Skip to main content

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: ئەو دووڕیانەی سەرمایەداری بۆ مرۆڤی دروست کردووە


کریستی لمییەر
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد شابان

ماریۆن کۆتیارد، کەسایەتیی دیاری خۆی وەک ئەستێرەیەکی سینەمایی و خانمێکی هەردەم قەشەنگ و ڕازاوە وەلا دەنێت و ڕۆڵی خانمە قارەمانێکی سەر بە چینی کرێکار دەبینێت، لە فیلمی ''دوو ڕۆژ و شەوێک''ی ژان پیێر و لوک داردێن.
هەرچەندە فیلمەکە دوورکەوتنەوەیەکی تەواوە لە شێوازی نواندنی باوی خانمە ئەکتەرەکە، کە ساڵی ٢٠٠٧ بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ نمایندەکردنی خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی گۆرانیبێژی بەناوبانگی فەڕەنسایی ئێدیت پیاف، بە شێوەیەکی زۆر باش و هەستبزوێن لە فیلمی ''ژیانی گوڵێک''، دروست جێی دەبێتەوە و دەگونجێت لە چوارچێوەی کارە هونەرییەکانی هەردوو برا بەلجیکییە دەرهێنەرەکە هەم لە ڕووی تێماوە و هەم لە ڕووی تۆن و ئاوازەوە. دوو برا دەرهێنەرەکە دەمێکە داکۆکیکاری خەڵکانی ئاسایین و پەییان بە ڕاستگۆیی و جوانی بردووە لە ڕەنج و ناڕەحەتییەکانی ڕۆژانەیان. فیلمەکانی ''لا پڕۆمێس'' و ''کوڕەکە'' و ''منداڵەکە'' و ''منداڵێک بە خۆی و دووچەرخەیەکەوە''، بەڵگەن لەسەر ئەمە. نوێترین فیلمیان لەسەر ژن و دایکێک بە دوو منداڵە کە تێدەکۆشێت تا بتوانێت پیشەکەی لە کارخانەیەکدا بە دەست بهێنێتەوە.
بەڵام جیاوازیی سەرەکیی فیلمی ''دوو ڕۆژ و شەوێک'' لەگەڵ فیلمەکانی تریان، لەوەدایە هەردوو برا دەرهێنەر و سیناریۆنووسەکە خانمە ئەکتەرێکی زۆر بەناوبانگی نێودەوڵەتییان هێناوە و جێیان کردووەتەوە و گونجاندوویانە لەگەڵ ئەدگارە باو و ناسراوەکانی فیلمچێکردنی خۆیان، وەک ئەو گرتانەی کامێرا بە شوێن کارەکتەرەوەیە، گەڕان و پیاسە درێژەکانی نێو شار و بەکارهێنانی ڕووناکیی سروشتی. لەوانەیە تەنها وەک قسەیەکی سەرنجڕاکێشەر بێتە بەرچاو، گەر بگوترێت ''ئۆو، بە ڕاستی مارۆین کۆتیارد زۆر ئازا و سڵنەکەرەوەیە بەوەی ئەملا و ئەولای شار دەگەڕێ بەبێ مەکیاژ کرد و قژێکی یەکپلکی شێواو''. بەڵام بە ڕاستی کۆتیارد دەتوانێت ببێتە خانمەئەکتەرێکی بێدەنگ و سادەی ناوازە بەو چاوانەی ئەو کە هەر بە بینینیان دەتوان زۆر شت بە بینەران بڵێن و بەو دەموچاوەی دەڵێت بۆ ئەوە دروست بووە ئازارچەشتن بنوێنن. تەنانەت کاتێک فیلمەکە هەندێک هێواش و بێزارکەر دەبێت، نواندنەکەی کۆتیارد بە نایابی و هەستبزوێنی دەمێنێتەوە.
گەر بە وردی بڕوانین، دەبینین لێرەدا کارەکتەرەکەی کۆتیارد، ساندرا، ئەوەندەیش جیاواز نییە لەو ڕۆڵەی کە بینی لە فیلمی ''کۆچبەرەکە''ی جەیمس گاری و ناوبانگ و ڕێزی زۆری بۆ خۆی لێوە بە دەست هێنا. هەردووکیان خۆیان لە ناڕەحەتی و بارگرانییەکی ژیانیاندا بینیوەتەوە کە تێیدا دەبێت تێبکۆشن تا ژیانێک بۆ خۆیان دابین بکەن، گەر بێتو ژیانێکی زۆر چەرمەسەرییانەیش بووە. هەردوو بڕیاری ئەوە دەدەن پارێزگاری لە ئەندامانی خێزانەکانیان بکەن و بەمەیش سەرەنجام ڕووبەڕووی شەرمەزاری و سووکایەتیپێکردن دەبنەوە. بەڵام لەو کاتەدا کە فیلمەکەی گاری لێوانلێوە لە پۆشاکی سەردەمی کۆن و دیزاینی سەدەیەک لەمەوبەر، دوو براکە لە تەونی خۆیان دوور نەکەوتوونەتەوە و فیلمەکەیان سەر بە ڕیالیزمی مۆدێرنەی ڕووت و بێگرێوگوڵە.
دروست دەمانخەنە ناوەڕاستی ڕووداوەکانەوە و داوامان لێ دەکەن پێیان ڕابگەین. بۆ ماوەیەک ڕوون نییە چی بەسەر ساندرادا هاتووە، بۆچی وا لە گەرمە و جەنجاڵیی ژیانی ڕۆژدا لەسەر قەنەفەیک پاڵ کەوتووە و سەرخەو دەشکێنێت کاتێک مۆبایلەکەی زەنگ لێ دەدات و لە خەو بێداری دەکاتەوە، بۆچی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی پێوەی کراوە واقی دەوڕمێنێت و بە خۆی دەهێنێتەوە. ئێمەیش پێویستە ئەم پاژانە پێگەوە گرێ بدەینەوە بە درێژایی ئەو ماوەیەی ناونیشانی فیلمەکە دەستنیشانی کردووە.
