فۆتۆی مەنجەڵە شفتەیەکی ''دزراو'' لە لایەن چەند خوێندکارێکی یەکێک لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆیەکی باشووری کوردستان، لە خوێندکارێکی قۆناغی ١
٢٠١٨
بە بۆنەی
مەنجەڵە شفتەکەی داخلییەوە
کۆمەڵەی ٦٨
ئەو حەزە قووڵەی خوێندکارانی قۆناغی ٢ و ٣ و ٤ و... بۆ ''ڕابواردن'' بە خوێندکارانی قۆناغی ١ و تازەهاتوو بۆ زانکۆ هەیانە، لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ''قیق'' و ''سەرلێتێکدان'' و ''بەزمەکانی داخلی'' و یەکدنیا ناووناتۆرەی ناشیرینی تر، هیی چ عەقڵیەتێکن؟ چی وا دەکات ئەو چێژە ئۆرگازمئاسایە لەم قەشمەرجاڕبوونەوە ببینرێت؟
پێشتر و لە
سەروەختی ڕووداو و کارەساتانەی سیستم بەسەرمانیان دەهێنا، زۆر باسمان لەوە کردووە
کە ئێمەی توێژی خوێندکار لە ناو چینە چەوساوەکەی کۆمەڵەگەدا، خودی خۆمان دابەش
کراوین و وەک دوو چینی جیاواز مامەڵە و ڕەفتار لەگەڵ یەکتر دەکەین – پەیوەندیی
نێوان ''داخلی'' و ''ناوشار'' باشترین نموونەیە -. ئەمەی ئێستایش ڕوو دەدات، ئەم
ڕابواردن و قەشمەریکردنەی بە خوێندکارانی قۆناغی ١ دەکرێت، هیچ نییە جگە لە
دەرنجامەکانی دوو چینبوونمان. ئەگەر سیستم چێژ لەوە نەبینێت کە بە هاورێ
نوێیەکانمان ڕاببوێرین و قەشمەرییان پێ بکەین، کەواتە ئەو هێزە کاریگەرە چییە و
کێیە کە تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم قەباحەتە ڕابگرێت؟ ئەمە ڕیشەیەکی زۆر قووڵتری
هەیە، ناولێنانی ''قاز'' و ''وارووکردن''ی ئەو خوێندکارانە لە کاتی یەکەم
هاتنیاندا و ''ئەمسەر و ئەوسەر پێکردن''یان لە داخلییەکاندا، زۆر دەمێکە هەیە و
جگە لەوەی ناڕاستەوخۆ ئامانجەکانی سیستم بۆ زیاتر گرگنبوون و بێدەنگبوون و
سەرحیزبوونمان دەپێکێت، لە ناو خۆیشماندا دەمانکاتە قەشمەرجاڕێکی موحتەرەم،
قۆشمەچییەکی خوێندکار، کە لە جێی ئەوەی لەسەر شانۆ خەریکی سێرک بین، ''شەهادە''ی
قەبە قەبەمان پێیە.
ئەگەر
خوێندکارێکی ئەو قۆناغانە، خۆی لە قۆناغی ١دا سووکایەتیی پێ نەکرابێت و دەروونی
بەو ڕەفتارسزییانە نەشێوێنرابێت، ئێستا چۆن ئامادەیە مەنجەڵە شفتە – بدزێت – و
دواییش بە شانازییەوە چیرۆکەکەی پۆست بکات؟ کەواتە خودی جەللادەکە قوربانییە و
ئەوەی ئێستا دەیکات، پێشتر سیستم بەسەری هێناوە و ئێستایش سیستم خۆی یارمەتیی
دەدات و دەستی دەگرێت، تا هەمان شت بەرامبەر بە هاوڕێ نوێیەکەی بکات.
هەموو ئەمانە
و زیاتریش، هۆکاری ئەو دابڕانە قووڵەی نێوانمانن، هۆکاری ئەوەن کە لەبری هاوڕێیەتی
و هاوخەمی و هاوچەرەنووسی و خۆبەخاوەنزانینی خەمەکانی یەکتری، خەریکی گاڵتەکردن بە
یەکتر قۆشمەچێتی بین، خەریک بین سیستم وەک قەرەقۆز بەرامبەر بە یەکتر بەکارمان
بهێنێت و شوناسی قەشمەرچاڕمان بە فەڕمی پێ بدات.