هیوا ئومێد
یوستەنەیژیا کردەیەکە
تێیدا مرۆڤێک لەسەر داوای خۆی یان کەسوکارەکەی، لەبەر ھۆکارێک کە چارەی لە دەرەوەی
توانای مرۆڤە، کۆتایی بە ژیانی دەھێنێت. ئەم مردنە بە مەرگی بەسۆز یان کوشتنی
بەسۆز ناسراوە؛ واتای ئەو ھۆکارە دەدات کە بە ھۆیەوە مرۆڤەکە دەکوژرێت.
ئەم کردەیە لەم
دواییانەدا لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا قسەی لەسەرە، کەمینەیەک کردوویانە بە یاسا و
ئاسایی جێبەجێ دەکرێت، زۆرینەش بە پاساوی ئایینی و کولتووری و کومەڵایەتی ڕەتی
دەکەنەوە.
فیلمی دەریای دەروون
باسی ئەو دۆخ و ھەلومەرجە دەکات کە مرۆڤێک دەخاتە حاڵەتی ئەوەی داوای یوستەنەیژیا
بکات، داوا بکات ئازیزەکانی بیکوژن، چونکە ئیتر ژیانکردن بۆ ئەوێکی ئیفلیج و
نەجووڵاو ھیچ مانایەکی نییە، بگرە زیادەییشە.
فیلمەکە حوکم نادات
کە ئەم کردەیە ڕەوایە یان نا، ناڵێت پێویستە بکرێت یان نا، بەڵکو گفتوگۆیەکی قووڵ
لە نێوان ھەردوو بەرەکەدا دروست دەکات، ھەردوو لایەنەکە تا ئاستی توندوتیژییش
بەرگری لە بیروڕاکەیان دەکەن، ھەردووکیان خۆیان ھەم دەسەلمێنن، ھەم دەچەسپێنن:
بەرەی ژیان و بەرەی مەرگ، بەڵام مەرگ لە جۆرە بەسۆزەکەی، لەو جۆرەی بارگرانی
ناھێڵێت، لەو جۆرەی کە پێی وایە ژیانکردن مافە، نەک ئەرک.