Skip to main content

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: بازنەکە، فیلمێکی نائومێدکەرانە



مات زۆڵەر زێتز
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد شابان

سەرنجی فیلمی بازنەکە لەسەر ڕۆڵگێڕانی تۆم هانکسە، کە وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک بە هەمان ناوی فیلمەکەوە ڕۆڵ دەگێڕێت. کۆمپانیایەکە لە شێوە و لێکچووی کۆمپانیا زەبەلاحە تەکنەلۆژییەکانی وەک ''گووگڵ'' و ''ئەپڵ''، کە وەک ئەختەبووتێک قۆچە زۆروزەوەندە هەستیارەکانی بڵاو کردووەتەوە بە نێو هەموو کون و قوژبنێکی ژیانماندا. لێهاتوویی ڕۆڵبینینەکەی تۆم هانکس، کە وەک ئەیمەن بەیڵیی دامەزرێنەری کۆمپانیای بازنەکە ڕۆڵ دەبینێت، لەوەدایە کە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاواز نییە لەو ڕۆڵانەی وەک کەسێکی ئاسایی و خاکی و ڕۆحسووک دەیانبینێت، هەر کاتێک دەچێتە بەرنامەی چاوپێکەوتنێک یان ئاهەنگێکی وەرگرتنی خەڵاتەکان، یان کاتێک وەک ئەکتەرێکی دەنگیی چیرۆکی قارەمانە شارەوە ڕاستەقینەکانی دووەم جەنگی جیهانی دەگێڕێتەوە و بەشدار دەبێت لە فیلمێکی دۆکیومێنتاری. بە هەر هۆکارێک بێت، بە دەست خۆت نییە و ناتوانیت متمانە بە تۆم هانکس نەکەیت. هەر لەبەر ئەوەیشە دەستەی بەرهەمهێنەرانی فیلمی زە سیمپسنس موڤی هەڵی دەبژێرن تا بە دەنگ لە دیمەنێکی کورتدا بەشدار بێت کە تێیدا خەریکی بانگەشەکردنە بۆ فرۆشتنی خەرەندە نوێیە مەزنەکەیە، ئەو خەرەندەی کە بە هۆی پلانی بۆمبڕێژکردنی سەربازیی ئەمەریکییەوە بۆ سەر شارۆچکەی سپرینگ فیڵد دروست دەبێت و شارۆچکەکە تەفروتونا دەکات. هانکس دەڵێت: ''سڵاو، من تۆم هانکسم، حکومەتی ئەمەریکا متمانەی لای خەڵک لە دەست داوە، بۆیە خەریکە متمانەی من بە کار دێنێت بۆ بانگەشە.''
ئەو بیرۆکە و تێڕوانینەی کە تۆم هانکس، کە بە خۆی و خواردنی نەریتیی ئەمەریکی و ئاڵای ئەمەریکاییەکەیەوە وەک هێمای نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری دەردەکەوێت، پاشان بە کار دەهێنرێت و ڕادەسپێررێت بانگەشە بۆ ڕووداوێکی لەو جۆرە بکات کە وەک هیرۆشیمای ئەمەریکی وایە و دایان ناوە تا وێنەیەکی جوانی پێ بدات، زۆر سامنکاترە لە فیلمە ترسناکەکانی ئەم دواییانە. ئێمە دڵنیاین لەوەی گەر تۆم هانکس ڕۆژێک لە ڕۆژان بیەوێت ناوبانگ و کاریگەرییە بێئەندازەکەی بۆ مەبەستی خراپ بە کار بهێنێت، لەجیاتیی باش، ئەوە بە نزیکەیی هیچ کەس نامێنێتەوە لەوانەی باوەڕی پێ دەکەن و کاریگەر دەبن پێی و ئەو کەسانەیشی ئاگادارییان لە دژی دەدا، هەرگیز بڕوایان پێ نەدەکرا. لەگەڵ ئەوەیشدا تۆم هانکس هەرگیز ڕۆڵی پیاوخراپێکی توند و نەگریسی وای نەگێڕاوە کە هەر بە دەرکەوتنێکی تەزوو بە جەستەتدا دەهێنێت و سام دات دەگرێت. نزیکترین ڕۆڵی لەو شێوەیەی لە فیلمی ڕێگەی بەرەو دۆزەخدا بووە، تێیدا ڕۆڵی چەتەیەکی پیاوکوژ دەبینێت کە زیاتر تێیدا وەک دژەپاڵەوانێکی کینلەدڵ و پەراوێزخراو دەردەکەوێت، وەک لە پیاو خراپێک. هەروەها لە فیلمی كۆمیدیی خاتوونکوژەکاندا وەک کەسێکی نەگریس و هیچنەزان. ڕۆڵگێڕانەکەی لە فیلمی بازنەکە وەک تۆم هانکسی پیاوخراپ، باشترین تایبەتمەندیی تەواوی فیلمەکەیە.
