مانۆلا دارجیس
لە
ئینگلزییەوە: کۆمەڵەی ٦٨
تەڵاق چیرۆکی
ژنێکی ستەملێکراوە کە قوربانیی دەستی ویست و یاساکانی پیاو و خودایە؛ ئەم ژنە لە
ڕێگەی چیرۆکەکەیەوە ڕەخنەی توند لە خودا و پیاو دەگرێت، کە لە پشت پەردەی یاسای
ئیسرائیلەوە و بە ناوی یاسا و نەریتەوە، ژن دەچەوسێننەوە لەپێناو دەستکەوت و
بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا. چیرۆکەکە بە جۆرێکە کە ژنەکە چەندین ساڵە داوای
جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کردووە، بەڵام دادگا داواکەی جێبەجێ ناکات بە هۆی ئەو
یاسایەوە کە دەڵێت ''تەڵاق بە هیچ جۆرێک ئەنجا منادرێت لەسەر داوای ژن، بەبێ ئەوەی
پیاو تەڵاقنامەکە بە دەستی خۆی ڕادەستی دادگا نەکات''، هەر ئەمەیشە کە ڤیڤیان
دەخاتە دۆخێکی دەروونیی تەواو نالەبارەوە، کە هاوسەرەکەی بە هیچ جۆرێک نایەوێت
تەڵاقنامەکە ڕادەستی دادگا بکات و ساڵ لە دوای ساڵ داواکەی ڤیڤیان بێ ئەنجام لە
دادگا ڕادەستی خۆی دەکرێتەوە.
ڕۆنیت
ئەلکابێتزی، دەرهێنەری فیلمەکە، کارەکتەری ڤیڤیانی کردووە بە سیمبولی ئەو مرۆڤانەی
کە لە نێوان زەوی و ئاسمانەکاندا ناچار بە شتێک کراون کە بە ویستی خۆیان نییە و بە
هیچ جۆرێک ناتوانن ڕزگاریان ببێت، ناوی فیلمەکەیش کە ناوی ڤیڤیان ئامسالمی تێدا هاتووە،
خۆی بۆ خۆی ئاماژەیە بەوەی کە چۆن ژن هەمیشە بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی هەموو ستەمەکانە
بە هەمان شێوەی ڕۆمانە بەناوبانگەکانی وەک جەین ئایر و مەدام بوڤاری و ئانا کارینا؛
ناوهێنانی ژن لە ناونیشانی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا هەمیشە ئاماژەیەکی گەورە بووە بۆ
دەرخستنی ئەو ستەمە بەردەوامانەی کە هەم خودا و هەم سروشت و هەم مرۆڤایەتییش
دەرحەق بە ژنی دەکەن، بوونی وشەی دادگاییش لە ناونیشانەکەدا پەیوەندییەکی زۆری بە
ڕۆمانی دادگایی فرانتز کافکاوە هەیە، کە چۆن ئەویش لە ڕۆمانەکەیدا بێدەسەڵاتیی
مرۆڤی پیشان دەدا لە بەرامبەر سیستەمی ئاڵۆزی بیرۆکراسیدا، بە تایبەت دادگا، کە
بەرژەوەندیی کەمینەیەکی پێوە بەستراوە و هەر کەسێک ناچار بێت دادگایی بکرێت،
پێویستە ئەو بڕیارەی لەسەری دەردەچێت، خزمەتێکی ناڕاستەوخۆ بێت بەو کەمینەیە.
ڕاستە ڕوخساری
چیرۆکەکە لەسەر داواکارییەکەی ڤیڤیانە بۆ کۆتاییهێنان بەو هاوسەرگیرییە بێزارکەر و
بێمانایەی، کە چەندین ساڵە ناچار بووە لەگەڵیدا بژی و سەرەڕای دژایەتیکردنی
هاوسەرەکەی بۆ داواکارییەکە، بەڵام چیرۆکەکە لە ناوەڕۆکدا باسێکی قووڵی دۆخی مرۆڤ
و ژنە لە ناو چوارچێوەکانی ژیاندا و هەر کاتێک ڤیڤیان لەگەڵ دادوەر یان هاوسەرەکەی
قسە دەکات، قسەکەی تەنها لەسەر هاوسەرگیری و تەڵاقەکە نییە، بەڵکو لەسەر دۆخی مرۆڤ
بە گشتی و ژنە بە تایبەتی، بەرامبەر بە خودا و سروشت و یاسا، هەروەها چەمکی
خۆشەویستی و ئازادی و ماف لەژێر ناوی تەڵاقدا دەخرێنە ژێر پرسیاری جیدییەوە.