(١)
ن: کۆمەلەی ٦٨
گومان لەوەدا
نییە زانکۆی سلێمانی – وەک یەکەم زانکۆی کوردی – لەو سەردەم و هەلومەرجەی تێیدا
دروست بووە، ڕۆڵ و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەو ئەرکانەدا هەبووە کە هەر زانکۆیەک
هەیەتی. پێبەپێی ڕۆژگارەکانیش، زانکۆکە بە کۆمەڵێک ڕووداودا تێپەڕیوە و بگرە لە
هەر دامودەزگایەکی تری حکومی و ناحکومی، زیاتر بەشداریی لەو ڕووداوانەدا هەبووە.
دیسانەوە
بێگومان: زانکۆی سلێمانی خاوەنی کارەسات و خۆڕاگریی قەڵادزێیە، خاوەنی
ڕاگواستنیەتی بۆ هەولێر، خاوەنی شەهید فاتیحە، خاوەنی پرۆتستۆ و ناڕەزایەتیی
سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستە، خاوەنی کۆڕاڵ و چەندین چالاکیی جۆراوجۆری
خوێندکارییە و لە هەمووی گرنگتر، خاوەنی بەشێک لە ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دواییە...
لەگەڵ هەموو سەرنجەکان لەسەر خودی ئەم سەروەرییانە، هێشتا بێگومان زانکۆی سلێمانی
خاوەنی ئەم ''مێژوو''ەیە؛ بەڵام دەستەواژەی ''زانکۆی سلێمانی'' کێ دەگرێتەوە؟
پێش هەر
ڕوونکردنەوە و درێژدادڕییەک، دەبێت هەموو ئەوانەی ''شانازی'' بەم مێژووەوە دەکەن و
بە ''شکۆ''داری لەقەڵەم دەدەن، بوەستێنین و شۆکیان بکەین: ستۆپ! ''ئیدارە''ی
زانکۆی سلێمانی خاوەنی ئەم مێژوو و سەروەرییانە نییە!
خوێندکاران
خۆیان دروستکەری ئەو مێژووە و هەموو سەروەرییەکانین، هەر خۆیشیانن کە دەبێت
شانازیی پێوە بکەن. ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی زانکۆی سلێمانی، جگە لە ڕێگری لە
بەردەم ئەو هەموو وزە و هێزەی گەنجان و خوێندکارانیان هەیانبووە، هیچی تر نەبوون؛
مەهزەلەکە ئەوەیە ئەو مێژووەی ئێستا ئیدارەی زانکۆکە بە پڕشکۆی دەبینێت،
خوێندکاران لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمە چەوسێنەرەکەی ئەوان دروستیان کردووە.
ئیدارەی
زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕەکانی، ئەگەر لە هیچ شتێکدا شارەزا نەبن، لەوەدا شارەزان کە
ئایندەی خوێندکارەکانیان تەفروتوونا بکەن، ئیتر باسی کام ''ئایندە''یە لە ''داهێنان''
دەکەن؟ کامەیە پەروەردە و مەعریفەکەی ''زانکۆی دایک''؟ کوا بەرهەمی ئەو سوپا
بڕوانامەدارەی ساڵانە بەرهەمیان دەهێنێت؟ ئەسڵەن زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و ئەوانی
تر نا، فێرکردنی زمانەکەی خۆمان، کوردی، کوا؟ ئیتر ئەم ئایندەیە کامەیە؟ لە
کوێدایە؟ داهێنانەکەی لە چ قوژبنێکدایە وا ئێمە نایبینین؟ ئەوەیە کە خوێندکارێک بە
یەکدنیا خەون و ئاوات و هیوا و ئومێدەوە دێتە قۆناغی ١، دوایی بە تێکشکاوی و
داڕماوی و دەروونێکی بیمار و عەقڵێکی کڵۆڵەوە دێتە دەرێ؟
ئیدارەی
زانکۆی سلێمانی دەبوو شەرمی بکردایە و لەم یادەدا لەبری ''یوبێڵی زێڕین''، داوای
لێبوردنی بۆ ئەو ٢٦ ساڵە مەنگ و خەمناکەی بەڕێوەبردنی بکردایە و لەجیاتیی ٢ ڕۆژ
پشووی بێبەرهەم و مەڕاسیمی بێتامی موجامەلە و دیوەخانئاسا، لە تەوالێتە بۆگەنەکانی
داخلی و بەشە پەراوێزخراوەکانیدا، گوێی لە کۆژانی خوێندکارە تووڕەکان بگرتایە.
بێگومان ئەم
٥٠ ساڵە بۆ ئیدارەی زانکۆی سلێمانی نەزۆک و هیچلەبارانەبوو بووە، بۆ ئێمەی بەشێک
لە خوێندکاران و ڕێبوارانیشی، پڕ بەرهەم و کاری مێژوویی. بزۆکی و جووڵەی هەمیشەی
خوێندکارانی زانکۆکە و کۆمەڵەی ٦٨ وەک نموونە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی خۆمانە،
نەک ئەو ئیدارە فاشیلەی تەنانەت بۆ چوونە یەکێک لە هۆڵەکانیشی ڕێمان لی دەگرێت.