ستێفانی مێری
هەندێک فیلم لە دوای بینین، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان تەواو دەبێت و تەنها
چێژێکی کورتخایەنی بۆ بینەر دەبێت، بەڵام هەندێکی تر هەن کە چەندین ڕۆژ دوای
بینینی فیلمەکەیش، هێشتا کاریگەرییان بەسەر بینەرەوە هەیە و ناتوانرێت بە ئاسانی
لە بیر بکرێن. بەردی سەبووری یەکێکە لەو فیلمانە و باسێکی سەرنجڕاکێشە لەسەر ژنێکی
ئەفغانی لە کاتی جەنگی ناوخۆی وڵاتەکەدا.
فیلمەکە لەگەڵ بێهیوابوونی کارەکتەرە بێناوەکە دەست پێ دەکات، کە دایکی ٢
منداڵە و ١٦ ڕۆژە مێردەکەی بریندار بووە و بێهۆش لە جێگادا کەوتووە، هیچ پارەیەکی
پێ نەماوە و خێزانەکەی بە تەواوی بەجێیان هێشتووە، لە دوای ئەوەی
ڕووبەڕووبوونەوەکان نزیک لە ناوچەکەیانەوە نزیک بووبووەوە، هەروەها تاکە پشتوپەنایشی،
کە پوورە لەشفرۆشەکەی بوو، دیار نەماوە. هەر بۆیە لە ناوجەرگەی ململانێیەکی تونددا،
وەک زیندانییەکی لێ هاتووە.
دوای ماوەیەک، پووری دێتەوە و ٢ منداڵەکەی دەبات بۆ لای، تا پارێزراو بن و
خۆیشی ڕۆژانە دێتەوە بۆ لای مێردەکەی تا دەرمانەکانی بداتێ. لە یەکێک لە ڕۆژەکاندا،
جیا لەوەی کە دەرمان بە مێردەکەی دەدات، قسەیشی لەگەڵدا دەکات، هەر ئەم قسەکردنەیشە
بەردەوام دەبێت و لە قسەکردنی ئاساییەوە دەگۆڕرێت بۆ بەتاڵکردنەوەی ناخی خۆی و
دەرخستنی تەواوی نهێنییەکانی ژیانی، هەتا قسەی زیاتریش بکات، هەستی نزیکبوونەوە لە
مێردەکەی زیاتر دەبێت، تا دەگات بەوەی خۆشی بوێت.
فیلمەکە لە لایەن عەتیق ڕەحیمییەوە دروست کراوەوە، کە خۆی خەڵکی ئەفغانستانە
و لەدایکبووی کابوولە، چیرۆکی فیلمەکەیشی لە ڕۆمانێکی خۆیەوە وەرگرتووە، هەر بۆیە
سەرنجێکی زۆری خستووەتە سەر بەستنەوەی وێنەکان بە فەزای چیرۆکەکەوە و هەر دیمەنێک
مانایەکی قووڵی لە ناوەڕۆکی چیرۆکەکەدا هەڵگرتووە، بۆ نموونە ئەو پەردەیەی وێنەی
باڵندەی لەسەرە و ئەو دیمەنانەی کە مێردە بێهۆش و بێجووڵەکەی بە چاوی کراوەوە
پیشان دەدات، وەک بڵێی مردووە و هەست بە هیچ شتێک ناکات.
چیرۆکەکە سترێس و ترسێکی بەردەوامی پێوە دیارە و دەنگی تەقینەوە بەردەوام
لە نزیک ماڵەکەوە دێت، وەک نیشانەیەک بۆ ئەو سەربازانەی کە بە دوای تاڵانکردنی
ماڵەکان و لاقەکردنی ژنەکانەوەن. توانای گوڵشیفتە فەراهانییش لە بەرجەستەکردنی ئەم
هەستانەدا، هەتا بڵێیت سەرنجڕاکێشە و زۆر بە ئاسانی وا لە بینەر دەکات لە دۆخەکە
تێبگات و ئاڵوگۆڕ بە هەستەکان بکات، بە ڕادەیەک کە دەتوانێت کاردانەوەی لە ترسێکی قووڵ
و پاڕانەوە لە مێردەکەی، بگۆڕیت بۆ تووڕەبوون و جنێودان پێی.
فیلمەکەیش بەم جۆرە بەردەوام دەبێت تا دەگات بە کۆتاییەکی لەبیرنەکراو و
سەیر، کە تەنانەت کارەکتەرەکە خۆیشی ناتوانێت بە ئاسانی بڕوا بەو چارەنووسەی خۆی
بکات و هەم کارەکتەر و هەم بینەریش لە شۆکێکی سەیردا دەبن، ئەمەش دەرخەری هەمان
چارەنووسی ئەو ژنانەیە کە بەم جۆرە دەژین و بەردەوام لە مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی
ئەم جۆرە کێشانەدان و چیرۆکی ژیانیان بۆ هەر مرۆڤێک، بڕواپێنەکراو و نامۆیە.
ئەم فیلمە لە پرۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش دەکرێت و دواتر بینەرانی گفتوگۆ دەربارەی دەکەن
سێشەممە (٢٠\١١\٢٠١٨)
٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ
سینەما سالم
٣٠٠٠ دینار
بە ژێرنووسی کوردی