ماناهۆلا دارجیس
لە ئینگلیزییەوە: لێوەند
بەناز
لە ئەفغانستانی فیلمی بەردی سەبووریدا، ژیان و مەرگ بە
تووڕەیی و بێ ماندووبوون بە دەوری یەکتردا دەسووڕێنەوە، ژیان خۆی لە ژنێکی گەنجی
جوانی بێناودا دەدۆزێتەوە (گوڵشیفتە فەراهانی)، کە کاتێک چیرۆکەکە دەست پێ دەکات، چاودێریی
مێردە بریندارەکەی دەکات و بایەخی پێ دەدات، مێردێکی زۆر بەتەمەنتر لە خۆی، کە وەک
سەربازێکی هێزی موجاهیدین فیشەکێک بەر ملی کەوتووە و ئێستا لە غەیبووبەدایە، سۆندەیەکی
ئاوی پزیشکی لە نێو قوڕگیایەتی. بە شێوەیەکی سادە، ئەمان تەنها ٢ کەسن لە ژوورێکی
تەسکدا، بەڵام کاتێک بۆمبەکان دیوارەکانی ئەم ژوورە تەسکە دەورووژێنن و ژنەکەیش
باندجێکی خوێناوی لەسەر سەری مێردەکەی دەپێچێت، ڕاستەوخۆ وێناکان دەگۆڕێن و
دەبینرێت چۆن لە سروشتێکی بێ گەرەنتی و هاکەزاییدا، ئەم ژنە پاڵەوانە بایەخ دەدات
بە پیاوێکی بریندار، کە وا دەردەکەوێت بەرەو مردن دەڕوات.
دەرهێنەری ئەفغانی عەتیق ڕەحیمی، کە لە ناوەڕستی هەشتاکانەوە
لە فەڕەنسا ژیاوە ئەم وێناکردنەی لە کتێبی بەردی سەبووریدا گواستووەتەوە، کە لە
نووسینی جا کلاود کاریەرە و لە هەمان کاتتدا سیناریستی فیلمەکەیشە.
فیلمەکە سادەییەکی سەرنجڕاکێشی هەیە. کاتێک بۆمبەکان بۆ
ماوەیەکی کاتی دەوەستن، ژنەکە دەست بە قسەکردن لەگەڵ مێردە سستەکەیدا دەکات و لێی
دەپرسێت: ''گوێت لێمە؟'' ئەمەیش پرسیارێکی هەتا بڵێیت ئاڵۆزە، تەنانەت لە پەیوەندییە
ئاساییەکانیشدا. هەرچەندە ئەم پرسیارەی ژنەکە گوماندار و نەزانانەیە، چونکە پیاوەکە
بە گشتی بێ جووڵەیە و هەندێک جار چاوەکانی بە نائارامییەوە کراوەن، بەڵام پرسیارەکە
بە زۆر بێدەنگکردنی ژنێکی ئەفغانی دەردەخات. کاتێک ژنەکە دەست دەکات بە قسەکردن، زۆر
کەم دەوەستێت، تەنانەت بێدەنگییەکانیش بە چپەی ترس و هەنسکەکانی پڕ دەکات و وەڕسبوونێکی
دوورودرێژ بە خۆیەوە دەبینێت.
کەسوکاری پیاوەکە بە هۆی ئەم جەنگەوە پشتیان تێکردوون و ژنەکە
ناچار دەبێت بە تەنیا گرنگی بدات بە مێردەکەی و ئاگاداری ٢ کچە بچکۆلەکەیان بێت،
بە تایبەت دوای ئەوەی کەسوکاریان لە کاتی بەجێهێشتنی ناوچەکەدا، تەواوی پارەکانیشیان
لەگەڵ خۆیاندا بردووە. بە هۆی پێداویستیی پیاوەکەوە، پارەیەکی زۆر قەرزاری
دەرمانسازەکەن و لەبەر ئەمەیش دەرمانسازی ناوچەکە ڕەتی دەکاتەوە دەرمانی تر بدات
بە ژنەکە، تەنانەت دەستکەوتنی ئاویش بۆی قورس دەبێت و زۆر بە زەحمەت توانای
پەیداکردنی هەیە. جگە لە چەند دراوسێیەک، کە لە کاتی بۆمببارانکردندا لە
ژێرزەمینێکدا کۆ دەبنەوە؛ ئەم ژنە کەسی نییە و و تەنیایە.