سەرەنجام بۆمان دەردەکەوێت کە ساندرا لە پیشەکەی لە کارگەیەک ئیزن دراوە لەبەر هۆکارگەلێک دیاریکراو نین، بەڵام بە ڕوونی دیارە کە پەیوەندیی بە لایەنی دەروونیی ئەوەوە هەبووە. بە درێژایی ماوەی کورتی فیلمەکە زۆر جار دیمەنی قووتدانی حەب و دەرمان دەبینین لە لایەن ساندراوە. ماڵە سادە و بچووکەکەی لەگەڵ مێردە خۆشەویستەکەی بەش کردووە بە ناوی مانو، کە کارگوزارە لە مەتبەخی یەکێک لە چێشتخانەکانی شارەکە، هەروەها دوو منداڵە خوێنشیرن و ڕۆحسووکەکەیان. بۆیە کاتێک یەکێک لە هاوپیشەکانی پەیوەندیی پێوە دەکات و پێی ڕادەگەیەنێت هەلێکی لە بەردەستدا ماوە تا بگەڕێتەوە سەر پیشەکەی، یەکسەر سووکناییەکی بە دڵدا دێتەوە. سەڕەڕای سروشتە لاواز و بێهێزەکەی، ئاشکرایە پیشەکەی وەک سەرچاوەی شوناس و شانازیکردنی بووە.
بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە، هەموو هاوپیشەکانی ڕازی بوون بە وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر وەک بەخششێک لە پای لەسەرکارلاچوونی ساندرا. تاکە ڕێگە بۆ بەدەستهێنانەوەی پیشەکەی ئەوەیە زۆربەیان ڕازی بکات بەوەی دەستبەرداری ئەو بەخششە بن، کە بڕی هەزار یۆرۆیە، هەتا کۆمپانیاکە بتوانێت پیشەکەی دووبارە پێ بداتەوە. هەلومەرجەکە وادیارە تا ڕادەیەکی زۆر سادیستیانە بێت، واتا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئازارچەشتن و ناڕەحەتیی کەسانێک لە بەرژەوەندیی کەسانی تر بێت و خۆشی و سەرفرازییان بۆ بهێنێت، هەروەها زۆریش ڕووکەشی و ناسروشتی بێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەمە ئەوەیە زنجیرەی ڕووداوەکانی فیلمەکە دەخاتە جموجووڵ.
بە درێژایی ماوەی کۆتایی هەفتەکە، ڕۆژی شەممە و یەکشەممە، ساندرا دەبێت سواری چەندان پاس ببێت، هەر خەریکی ئەمسەروئەوسەرکردنی ناوچەکە بێت و لە دەرگای ماڵی ١٦ کەس بدات؛ ئەو ١٦ کەسەی بڕیاری لەسەر چارەنووسی ئەو دەدەن. بە خۆی و ژێرکراسە سادەکەیەوە، کە لێیەوە و لەسەر شانی قایشی، سوخمە ڕەنگاوڕەنگەکانی دەرکەوتووە، کاوبۆ تەسکەکەی پێیشی، هەمان قسە بە هاوپیشەکانی دووبارە و چەندبارە دەڵێتەوە، یان لانیکەم سەرەتای قسەکانی لەگەڵیان هەر بە هەمان چەند ڕستە دەست پێ دەکات. نهێنیی بەرسڤ و کاردانەوەی هەریەک لەو هاوپیشانەی دەچێتە لایان، ئەو تۆزە تەنگەژە و بارگرژییە دەبەخشێت کە جۆش و ژیانی کردووەتەوە بە بەری ڕیتمی دووبارەبووەوەی فیلمەکە.
بێ ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان بێت، هەموو هاوپیشەکانی لە بارێکی ئابووریی خراپی لێکچوودان؛ هەموویان بەهانەی خۆیان هەیە تا بیسەلمێنن پێویستیان بەو هەزار یۆرۆیە هەیە. هەندێکیان هاوخەمیی خۆیان دەردەبڕن بەرانبەر بارە گرانەکەی و ڕازی دەبن دەنگ بدەن لە بەرژەوەندیی ئەو، لە کاتێکدا ئەوانی تر هیچ بڕیاری خۆیان ناگۆڕن لە سووربوون لە پەسەندکردنی بەخششەکە. یەکێک لە خانمە هاوپیشەکانی پێی دەڵێت ''بە خراپ تێمەگە''، کاتێک ماچی ڕوومەتی ساندرا دەکات و ڕەتی دەکاتەوە دەنگی پێ بدات بە گەڕانەوەی بۆ سەر پیشەکەی. بەڵام کاریگەریی کۆکراوەی ئەم دەرگیربوونەی ساندرا لەگەڵ هاوپیشەکانی جۆرە پاڵنەرێک بونیاد دەنێت، کە لە سووچێکەوە سەردەردەهێنێت و وات لێ دەکات بەتاسەوە چاوەڕێی سەرکەوتنی ساندرا بکەیت. بە باسکردنی ئەوانەی گوتم، دەرەنجامی ئەم فیلمە دەشێت بە تەواوی بیرۆکەت لەسەر ئەو پێناسانە بگۆڕێت کە پێشتر بۆ سەرکەوتن کردووتن. هێزی و توانای فیلمەکە لەسەر شێوەی ئاشکرابوون و بۆ دەرکەوتنەکانە ئارامەکاندایە، هەر لەو شێوازەی دوو برا دەرهێنەرەکە وەک واژۆیەکی تایبەت بە خۆیان هەیانە.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان