Skip to main content

ئایاری ٦٨ی فەڕەنسا: ئەکتی سیاسی، بەرەنگاربوونەوەی کەپیتالیزم




دیدگایەکی فەلسەفی (دولوز – گواتاری) بۆ ڕووداوەکانی ئایاری ٦٨ی فەڕەنسا

ئەبوبەکر جاف


''68 مانیفێستبوون و دەرکەوتنی سەیڕوورەیەک بوو لە دۆخی پەتیدا.''
''ئێمە بڕوامان بە فەلسەفەیەکی سیاسی نییە کە چڕ نەبێتەوە  لەسەر شیکار و شیکردنەوەی کەپیتالیزم  و گەشە و پەرەسەندنەکانی.''
ژیل دولوز


''واقیعی بن، داوای مەحاڵ بکەن!''

ئەمە یەکێکە لە ڕستە و دروشمە ڕادیکاڵەکانی شۆڕشی ئایاری 68ی فەڕەنسا. بۆ ماوەیەکی درێژ لە سایەی ڕووداوەکانی 68دا کۆمەڵێک ئایدیا و وێناکردن و ئایدیای وێناکراو لە بەرامبەر دەسەڵاتدا خۆیان فۆرمیولە دەکرد. هەر ڕستەیەکی 68 بە تەنها گوزارشت و فۆڕمێکی دەربڕین نەبوو لە ئارەزوویەکی ڕادیکاڵییانەی گۆڕینی ژیان، جا  چ سیاسی، ئابووری، پسیکی و  کۆمەڵایەتی بێت، بەڵکو  هەوڵ و تەقەللا و ئەکتێکی ڕادیکاڵ بوو لەپێناو کۆمەڵێک ئەگەر و شیمانە و ئیمکانی نوێی بەرەنگاری، هێزی قسەکردن، دەنگهەڵبڕین و دەنگبەرزکردنەوە، قسەوەرگرتن و چوونە ناو قسە و قسەکردنەوە. واتە خوڵقاندن و داهێنانی کۆمەڵێک ڕووداوی ناوازە و دەگمەن. 68 دەنگ هەڵبڕین و وەرگرتنەوەی قسە بوو دژ بە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری، دژ بە ئۆتۆریتییەکی فەرزکراو و سەپێنراو لە ناو ژیانێکی ڕۆژانەی ماندووکەر و تاقەتپڕووکێندا. بەم شێوەیە ئایاری ٦٨ سەرقاڵبوون بوو بە ئۆنتۆلۆژیای ژیان و ئۆنتۆلۆژیای ژیانی ڕۆژانەوە، لە ناو لە ئاستێکی جیانەکراوە لەگەڵ سیاسەت و ئەکتێکی سیاسیی داهێنەرانە. ئێمە لێرەدا لە ناو ڕووداوەکانداین، زیاتر لەوەی قسەوباسمان لەسەر لێکەوتە و دەرئەنجامی ڕووداوەکانی 68 بێت. سەیڕوورەی شۆڕشگێڕی و بوون بە شۆڕشگیڕ لە ناو ڕووداوەکاندا، نەک لەو دەرئەنجامانەی لە شۆڕش  دەکەوێتەوە. خودی ڕووداوەکان بوو بەرهەم و نەریتێکی فەلسەفیی لێ کەوتەوە، خودی ڕووداوە چرکەساتە تیاژیاوەکانی ناو ڕووداوەکە بوو بە نەریتێکی نوێی داهێنان و خوڵقاندنی فەلسەفیی لێ کەوتەوە. شێواز و داهێنانێکی نوێی فەلسەفاندن و فەلسەفەکردن. پراکتیکی نوێی  فەلسەفی و داهێنانی فەلسەفی، کە جیاواز بوو لە نەریتی بیرکردنەوەی پێش خۆی. شێوازێک لە هێز و توانا و داهێنانی ملکەچکردنی نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئیمکان و شیمانەی نوێی ژیانکردن و ژیان و ئەزموونە ژیانییەکان. ئەزموونکردنی شێواز و ئەزموونی نوێی ژین لە  ناو ئەکتێکی ئۆنتۆ-سیاسیی نوێدا. ژیل دولوز لە یەکێک لە نووسینەکانیدا بە ناوی ''سەیڕوورە و کۆنتڕۆڵ''، باس لەوە دەکات کە خۆی، واتە دولوز، جۆرێک لە سیاسەت و ئەکتی سیاسیی ئەزموون کردووە. لە 68دا جۆرێک لە بەشداریی سیاسییانەی سەبارەت بە کۆمەڵێک کێشەی تایبەت و دیاریکراو هەبووە، ئەمەیش بە هۆی فیلیکس گواتاری و میشێل  فوکۆ و ئیلی سامبرەوە، تا ئەو شوێنەی کتێبی ئەنتی ئۆدیب کتێبێکی فەلسەفەی سیاسییە. ئەم کتێبەیش چەمکاندن و تیۆریزەکردنی ئەوە بوو کە ڕووی دا لە ناو نەریتێکی نوێی داهێنان و خوڵقاندنی فەلسەفی و ئەکتی فەلسەفی. ئەو دەربڕین و و گۆزارشت لەخۆکردن و خۆپراکتیککردنانەی 68 بوو بە بابەتی شیکار و ڕاڤە و شیکردنەوەی فەلسەفی لە ناو شیکردنەوە و ڕاڤەی کەپیتالیزمدا. وەک دولوز دەڵێت: ''ئێمە بڕوامان بە فەلسەفەیەکی سیاسی نییە  کە لەسەر شیکار و شیکردنەوەی کەپیتالیزم و گەشە و پەرەسەندنەکانی کەپیتالیزم چڕ نەبێتەوە.'' (بۆ قسەوباس و گفتوگر، 1990، لا 232) هەر ئەم شیکردنەوە و شیکارییەی کەپیتالیزم بوو کە هەردوو کتێبی ئەنتی ئۆدیب  و هەزار ڕووتەختی لەسەر بینا کرا؛ دوو کتێبی فەلسەفەی سیاسیی. لەگەڵ ئەو دوو کتێبەدا ئێمە هاوڕێی دوو کتێبی فەلسەفەی سیاسین بە پلە نایاب. لە هەمان تێکستدا، ژیل دولوز باسی ئەوە دەکات کە بەرامبەر  ئایاری 68 و ئامانج و ئایندەی زۆر هەستیار بووە. بڕێکی باش نیگەرانیی لە خۆی هەڵگرتبوو، بەڵام ئەمە نەیکردە ئەوەی ژیل دولوز قسەوباسێکی جیدیی نەبێت لەسەر ئەو ڕووداوە دانسقە و دەگمەنانەی 68. نیگەرانی و هەستیارییەک بووە کە ڕیشەیەکی بنچینەیی لە بەرامبەر ''سەیڕوورە و مێژوو''دا هەبووە، چونکە ئێمە لە ناو سەیڕوورەداین، سەیڕوورە و ڕووداوێکی سەیڕوورەیی، بەرهەمهاتووی ڕێکەوتە، کە بە هیچ شێوەیەک بەرهەمی مێژوو و گەڕانەوە نییە بۆ پارادایمێکی مێژوویی. وەک چۆن دەرگیربوون  هۆگر نەبووە بە یۆتۆپیا و خەونێک لە داهاتوودا. بۆ ژیل دولوز ڕووداو لە مێژوودا نییە و ناخرێتە ناو مێژووەوە، بەڵکو لە ئێستا و لێرەدایە. لە ناو سەرقاڵبوون بە کێشە و گیروگرفتەکانی ئێستا و ئێرەوەیە. دولوز لە چاوپێکەوتنە تۆمارییە ڤیدۆییەکەیدا لەگەڵ کلیر پارنیت،  دەگەڕیتەوە سەر ڕووداوەکانی 68:
''ئایاری 68 چی بوو؟ سەیڕوورەیەکی شۆڕشگێڕی بەبێ ئایندەیەکی شۆڕشگێڕی و  بەبێ ئایندە و داهاتووی شۆڕش.''
دیسانەوە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ  فەیلەسووفی  سیاسی، تۆنی نیگری، لە ''سەیڕوورە و کۆنتڕۆڵدا''  دەڵیت: ''ئایاری 68 مانیفێستبوون بوو، دەرکەوتنێکی  سەیڕوورە بوو لە دۆخی پەتیدا (Pourparler).'' بۆ دولوز 68 هیچ ڕژێمێک نەبوو جگە لە کۆمەڵێک داهێنان و خوڵقاندن، داهێنان و خوڵقاندنی ڕووداوی دەگمەن و جیاواز و ناوازە: ''ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، کۆمەڵێک داهێنانی پێکەوەیی و پێکەوەبوون و دەستەجەمعی بوو، زیاتر  لە نوێنەرایەتیکردنەکان. بەم شێوەیە 68 ئەو ڕووداوە دەگمەنانەیە کە تەواو و بە شێوەیەکی دۆخی پەتی دەکەونە ناو سەیڕوورەوە، دەکەونە ئەودیو نوێنەرایەتیکردن و ئاڤانگاردی و پێشڕەویکردنەوە، ئەودیو پێشڕەوی و ڕابەرایەتیکردنی چینێک. لێرەدا ئێمە لە بەردەم سوبژێکتیڤیتەیەکی دەستەجەمعی و هەرەوەزی و پێکەوەبوونی کۆمەڵانی خەڵکداین بە فۆرمیولەبوونی جیاواز و دوور لە پارت و هێزی سیاسی. سوبژێکتیڤیتەیەکی گرووپی و هەرەوەزی، کە ئەگەرو ئیمکان و شیمانەی سەیڕوورەیی ڕووداوە گرووپییەکان لە خۆ دەگرێت. بەرهەمهێنانەوەی ئارەزووی دەستەجەمعی و پێکەوەیی و هەرەوەزی لە ناو سوبژێکتیڤیتەیەکی سیاسی و ئەکتێکی  ئۆنتۆ - سیاسیی ژیانی ڕۆژانە. 68 ورتەورت، دەنگبەرزکردنەوە، دەنگهەڵبڕین و وڕێنەیەک بوو کە دواتر بۆ دولوز و گواتاری دەبنە سەرچاوەی تیۆریزەکردن و  پرۆژەی  ڕەخنەیەک لە کەپیتالیزم،  بەو شێوەیەی دولوز و گواتاری لە هەردوو کتێبی ''ئەنتی ئۆدیب و هەزار ڕووتەختدا باسیان کردووە. بۆ دولوز، فەلسەفەی ژیانێکی داهێنەرانە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە پێکەوەویی و پەیوەندیی نێوان تاکەکان و کار و ئەکتی دەستەجەمعی، پێویست بە فەرمانپێدان و ڕابەرایەتی و  پێشڕەوی و حیزب و پارت و هێزی سیاسیی ئاڤانگاردی پێشڕەو ناکات، بەڵکو دەتوانێت بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو  و بەرنامە بۆ دانەڕێژراو دەست پێ بکات. هیچ سەروکارێکی لەگەڵ ڕێکخستن و کۆکردنەوەیان نییە لە لایەن ئۆرگانێکەوە.  ڕووداوەکانی 68 دەرخەری ئەوەن کە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن نۆرمە چالاک، ئەکتیڤ،  زیندوو، ڤیتاڵ و داهێنەرەکان بپچڕن و  لە ناویان بەرن، بیانچەپێنن و سەرکوتیان بکەن. ئێمە لێرەدا لەگەڵ کۆمەڵێک دایاگرامی نۆرمەکانداین، لە بەرامبەر ژیان و ئەو جیاوازی و فرەیی و جۆراوجۆرییەداین کە شێوازێکی نوێی فەلسەفە و فەلسەفاندنی هێنایە کایەوە لە ''ساڵانی 60''دا.  بۆ دولوز، ئێمە سەروکارمان لەگەڵ کۆمەڵێک دایاگرامدایە کە دەتوانرێت و دەتوانێت لە ئارەزووی بەرهەمهێنەر و بەرهەمهێنانی ئارەزوو لە ناو کار و ئەکتی دەستەجەمعیدا گوزارشت بێت لە فەلسەفەی ژیانێکی نوێکراوە و و داهێنراو.


داهێنانە هەرەوەزی و  پێکەوەییەکان (دەستەجەمعییەکان)

چ لە دوورەوە یان لە نزیکەوە، قەدێکی (Pli) داهێنەرانە ئامادەیە لە ناو گوتاری فەلسەفیی ساڵانی 60ی سەدەی ٢٠دا، کە هەردوو داهێنانی ئینیدڤیدوالی و هەرەوەزی و دەستەجەمعییش لە خۆ دەگرێت. گۆڕینی ژیان نە وشەیەکە و نە نەزمێکی سوبژێکتیڤ و نە ئاگادارکردنەوەیەکی قەزایی و کۆمەڵایەتی،  بەڵکو دەرکەوتن و مانیفێستبوونی زیاترە، وەک  ''بەسیاسیکردنێکی ژیان''،  کە پێویست بوو ژیانی تاک و ئیندیڤیدوال و ژیانی پێکەوەییش چالاک و کارا بکات.  پێدان و بەخشینی کریدی بە داهێنانە دەستەجەمعی و هەرەوەزییەکان، واتە شوێنکەوتن و شوێنپێهەڵگرتن بە دوای کۆمەڵێک پرۆسێسیوسی داهێنەرانەی مۆڵتیتیود و فرەیی و  زیندووبوون و چالاک. فۆرمیولەبوونی ژیانێکی نوێی داهێنراو، کە دوورەدەست و دوورەپەرێز بوو لە بەرامبەر شیکارییەکانی ژیانێکی فۆرمیولەکراو بە یاسا و لە بەرامبەر یاسادا، لە بەرامبەر مافدا، لە بەرامبەر کۆنتراکت و پەیمانێکدا. لێرەدا هەر شیکردنەوە و شیکارییەکی ماتریالیی  کۆمەڵگە،  لە هەناوی داهێنان و خوڵقاندنەکاندایە.  دوو ڕژێمی  کۆمەڵایەتیی داخراو و کراوە، دوو ڕژێمی نەریتی و سوننەتی و داهێنان کە دەتوانریت وەک بەرامبەربوونەوە و بەریەککەوتنی نێوان مێژوویی و سەیڕوورەیی ببینرێت لە نێوان دووبارەبوونەوە و جیاوازیدا. فەلسەفەی سیاسی  لێرە بە دواوە وەک فەلسەفەیەکی ئەنتی یاسایی و ئەنتی دەستووری خۆی دەردەخات، چونکە ئێمە لە هەناوی ڤیتالیتیی پرۆسیسیوسە پێکەوەیی و هەرەوەزی و دەستەجەمعییەکانداین،  کە وامان لێ دەکات بچینە ناو ئاستێکی هەرە بەزی دۆخی  سەیڕوورەکانەوە. ئەمەیش نیشانە و ئاماژە و دەلالەتە  کە سیاسەت وەک دەسەڵات و هێزی چالاککردن و مۆدیفیکاسیۆن دەردەکەوێت، وەک ئەلتێرناتیڤ و جێگرەوەیەک کە  لە ناو ''بوون بە کەمینەکاندا'' تەجەللا دەبێت. کەواتە داهێنان و دروستکردن و خوڵقاندنێکی هەرەوەزی و پێکەوەیی و دەستەجەمعی چییە؟ کۆمەڵێک دژەکاراکردنی ڕژێمی هەژموونکار و سەردەست و زاڵ و باڵادەستی نۆرمەکانە، هونەری ڕاوەستاندنی نۆرمالیتەیە. سیاسەت بەم مانایە نابێت بە فۆرمێکی ڕۆیشتن و هەنگاونان و  جووڵە لە خۆیدا، سیاسەت بەم مانایە دامەزراو و سەپێنراو داکوتراو نییە لە ڕێگەی  کار و پرۆسە یاسایی و دەستوورییەکانەوە. سیاسەت دەبێت بە ئیمکان و شیمانەی دۆزینەوەی مومکینات و ئەگەری ژیانێکی نوێی داهێنراو لە ناو بازدان و پەڕینەوە بەسەر ڕژێمی  نۆرمەکاندا و  جێهێشتنیان و دژایەتیکردنی ڕژێمی نۆرمەکان. سیاسەت چییە؟ دژایەتی و نەیاری و کێشمەکێشی کەمینەییە لە بەرامبەر نۆرمەکاندا. دولوز و گواتاری لە ڕووتەختی چوارەم لە کتێبی هەزار ڕووتەختدا، باسوخواسیان لەسەر سەیڕوورەیەکە  لە ناو گرێدان و پێکەوەبوون لەگەڵ جیابوونەوە و جیاکردنەوەی زۆرینە و کەمینە لە ناو چوارچێوەی  شیکاری  و  شیکردنەوەی زماندا. لە ناو ئەم شیکاری و شیکردنەوەیەدا،  دروستکردن و فۆرمیولەکردنی ئەو ڕیالیتەیە کە زمان ناجێگیر و گۆڕا و  هیترۆژینە، نەک سیستەمێکی  هۆمۆژینی بیناکراو لەسەر کۆمەڵێک  جێگیر و بەڵگەنەویست و یەکلاکراوە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قسەوباسی گراماتیکیی زمان. دولوز و گواتاری لە لایەکەوە دەتوانن ئەوە پێک بهێنن کە لە بەرامبەر بەکارهێنانی پێکهاتووی دەستەواژە و دەستەواژەی پێکهاتووی زۆرینە لە زماندا، کەمینەکانیش بتوانن زمانێکی داهێنراو و داهێنەرانەیان هەبێت لە ناو زماندا؛ ئەکتێک لە ناو زمانەکە خۆیدا. واتە زمانێک لە هەناوی زمانێکدا. لە لایەکی دیکەوە، لەمیانە و لە ڕێگەی بوون بە کەمینەوە، لە ناو داهێنانەکانیاندا، لە ناو بەکارهێنانە جیاواز و دەگمەن و دانسقەییەکانیاندا، مانا و بەکارهێنانی جیاواز بدەن بە زمان. لە بیری نەکەین ئاستە دەلالی و ماناییەکانی زمان و ڕێکخستنەکانی لە ناو پەیوەندیی هێزەکان و ستراتیژی ململانێدایە. دەستبردن بۆ کۆمەڵێک گۆڕاو و جووڵاو لەپێناو لەقکردن و لەرزۆککردنی زمانی باڵادەست و زاڵ و هەژموونکار، گۆڕینی سروشتی زۆرینەیی زمان و مانا و ئاستی ماناپێدراوەکانی بۆ ئاستێکی  کەمینەیی مانا و پەیوەندی، بەکارهێنان و بەکارخستنێکی کەمینەییانەی زمان، کە دەبێت بە ماتریالێکی سیاسی، چونکە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی شیمانە و ئیمکان و ئەگەری ڤیتال و زیندوویی داهێنانە دەستەجەمعی و هەروەزی و پێکەوەییەکان. وەک چۆن زۆرینە و کەمینەکان ٢ شێوازی ڕۆیشتن و سەرڕێگاخستنی ژیانن.  ژیان لە سایە و سێبەری ''سەیڕوورە''دا لە بەرامبەر ژیان لە سایە و سیبەری  ''کۆنتڕۆڵ''دا  دەوەستێتەوە. دولوز بەو شێوەیە باس لە ژیانی زۆرینە دەکات کە سەر بە ژیانێکی کۆنتڕۆڵکراوە، ژیانی کەمینە سەر بە ژیانی سەیڕوورە و هێڵەکانی هەڵهاتنە، بەڵام هیچ کام لەم شێوەژیانانە لە ناو شوێنگە و پێگە و بوونێکی دەرەکیدا نین، بەڵکو هەریەک بۆ ئەوی تر وەک سنوور و تخووبێک دەردەکەوێت. کارابوون و کارایی کەمینە لە سایەی زۆرینەدا، وەک هەردوو دۆخی داخراو و کراوەیی بیرگسۆنی دەردەکەوێت؛ کرانەوە لە ناو داخراودا، پۆتۆنسیالیتیی کرانەوە لە ناو داخراودا. کۆمەڵێک پەیوەندی پچڕان و نەپچڕان لە ناو کاروبار و کارکردنەکانی زۆرینە و کەمینەدایە؛ ئەمە لە ناو زماندا هەیە. بۆ دولوز  هیچ زمانێک نییە کەمینەی هەناوی و ناوەکیی خۆی نەبێت و لە خۆیدا هەڵنەگرتبێت. خودی جێگیر و دامەزراوەکان هەڵگری ناجێگیری و ناچەقبەستوویین. لێرەوە دوو شێوازی بیرکردنەوەی سیاسیمان هەیە: دەتوانین وەک دەسەڵات، وەک شۆڕبوونەوە و کەوتنەوە ناو نۆرمەکانەوە بیری لێ بکەینەوە و بیبینین. لە لایەکی دیکەیشەوە دەتوانین وەک سەیڕوورەی داهێنەرانە بیری لێ بکەینەوە. لە خاڵی یەکەمدا سیاسەت وەک دەسەڵاتی زۆرینە دەردەکەوێت کە لە ناو ڕژێمی نۆرمەکاندایە، وەک کاروبار و سەرقاڵیی دەسەڵات. هەرچی خاڵی دووەمە، سەرقاڵی و کاروباری سەیڕوورەیە، وەک کەمینەکان کە درز دەخەنە ناو نۆرمەکانەوە، دەبن بە نەیار و دوژمنی  نۆرمەکان، کاروبار و سەرقاڵیی سەیڕوورەی بەکەمینەبووەکان؛ وەک بەیەکگەیشتنی هەر هێڵێکی هەڵهاتن بە هێڵێکی دیکەی هەڵهاتن ئەو کاتەی لە جەنگدایە. سیاسەت بۆ دولوز و گواتاری بوونی نییە، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە دەستخستن و سەرڕێگاخستنی داهێنان بێت لە بەرامبەر دەسەڵات و لەسەر دەسەڵات. سیاسەت تەنها لە سووڕانەوەی کورت و بازنەی کورتی دەگمەن و دانسقە و تاکوتەرادا بوونی هەیە، کە دەبنە هۆی شکان و درزخستنە ناو نۆرمەکانەوە. ئەوەی ژیل دولوز ناوی ناوە ''سەیڕوورە''، کارکردنە لە ئێستا و مێژووی ئێستادا، بەبێ ئەوەی بەردەوامیی مێژووییانەی هەبێت. لای دولوز و گواتاری، سیاسەت بوونی نییە، تەنیا لە ناو سەیڕوورەی داهێنەرانەدا نەبێت و کۆمەڵێک سەیڕوورەی داهێنەرانەیە. هەروەها سیاسەت بەئاگابوون و هۆشیارییە لە بەرامبەر ئەوەی لە لایەن زۆرینەوە دەکەوێتە خوارەوە و هەمیشە بە ڕێگاوەیە. لێرەوە سیاسەت واتە سیاسەتی سەیڕوورەیی، هەوڵدانی بێوچانیش بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو زۆرینەوە و قووتی بدات. لە بەرامبەر ٢ ڕژێمی داهێناندا، نموونەی بوو بە بێگانەی کافکامان هەیە لە پراگ، هەروەها لە بەرامبەر سەیڕوورەی هەموان، لە بەرانبەر داهێنانی دەستەجەمعی و هەرەوەزیدا، بزووتنەوەی فێمینیستمان هەیە. ئیتۆلۆژیی کەمینە وەک پیرسپێکتیڤیکی سیاسی لە سەیڕوورەی هەمواندا، بوونی هەیە. سیاسەت لە ناو سەیڕوورە و ''بوون بە کەمینەی  بێگانەکاندا''، بوونی هەیە، لە ناو کەشفکردن و دۆزینەوەی زمانێکی کەمینەییدا وای کردووە زمانی زۆرینە تێبپەڕێنێت. کۆمەڵێک هێڵی هەڵهاتن دەگرێتە بەر کە فۆرمە زۆرینەییەکان لە خاکێکدا لە قەڵەمڕەوی دەخات. کەمینە خوڵقاندن و کەمینە دروستکردن کاری سیاسەتێکی شادمانە، سیاسەتێکی بەچێژ. کەمینەیی ژنان، کەمینەیی ڕەشپیستەکان، کەمینەیی هۆمۆسێکسواڵەکان... بەم شێوەیە، زۆرینە هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک ڕژێمی هەیمەنەکردن کە بەسەر کەمینەکاندا پراکتیک دەبێت. سیاسەت پیداگیری و جەختکردنەوە نییە لەوەی بەسەر زۆرینەدا تێبپەڕین و لەم کەمینەییە، زۆرینەیەکی دیکە دروست بکەین؛ سیاسەت دەرخستن و مانیفێستکردنی نادەسەڵاتێکە بۆ دۆخێکی  دەسەڵات لەو جێگایەی خاک و قەڵەمڕەوی هەمیشە و بەردەوام، خەریکی خولخواردن و گیرسانەوە بێت بە دەوری نۆرمەکان و هەیمەنەکردن و هەژموونکردنەکاندا، بەپێی لۆژیکێکی داخراو. سیاسەت کار و چالاکیی ئەکتێکی ڤیتال و زیندووی  هەڵگرتنی فشاری نۆرمەکان و لە قەڵەمڕەوی خستنە لە ڕێگەی داهێنانە فەردی یاخود گرووپییەکان. بەم شێوەیە، فەلسەفەی دولوز بە تەواوی فەلسەفەیەکی داهێنانانەیە، وەک ئەوەی ئێمە ناوی دەنێین ''68 لە  فەلسەفەدا''، چونکە وا لە سیاسەت تێدەگات کە داهێنانێکی هەرەوەزی و پێکەوەیی و دەسەتەجەمعییانەی تێکدان و شپرزەکردنی بەربەستە نۆرمییەکانە.


کەپیتالیزم و بەرەنگاربوونەوەی کەمینەیی
زۆرینە کەس نییە، کەینە هەموو کەسێکە

چۆن وا بکەین سیاسەت لە بەرەی کەمینەکان بێت، نەوەک بکەوێت بەلای بەرەی  دەسەڵاتدا؟ هەروەها ببێت بە ئەو دینامیزمەی کاریگەریی خراپ بەسەر هێڵەکانی هەڵهاتنەوە جیدین؟ لێرەوە ئێمە دەچینە ناو ئەکتی خوڵقاندن و سەرڕێگاخستنی سیاسەتێک لە بەرامبەر کەپیتالیزمدا، لە بەرامبەر کەپیتالیزم و کێشە و گرفتەکانی کەپیتالیزمدا. ئێمە لە بەرامبەر نەزمێکداین، لە بەرامبەر وشەی نەزمێکی جیهانی و گەردوونیداین کە ''بازاڕ''ە. لە بەرامبەر کۆمەڵێک پەیوەندیی هەیمەنەکردن و زاڵبوون و هەژمونخوازی و باڵادەستیداین کە فۆرم و پەیوەندیی دەوڵەمەند و هەژار و بێنەوایی خوڵقاندووە. لە ناو کەپیتالیزمدا تەنها یەک شت هەیە کە گەردوونییە، ئەویش ''بازاڕ''ە. دەبێت لەوە بگەین کە بازاڕ ناتوانێت جێگیر، دامەزراو و چەقبەستوو بێت، تەنها لە سایەی هەلومەرجی کۆنتڕۆڵ و کۆنتڕۆڵکردندا نەبێت. تەفسیرکردنی چەمکی دیسپلین و دیسپیلینی فوکۆ، وەک ڕێوشوێن گرتنەبەری کۆنتطۆڵکردن. دولوز وای دەبینێت کە هاتن و پەیدابوونی بازاڕ دەبێت ببەسترێتەوە، نەک بە تەنها لە ناو لۆژیکی تیگەیشتنێکی نێگەتیڤی بازاڕەوە، بەڵکو بە لۆژیکێکی پەیوەندیخستن و خستنە ناو پەیوەندیی کۆمەڵێک ڕەگەزی جیاوازی شوێنی کراوە و جوگرافیای کراوە و واڵا، کە نوێنەرایەتیی بازاڕ دەکەن و دەینوێننەوە. لە لایەک ئێمە دەچینە ناو کۆمەڵگەگەلێکی کۆنتڕۆڵەوە کە لە ڕێگەی زیندانیکردن و گەمارۆدانەوە بە وەزیفەی خۆی هەڵناسێت، بەڵکو کۆمەڵگەگەلێکی کۆنتڕۆڵکراو کۆنتڕۆڵیی بەردەوام و پەیوەندیگیر، گرێدراو و پێکەوەبوو، پێکەوەبەستراو. لە لایەکی دیکەوە فۆرمەکانی کۆنتڕۆڵ  وەک چڕی و پیتەوییەکانی بازاڕ خۆیان دەردەخەن، وەک کۆمەڵێک ڕەگەزی سەرقاڵبوو بە دەوڵەمەندییەوە. ئەوەی بۆ کەپیتالیزم پێویستە تا دەسەڵاتی هەبێت و خۆی لە ناو پتەوی و چڕیی ڕێوشوێنگرتنەبەردا خۆی ڕیالیزە بکات، ڕێوشوێنی پەیوەندی و کۆمۆنیکاسیۆنە. بەردەوام و بەبێ پچڕان دەستبەرداری ئەوە نابێت ڕەگەزە هیتیرۆژینەکان بخاتە ناو پەیوەندییەوە لە ناو گۆشەنیگا و تیڕوانینی گەشەکردنەکانی بازاڕدا نەبێت. لێرەوە کۆنترۆڵ وەک ئامراز و کەرەستەی ئەم پەیوەندیبەستنە گشتییە دەردەکەوێت و خۆی پەراوە دەکات. کۆنتڕۆڵکردن واتەی دڵنیابوونە لەوەی فۆرمەکانی پەیوەندی و کۆمۆنیکاسیۆن لە نێو خۆیاندا نەپچڕین و تەنک نەبن. ئەمە لە کاتێکدایە دیسپلینکراو، واتە گەمارۆدراو، چوارچێوەدارکراو و زیندانی لە ناو  دەزگا لێکدابڕاوەکاندا (خێزان، نەخۆشخانە، زیندان)، کۆنتڕۆڵ، ئازادی، وەک بابەتێک وەردەگرێت  کە دەسەڵاتێکی خولخواردوو و بازنەییە. کۆنترۆڵ و کۆنترۆڵکردن بۆ دولوز، پراتیککردن و بەواقیعیکردنی ئیمکان و شیمانەی کەپیتالیزمە وەک هاتن و جێگرتن و پەیدابوونی بازاڕێکی سووڕخواردن و بازنەیی، هەروەها خولخواردنی شتومەک و کەسەکان؛ هەمیشە سووڕانەوە و خولخواردن وەک سەرمایە. پێویستە بگوتریت کە کەپیتالیزم لە ڕێگەی توانا و کارایی و چالاکبوونیەوە لە شوێنکەوتن و بەدواکەوتنی قوڵپدان و فیچەکردنەکانەوە، خۆی فۆرمیولە دەکات: شوێنپێهەڵگرتنی ئەو قوڵپدانانەی کە کۆمەڵگەیەک پێک دەهێنن و فۆرمیولەی دەکەن. لە ڕێگەی کارایی و توانایەوە لە سایەی وشەکانی نەزمێکی بەرهەمهاتوو لە لایەن خەڵکەوە، خۆی پێک دەهێنێت، کەواتە ئەوە ئارەزووە کە بابەت و ئۆبژەی کەپیتالیزمە. کەپیتالیزم واتە شوێنپێهەڵگرتن و وەدووکەوتنی ئارەزوو قوڵپێدانەکانی بە ئیمانینتی و ماکینەکانی کەپیتالیزم بە ئیمانانت شوێنپێهەڵگرن. لە ئەنتی ئۆدیبدا دولوز و گواتاری باس لەوە دەکەن، بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بە تەواوی و یەکلاکراوەی بەرهەمهێنانی خودی ئارەزووە (ئەنتی ئۆدیب، لا 36). ئەمەیش لە ناو بەهەندوەرگرتنی ئارەزوودا وەک تەنها ماڵ و نشینگەی بەرهەمهێنان و لەدایکبوونی واقیعی کۆمەڵایەتی، لێرەیشەوە لەخۆگرتنیان وەک کۆمەڵێک ئاژانسمۆی پێکەوەبووی ئارەزوو. ئەوە خودی ئارەزووە وەک پرۆسیسیوسەکانی لەدایکبوون و هاتنەئاراوەی ژیانێکی کۆمەڵایەتی دێتە بوون. هەروەها کەپیتالیزم هەمیشە لە هەوڵدایە تاوەکو   دەستی بخات و دەستی بەسەردا بگرێت و بیگەڕێنێتەوە سەر ماکینەیەکی بەرهەمهێنان. کەپیتالیزم لێرەدا وەک دووسەر دەردەکەوێت: ئارەزوو، لەگەڵ دەزگای وەرگرتن و دەستبەسەرداگرتن و چنگخستن و بەدەستهێنان. لە لایەکەوە لەسەر هێڵەکانی هەڵهاتن یان لە نزیک هێڵەکانی هەڵهاتنەوە گەشە و پەرە بە خۆی دەدات. کەپیتالیزم واتە کردنەوە و لەکۆدخستنی کۆدەکانی قوڵپدان، بەرهەمهێنانەوەی قوڵپدانە کۆدکراوەکان و لەکۆدخراوەکان. کردنەوەی کۆدەکان بە واتای سڕینەوە نایەت، بەڵکو بە مانای خستنەناو لۆژیکێکی بەرهەمهێنانەوە دێت. کەپیتالیزم مۆندیالی و جیهانییە، چونکە توانای بەستنەوەی تەواوی وزە و ئارەزوو و ئارەزووکراوەکانی هەیە لە ناو بەشداریپێکردنیان لە دەسەڵات و ''مەملەکەتی پارە''دا. بە مانایەکی دیکە بڵێین، کەپیتالیزم دەوڵەت لە قەڵەمڕەوی دەخات، کاری دەبێت بە لە قەڵەمڕەوی خستنی دەوڵەت. ئەمەیش لە سایەی نەزمدا، هەمیشە وەک سەربەخۆ خۆی دەنوێنێت. کەپیتالیزم و هێزەکانی، هاوشان و هاوڕێی قوڵپدان و فیچقەکردنی ئارەزووەکانن. لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەت لە ناو قەڵەمڕەوی دروستکردنەوەوە سەرقاڵی دیسپلینکردنە، سەرقاڵی گەمارۆدان و بەستنەوە و دیواربەندکردن و دیوارهەڵچنینە، بە هۆی کۆمەڵێک میکانیزمەوە کاری دەبێت بە لە قەڵەمڕەوی خستن و لە نیشتمان هەڵکەندن. کەپیتالیزم لەسەر سەیڕوورەی بوون بە کەمینەکانیش دەوەستێت، بەڵام ناتوانێت بە تەواوی دەستیان بەسەردا بگرێت. لێرەوە تێدەگەین بۆچی  کەپیتالیزم لە سایەی کۆنتڕۆڵکردندایە، بۆچی لەگەڵ کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵییەکاندا تیکەڵ بوون و  ئاوێزانبوونێک دروست دەکات. بەرهەمهێنانی ئارەزوو، شوێنکەوتن و جێپێهەڵگرتنی قوڵپدان (Flux) و فیچقەکردنی ئارەزووکان و بەرهەمهێنانەوەیان لە بازاڕدا. لێرەدا سیاسەت دەتوانێت وەک پرۆژەی ئازادکردنی ئارەزووەکان بێتە ئاراوە لە دەرەوەی ئەکسیۆمەکانی کەپیتالیزمدا. ئەمەیش هەلومەرجی بوون بە کەمینە و سیاسەتی سەیڕوورە و بوون بە کەمینەیە، کە دێتە ناوەوە و کار دەکات. لە ناو گەشەپێکردن و پەرەپێدانی زۆرینە لە ڕێگەی ئەکسیۆمەکانەوە، کەپیتالیزم وەک ئەوەی فینۆمینێکی زۆرینەیی و زۆرییە، دەچێتە ناو دەستبەرداربوون و دەستەهەڵگرتن لە بوون بە کەمینەوە. ئەگەر کەپیتالیزم زمانی زۆرینە بێت، ئەوا لە ناو هەوڵی دەستگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووی کەمینەکاندایە. ئەکسیۆماتیکی کەپیتالیزم پەیوەندیگیرییە، پەیوەندیگیرە، خراوەتە ناو پەیوەندییەوە. سیاسەت هەوڵی خوڵقاندن و بەدیهێنان و داهێنانی فیگیوری ناپوولەکی و ناپارەییە. واتە ئەگەر کەپیتالیزم یەکخستنی قوڵپدان و ئارەزووە بەرهەمهێنراوەکان بێت لە فیگیوری ''پارە''دا، سیاسەت و ئەکتی سیاسی کاری دەبێت بە دۆزینەوە و خوڵقاندنی فیگیوری غەیرە پارە. دژبوونە بە پرۆژەیەک، سیاسەت بەهەنووکەییکردن و ئەکتویلیزەکردنی کەمینەیەکی نابازاڕی و دەرەبازاڕییە. دەبێت سیاسەت کاری ببێت بە خوڵقاندن و دروستکردنی هەلومەرجی ژیانێکی جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤ. لێرەوە ڕووداوەکانی 68 بۆ دولوز و گواتاری دەرکەوت و پەیدابوونی فیگیوری ناپارەیی و بەرهەمهێنانەوەی ئارەزوو بوو لە ناو پرۆسیسیوسەکانی بەکەمینەبوون و سەیڕوورەی کەمینەدا. ئەمەیش وەک هێز و توانا و کارامەییەکی ناشیفرەیی و بەموشەفەرنەبوونی ئارەزووەکان. لەوێدا و لەو ساتەدا، وا کرا کە کەمینەکان قسە بکەن، هێز و توانای کەمینەکان بدوێن و وەک داهێنان و خوڵقاندن و پێکهێنانی دەستەجەمعی و هەرەوەزی دەرکەون. ڕووداوەکانی 68 نەیانهێشت لە ڕێگەی ماکرۆنۆرمەکانەوە بەرهەم بهێنرێنەوە، بەڵکو لە ناو و لە ڕێگەی میکرۆنۆرمەکانەوە، لە ڕێگەی کۆمەڵێک میکرۆنۆرمی ئاڕاستەکراودا بەرەو گۆڕان و گۆڕانکارییەک لە ژیانی ڕۆژانە و ئاساییدا چوون. ئایاری 68ی فەڕەنسا دەرکەوتن و مانیفێستبوونی میکرۆسیاسەتی کەمینەکان بوو،  مۆلیکیولیر، گەردیلەیی بوو... بەم شێوەیە داهێنان و خوڵقاندنی سیاسی، دەبێت میکرۆسیاسی بێت.



زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان