بونیادییانە دەکات کە سەرمایەداران لە
زانکۆکاندا ئەنجامیان داوە بە مەبەستی قازانجکردنی خۆیان، لەسەر حیسابی وێرانکردنی
خوێندن، زانکۆ و خوێندکار. هەروەها باس لە پڕۆسەی خوێندن دەکات کە چ گۆڕانکارییەکی
ڕیشەیی تێدا کراوە و لە بنەچەی خۆی چۆن ترازاندوویانە. بە تەنیشت ئەوانەیشەوە باس
لە خوێندکاران دەکات کە چۆن دەکرێن بە ژێر باری قەرزەوە و چینەکانی خوارەوە لە
زانکۆ بێبەری دەکەن و دواجار خوێندکار کورت دەکەنەوە بۆ ئیشکەرێکی بەکرێگیراو. هیچ
جۆرە پێشەکییەک و کورتکردنەوەیەک نابێتە بەدیل بۆ نەخوێندنەوەی خودی نامیلکەکە،
هەر بۆیە خوێندنەوەی نامیلکەکە زوروورییە.''
شایەنی باسە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵەی ٦٨ ژمارە ٥ی بڵاوکراوەی ڕەتی تایبەت کرد بە ناساندنی ئەم نامیلکەیە لە ڕێی چوار وتارەوە، کە بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕا و خودی نامیلکەکەیش هەوڵێکە لەم گەڕانەدا:
''قازانج
تەواوی دنیای تەنیوە؛ مرۆڤەکان بوونەتە ژمارە و چینێکی کەمینە خەڵک وەک پارەی
پێگرتوو دەبینن، کە بە ھەوەسی خۆیان دەیانھێنن و دەیانبەن...
زانکۆکان لە کوێی ئەم دنیایەدان؟ قازانج چۆن
ئێرەیشی تەنیوە؟ خوێندکاران چۆن بارکۆد لە ناوچەوان و پشتملیان دەدرێت؟ ئایا بە خۆیانیان
زانیوە ئەگەر مەعریفەکەیان پارە نەکات، لەم جۆرە دنیایەدا جێیان نابێتەوە؟''
نامیلکەی سێیەمی ٦٨ لە
ڕۆژانی داهاتوودا و لە ڕێی چەند کۆڕێکەوە بۆ ناساندنی، لە چەند زانکۆ و
پەیمانگەیەک بڵاو دەکرێتەوە.
کۆمەڵەی ٦٨ سوپاسی ماڵی سوهرەوەردی دەکات، کە ئەرکی چاپکردنی نامیلەکەکەی لە ئەستۆ گرت.
کۆمەڵەی ٦٨ سوپاسی ماڵی سوهرەوەردی دەکات، کە ئەرکی چاپکردنی نامیلەکەکەی لە ئەستۆ گرت.
نامیلکەی ٦٨ یەکێکە لە
هەوڵ و چالاکییەکانی کۆمەڵەی ٦٨، کە لە ڕێیەوە گرنگترین و باشترین ئەو دەقانەی بۆ
هۆشیاریی گەنجان و خوێندکارانی باشووری کوردستان پێویستن، لە دووتوێی نامیلکەیەکدا
چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. نامیلکەی یەکەمی ٦٨ لەژێر ناونیشانی ''١٩٦٨، کرۆنۆلۆژیی
ڕووداوەکان لە فەڕەنسا و جیهاندا''، هەوڵێک بوو بۆ ناساندنی ئەو میراتەی لە
بزووتنەوەی خوێندکارانی ئایاری ٦٨ی فەڕەنساوە بۆ خوێندکاران ماوەتەوە، ''هەژاریی
خوێندکار لە ڕووی هزری، دەروونیو مۆڕاڵی''یشەوە نامیلکەی دووەم بوو، کە محەمەد
عوسمان، خوێندکاری زانکۆی سلێمانی، لە ڕێی ڕاپرسییەکی کۆمەڵەی ٦٨ەوە خوێندنەوەی بۆ
زانکۆ و خوێندکار لە باشووری کوردستان کردبوو.