هێشتا شتێکی وامان نەگوتووە. ئەم فیلمەی جەیمس پۆنزۆڵت وەرگیراوە لە کتێبێکی دەیڤ ئێگەرس بە هەمان ناونیشانی فیلمەکە و گەلێک بیرۆکەی باش و هەندێک زنجیرەڕووداوی سەرسووڕهێنەریشی لە خۆ گرتووە، بەلام هەرگیز ڕێچەکەیەک بۆ خۆی نادۆزێتەوە، بگرە تەنانەت نە مۆد و شێوەیەکیش و بە جۆرێکی لەپڕ و ناڕازیکەرانە کۆتایی پێ دێت. ئەستێرەی سینەمایی ئێما واتسن ڕۆڵی مەی هۆڵەند دەگێڕێت، کچە لاوێک کە کارێکی لە بازنەکە دەست دەکەوێت، ئەو کۆمپانیایەی لە شێوەی ڕێباز و تەریقەتێک شوێنکەوتەی هەیە و تەماشا دەکرێت و شوێنەکەی کەوتووتە ناوچەیەکی دڵڕفێنی شاری سانفرانسیسکۆ و کەمپەکەی سیخناخ کراوە بە دەریاچەی دەستکرد و ئاسمانی لێوڕێژکراو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک.
لەوانەیە بیرۆکەیەکی باشت هەبێت لەوەی ئایا ئەم چیرۆکە بە کوێ دەگات گەر تەنانەت هەرگیز کتێبەکەی ئێگەرسیشت نەخوێندبێتەوە، یاخود هیچ فیلمێکت پێشتر نەدیبێت لەبارەی ئاگادارکردنەوە لە دژی تەکنەلۆژیا. مەی لە لایەن خودی ئەیمەن و تۆم ستێنتنـی دەستەڕاستی ئەیمەنەوە، کە دەکاتە هاودامەزرێنەری کۆمپانیاکە، هەڵبژێرراوە تا بەشداری بکات لە تاقیکرنەوەیەکدا بۆ بەشکۆدارکردن و بە بەنرخ پیشاندانی کامێرایەکی زۆر بچووک کە دایان هێناوە. ئەو دەبێت کامێرا لە خۆی ببەستێیت و لە سەرتاپای شوقەکەیدا دای بنێت، لەگەڵ چەندان شوێنی گرنگ و هەستیاری تری ژیانی و دەبێت بە ڕەزامەندییەوە باوەش بۆ بیرۆکەی شەفافیەتی تەواو بکاتەوە، کە لە لایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە هانی بۆ دەدرێت. شەفافیەت و یەکخستن و هەماهەنگی و چەندان وشەی زل و قەبەی تر، هەر وا لە لایەن کەسانی وەک ئەیمەنەوە فڕێ دەدرێت، کە لە ڕاستیدا تەنها هەر مەبەستیانە دەستیان بگات بە زانیاری و داتاکانی ئێمە بۆ ئەوەی چاودێریی ژیانمان بکەن، بەرهەمە نوێیەکانیانمان پێ بفرۆشن و زانیارییەکانمان بفرۆشنەوە بە لایەنانی سێیەم. فیلمی بازنەکە ئەم بیرۆکەیە سەرپێ دەخات و بە کاری دەهێنێت تا لە هەر دیمەنێکدا سام و ترسێکی ئاست نزم بچێنێت لە دڵی بینەراندا و ئەم سامەیش گەورە و قەبەتر دەکاتەوە، هەر کاتێک کە ئەیمەن لەسەر سەکۆیەک هاتوچۆ دەکات و خەریکە قسە دەکات بۆ کارمەندانی کۆمپانیاکە، بەو جۆرەی قسەکەران لە تێد ئێکسدا قسە دەکەن بۆ ئامادەبوان، یان ئەو کاتەی پەردە لەسەر یەکێک لە بەرهەمە نوێیە داهێنەرانەکان هەڵدەداتەوە. بۆ نموونە ئەو جۆرە کامێرەیە گۆییە زۆر بچووکەی ئەیمەن بڵاوی دەکاتەوە بەسەرتاپای جیهاندا. دواتریش ئەو تۆڕە جیهانییە ئۆروێڵئاسایە لە کامێرەی چاودێری کە لێی دەکەوێتەوە، ناو دەنێت بە وشەیەکی ڕژدی پێشکەوتنخواز: ببینە و بگۆڕە.
کێشەکە ئەوەیە فیلمی بازنەکە هەرگیز ڕێگەیەکی باش نادۆزیتەوە تا تێیدا سام و پارانۆیاکەی پەرە پێ بدات، بێجگە لە شێوەیەکی زەقی ناخۆش و ماندووکەر. ئەو شێوازە سەرەتاییەی بە کار هێنراوە بۆ سازدانی کتێبەکە بۆ فیلم و دەرهێنانی، سنوورداریی بەهرەی پۆنزۆلتی دەرهێنەر دەردەخەن. دەکرا نەخشەکێشێکی خەیاڵفراوانی سەرکێش و ئاوەزمەند بە ڕووناکی و دەنگ نیگاری فیلمێکی لەبیرنەکراوی لەم چیرۆکە بکێشایە، بەلام پۆنزۆڵت لەو جۆرە دەرهێنەرانە نییە. ئەو دەستوپەنجەی لەگەڵ مۆود و شێوازێکی هێواش و بێدەنگدا نەرم کردووە و چیرۆکی کەسانی ئاسایی دەگێڕێتەوە کە دەرگیرن لەگەڵ فەزا ئاساییەکاندا. نموونەی لەم جۆرە فیلمانەیشی ئۆف زە بلاک و تێکشکاو و بە تایبەتییش ئێستای ناوازەیە، کە ئەوەندەی دەکرێت فیلمێکی قووڵی سەربەخۆی پەیوەست بە کاراکتەرەوە، واتا ئەو فیلمانەی هەڵسووڕان و بەرەوپێشچوون و جووڵەی پەیوەستە بە کاراکتەرەوە، وەک لە خوودی پڵۆت و زنجیرەی ڕووداوەکان، باش بێت، باشە. هەروەها فیلمی کۆتایی گەشتەکەیش ئەو دیمەنانەی لە خۆ گرتووە. ئەو شێوازەی پۆزۆڵت پێی لە مرۆڤ دەڕوانێت، جۆرە ڕێز و حورمەتێکی تۆم هانکسئاسایانەی تێدایە.
بەڵام لەم فیلمەدا مرۆڤانێکی زۆری تایبەتی تێدا نییە؛ زۆربەیان تەنها ناوگەلێکن وەک جێبەجێکاری ئەرکن لەپێناو تەواوکردنی چیرۆکەکە. کاراکتەری مەی هۆڵەند پاڵەوانی فیلمەکەیە، بە ڕاستییش زیاتر فەقیرۆکەیەکی خۆشباوەڕە. ڤینی و بۆونی دایک و باوکی مەین (ڤینی بە ئاشکرا لەرزینی لەگەڵدایە بە هۆی نەخۆشیی ڕەقبوونی شانەکان). ئەیمەن بەیڵی پیاوخراپی فیلمەکەیە، هەرچەندە تۆم هانکس ڕۆڵەکەی بەو شێوەیە ناگێڕێت، ئۆسوەڵتیش دەستەڕاستی ئەیمەنە و زەق ڕاوەستاوە لە بەردەم مەیدا و پاڵنەریەتی هەتا هەر کاتێک بە لاڕێدا ڕۆیشت، دووبارە بیهێنێتەوە سەر ڕێ. مێرسەر خۆشەویستە کۆنەکەی مەیە و ئاگاداری دەکاتەوە لەوەی کە کۆمپانیای بازنەکە بەد و خراپە و مەییش خەریکە ژیانی تایبەتی و ڕۆحیی خۆیی پێ دەفرۆشێت. کارین ئەو هاوڕێیەیە کە مەی دادەمەزرێنێت لە کۆمپانیاکە، سەرەنجامیش ئیرەیی دەیگرێت و هەراسان دەبێت ئەو کاتەی دامەزرێنەری کۆمپانیاکە مەی دەستنیسان دەکات وەک نیشاندەری ڕووکاری کۆمپانیاکە و دواتریش نیگەران دەبێت کاتێک سەرکەشییە لە سنوور دەرچووەکانی ئەیمەن لە بەرچاو دەبن.
