فۆتۆ: خۆپیشاندانی بەشیک لە خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی، ٢٠١٨
(لە ماڵپەڕی دواڕۆژەوە وەرگیراوە)
کۆمەڵەی ٦٨
زۆر جار دەیبینین
کە خۆپیشاندانێک بۆ مەبەستێک ڕێک دەخرێت خەڵکانێکی زۆر ئامادەن، هەموو پێکەوە دروشمە
نووسراوەکانی دەستی کەمینەیەک دەڵێنەوە و هوتاف دەکێشن، لە کاتی بینینی ئەمەدا
هەموو وا دەزانین ناڕەزایەتی دەردەبڕرێت و کۆمەڵێک مافخوراو داوای مافەکانی خۆیان دەکەن،
بەس ئەگەر بچینە ناوەڕۆکی ئەم خۆپیشاندانانەوە، ئەوا زۆر زوو بۆت دەردەکەوێت کە
ئەمە نەک هەر چالاکییەک نیە بۆ وەرگرتنی ماف، بەڵکو ڕێگریکردنە لە چالاکیی
ڕاستەقینە و پشتگیریکردنی مافخواردنەکەیە. ئەمە چۆن؟
با بڵێین تۆ خوێندکاری لە یەکێک لە بەشە
پزیشکییەکانیت، ڕۆژێک دەبیستیت کە لە زانکۆ ئەهلییەکاندا هەمان بەشی تۆ کراوەتەوە
و کەسانێک بە هەوڵێکی کەم و پارەیەکی زۆر، دەتوانن هەمان بڕوانامەی تۆ بەدەست بهێنن،
لەو کاتەدا تۆ هەست بەوە دەکەیت کە چ زوڵمێکت لێ کراوە و چۆن یاری بە بوونت کراوە،
بەڵام چی دەکەیت؟ ئەوپەڕی لە یەک دوو ڕێستدا لەگەڵ هاوڕێکانتدا باسی بکەیت، یان
لێرەولەوێ بە تەنها یەک دێڕ ناڕەزایی خۆت دەرببڕیت و تەواو، بەس ڕۆژێک نوێنەرەکەت
دێت و باسی ئەوە دەکات کە خۆپیشاندانێک بۆ ئەو بابەتە ڕێک خراوە و فەبێت بەشدار بین،
تۆیش وا دەزانی کە ئامانجی ئەمە هەمان ئەو ئامانجەیە کە تۆ دەتەوێت، دەچیت دوای
قەرەباڵغی دەکەویت، لەوێ ئەوان چییان کرد دەیکەیتەوە و چییان وت، دەیڵێیتەوە. کە دەڵێم
ئەوان، مەبەستم نوێنەرەکان و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەیە؛ ئەم نوێنەرانە خۆیان
هەموو شتێکیان ڕێک خستووە و تەنانەت دروشمەکانیشیان نووسیون، هەر خۆیشیان قسە
لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دەکەن و هەر خۆیشیان کاتی تەواوبوونی خۆپیشاندان دیاری دەکەن
و هەر خۆیشیان پێت دەڵێن کە ئامانجەکە بەدی هاتووە یان نا... هەموو ئەمانە لە
کاتێکدا کە نوێنەرەکان هەمان ئەو کەسانەن کە دەستەڕاستی ستەمکارە ڕاستەقینەکانن و
هەموو شتێکیش کە کردبێتیان، ئەگەر بە ڕووکەش بۆ تۆ بووبێت، ئەوا لە ناوەڕۆکەوە بۆ
بەرامبەرەکەت بووە.
با چیتر خۆپیشاندانەکانمان پووچ و بێبەها
نەبن، لەمەودوا خۆمان ڕێکیان بخەین و خۆمان دروشم دابنێین، خۆمان بڕیاری کردن و
وەستانی بدەین و هەر خۆیشمان ئامانجەکان دیاری بکەین؛ ئەوە تۆیت کە مافت خوراوە و دەبێت
بیر بکەتەوە و کاردانەوەت هەبێت.