(٦) و کۆتایی
(بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان و ڕۆڵ و کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە شڵەقانی دۆخ و گۆڕینی ئاڕاستەکان و هێنانەکایەی هەلومەرجی نوێ، هەروەها بەوەی کۆمەڵەی ٦٨ بە ئیلهامبەخشێکی گرنگ و پێویستیان بۆ سەرپێخستنی بزووتنەوەی خوێندکاریی جیدی و ڕادیکاڵ لە زانکۆکانی باشووری کوردستاندا دەزانێت، ئەم ناساندنە کورتانەی بۆ بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان وەرگێڕاوە، کە دەکرێت ببێتە هەوێنی فزووڵیەت و بەدواداگەڕانێکی زیاتری گەنجان و خوێندکاران بۆ ئاشنابوون بەو میراتە گرنگە)
بەهاره موحیبی
لە فارسییەوە:
بیار ڕەشید
بزووتنەوەی
خوێندکاریی بەڕیتانیا
بزووتنەوەی
خوێندکاری لە بەڕیتانیا بەراورد بە ئەمەریکا مێژوویەکی درێژتری هەیە و دەگەڕێتەوە
بۆ دەیەی ١٨٨٠ و دروستبوونی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خوێندکاران. ئەم ئەنجوومەنانە
دەستپێکی ئەنجوومەنەکانی تری خوێندکاران بوون کە لە ساڵی ١٩٢١دا ئەنجوومەنی میللیی
خوێندکارانی بەڕیتانیایان پێک هێنا. ئەنجوومەنی میللیی خوێندکارانی بەڕیتانیا
ئەگەرچی لە ئەنجامی کەمبوونەوەی چالاکییە سیاسی و ئایینیەکانی خوێندکارانەوە سەری هەڵدا،
بەڵام وردە وردە گرنگیی خۆی لە دەستدا و لە دەیەی ١٩٣٠دا خوێندکاران بە دروستکردنی
ئەنجوومەنە سۆسیالیستییەکان جارێکی تر تێکەڵی گۆڕەپانی سیاسەت بوونەوە.
بزووتنەوەی
خوێندکاریی بەڕیتانیا هەرچەندە هاوهەنگاو لەگەڵ بزووتنەوە ناڕازییەکانی تری
وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکی بەرانبەر ڕووداوە نێودەوڵەتییەکانی وەک جەنگی ڤێتنام
بەشدار بووە، بەڵام زیاتر لەسەر کێشە و بابەتەکانی توێژی خوێندکاران پێداگریی
کردووە. ئەم بزووتنەوەیە ساڵی ٢٠١٠ جارێکی تر ناڕەزایی لە بەرانبەر زیادبوونی نرخ،
کەمبوونەوەی بودجەی خوێندنی باڵا و بڕینی هاوکاریی دارایی خوێندکاران خستە سەرپێ و
خۆپیشاندانێکی فراوانی لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی کۆنەپارێزی دەیڤد کامیرۆن ساز کرد.
ئەم کۆبوونەوانە ئەگەرچی تا ڕادەیەک ئاشتییانە بوو، بەڵام ڕاپۆرتەکانی لەبارەی تێوەگلان
و پەیوەندیی نهێنیی خوێندکاران لەگەڵ پۆلیس بڵاو بوونەوە.