عەتیق ڕەحیمی لە نێو ماڵی بچووکی ئەم ژنومێردەدا
جیهانێکی تر دەکاتەوە، ژوورەکان هێندە پڕ لە هەوا دەکات، وشەی تیژ و گۆبەندێکی
هەڵقوڵاو، کە قەت هەست ناکەیت دیوارە تەسکەکانی ئەم ژوورە وردە وردە قووتت دەدەن.
هەرچەندە ئەکتەرەکان لە جێی خۆیان وەستابن، دیالۆگە
بەردەوامەکان دڵنیایی ئەوە دەدەن کە شتەکان بەردەوام لە جووڵەدا بن، بە هەمان شێوەیش
کامێراکە هەمان ئامانج دەپێکێت، کاتێک بەردەوام تیشک دەخاتە سەر وردەکارییەکی نوێ
– وەک دیمەنێک لە پەنجەرەوە، وەک وێنەیەک بە دیوارەوە کە بە بەردەوام وردەکاریی بۆ
چیرۆکەکە زیاد دەکات - هەندێک جاریش هەم کامێراکە و هەم ژنەکەیش بۆ دەرەوەی ماڵەکە
سەرەڕۆیی دەکەن و بە نێو شەقامە نائومێد و خۆڵاوییەکاندا گوزەر دەکەن، کە پاشماوەی
ماڵە ڕووخاوەکان و سەگە لاوازەکان داگیریان کردوون.
دوای چەند هەوڵێکی شکستخواردوو، ژنەکە خۆی دەگەیەنێتە
ماڵی پووری، کە لەو خاڵەوە چیرۆکەکە ڕێگایەکی جیاواز و مێلۆدراماتیک دەگرێت.
بە گشتی بەردی سەبووری ڕەنگدانەوەی ئەفسانەیەکی ئەفغانییە
بە ناوی ''تەرمە ٧٠ ساڵانەکە''، کە لە کتێبی چیرۆکە کەلتوورییەکانی جیهاندا دەردەکەوێت.
ڕیچارد ئێم دۆرسن کە ڕێنووسی کتێبەکەی کردووە، دەڵێت کە لە ڕوانگەی چیرۆکەکەوە ژنێک
بۆ پیاوێکی بەتەمەنتر لە خۆی بە شوو دەدرێت؛ بەلای ژنانەوە وێناکردنێکێکی گونجاو و
تەندروستە بۆ ئەو هەستە تاسێنراوەیان کە جیهانێکی پیاوسالار دروستی کردووە. هەرچەندە
عەتیق ڕەحیمی ڕێگایەکی زیاتر شیعری بۆ هەمان بابەت دەگرێتە بەر، کە چیرۆکی گەردوونیی
شەڕی ''پیاوێک و ژنێک''ە، کە لەگەڵ بەردەوام بەرەوپێشچوونی چیرۆکەکە، تایبەتمەندییەکی
جیاواز لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئەم ڕێگایە دەکرێت چەند ڕاستییەکی گەردوونییش لە خۆ بگرێت.
ئەستەمە ئەوەیش لە بیر بکرێت، کە ئەم چیرۆکە ڕەگێکی ترسناکی لە دنیای واقیعماندا
هەیە.
ئەم فیلمە لە پرۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش دەکرێت و دواتر بینەران گفتوگۆ دەربارەی دەکەن