ئەوەی من لێرەدا باسی دەکەم، دەستەی ئەکتەرانی فیلمێکی ترسنکە کە بە هەڵە کراونەتە هەلومەرجێکی نموونەییەوە، هەلومەرجێک کە کارەکتەرەکانی پێویست ناکەن مرۆڤانی شیاو بن تا سەرنجمان ڕابکێشن و خۆیان بە شایەنی هاوسۆزی و هاوخەمیمان پیشان بدەن. دەیڤد گرۆنن بێرگ و دیڤد لێنچ، کە هەردوو دەیانتوانی کارێکی ناوازە لەم چیرۆکە دروست بکەن، بێوێنە لە دەرهێنانی فیلمانێک کە بەندن بە لۆژیکی خەون و پڕن لە وێنە و کاراکتەری نموونەیی (تەنها بیهێنە پێش چاوی خۆت هەریەک لەو دوانە دەیانتوانی چی لە کارەکتەری تۆم ستێنتن بکەن، کاراکتەرێکی ناوازەی کۆمیک کە بە شێوەیکی چاوەڕواننەکراوی ڕووناکیی دەسەڵات و هەڕەشەی لێوە پەرش دەبێتەوە). پۆنزۆڵت لەسەر بنچینەی ئەم فیلمە دەردەکەوێت کە ئەو جۆرە دەرهێنەرە نییە و ئەو جۆرە دەرهێنەرە ئەوەیە کە فیلمی بازنەکە پێویستیەتی. ئەم فیلمە لەوانەیە نمایندەی نەگونجاوترینی دوانەی دەرهێنەر و چیرۆک بێت لەو کاتەوەی سیدنی لومێت چیرۆکی زە وزی کردە فیلم.
کاتێک سەیری فیلمکە دەکەیت، ڕۆڵبینینە هێواش و شوێنە واقیعئاسا و کاری وێنەگرییەکی چالاک، بەڵام ناورد دەبینیت، وات لێ دێت پێشبینیی فیلمێکی زیاتر واقیعی بکەیت لەبارەی تەکنەلۆژیاوە کە هاوشێوەی فیلمی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ستیڤ جۆبز بێت. کاتێک فیلمەکە وای لێ دێت لە ڕووی نزیکایەتییەوە لە ئامۆزایەکی کابووساویی فیلمی ترومان شۆو یان تۆڕ بچێت، یاخود لە خوشکە بچووکی فیلمی ئێکزیستێنزیی جرۆننبێگ بچێت، دەخوازیت کە زیاتر قەبەتر و توندتر و زیاتر سامناک بێت، زیاتر تۆقێنەر بێت و گەر وا کرابا، زۆر جوان و شیاو و بەویژدانەنە دەبوو. سەرەنجام فیلمەکە وا هەست دەکرێت زۆری مابێت بۆ پەرەپێدان پێی، بە نزیکەیی لە هەموو ڕوویەکەوە، هەرچەندە ڕۆڵبینی تۆم هانکس، ڕۆڵە کورتەکەی جۆن بۆیگا وەک پرۆگرامەرێکی دامەزرێنەر و چەند زنجیرەڕووداوێکی ترسێنەری ئەکشن ڕێڕەوی جاڕسکەری فیلمەکە تێدەپەڕێنن. ئەم فیلمە لەو جۆرانەیە کە هەموو شتێکی هەڵە و هیچ شتێکیشی هەڵە نییە؛ بە شێوەیەکی سەیر نائومێدکەرانەیە.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان