(٤)
(بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان و ڕۆڵ و کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە شڵەقانی دۆخ و گۆڕینی ئاڕاستەکان و هێنانەکایەی هەلومەرجی نوێ، هەروەها بەوەی کۆمەڵەی ٦٨ بە ئیلهامبەخشێکی گرنگ و پێویستیان بۆ سەرپێخستنی بزووتنەوەی خوێندکاریی جیدی و ڕادیکاڵ لە زانکۆکانی باشووری کوردستاندا دەزانێت، ئەم ناساندنە کورتانەی بۆ بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان وەرگێڕاوە، کە دەکرێت ببێتە هەوێنی فزووڵیەت و بەدواداگەڕانێکی زیاتری گەنجان و خوێندکاران بۆ ئاشنابوون بەو میراتە گرنگە)
بەهاره موحیبی
لە فارسییەوە:
بیار ڕەشید
وەک زۆربەی
وڵاتانی ئەورووپا، ئیتاڵیاش لە دەیەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ جێگای گۆڕانکاریی ڕیشەیی بوو.
هەرچەندە لەگەڵ بە بنبەست گەیشتن و ڕادیکاڵبوونی بزووتنەوەی خوێندکاریی دژەجەنگ و
ناڕازی، بزووتنەوەی گاردە سوورەکان لە ئیتاڵیا (لە شێوەی فراکسیۆنی سوپای سوور لە
ئەڵمانیا) دامەزرا. لە ڕاستیدا گاردە سوورەکان لە ناو کۆمەڵێک ڕێکخراوی چەپی سەرکێشدا
هاتبوونە دەرەوە و لەگەڵ فراکسیۆنی سوپای سوور و گرووپە مارکسیستە فەڵەستینییەکاندا
پەیوەندییان هەبوو.
دامەزرێنەرانی
سەرەکیی گاردە سوورەکان، ڕیناتۆ کۆرچیو و ئەلبێرتۆ فرانچشینی بوون. ئەم دوانە لەو
خوێندکارانە بوون کە یەکەمیان لە گرووپێکی ڕاستڕەوی سەرکێشەوە هاتبوو، دووەمیان
پەیوەندیی لەگەڵ گرووپی گەنجانی کۆمۆنیست هەبوو، بەڵام بڕیاریان دا کە ستراتیژی
شەڕی چەکدارانەی شار بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەمەریکای لاتین بۆ ململانێ بەرانبەر
ئیمپریالیزم درێژە پێ بدەن و لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠دا چالاکییەکانی خۆیان، لە
شێوەی دزیی چەکدارانە و هێرشی سەربازی دەست پێ کرد.
گرنگترین
چالاکیی ئەوان لە ساڵی ١٩٧٨دا ڕفاندن و کوشتنی ئاڵدو مورو، سەرۆکی حیزبی بەتوانای
دیموکراتی مەسیحی ئیتاڵیا بوو. ململانێ و سەرکوتکردنی بەهێزی پۆلیسی و هاوکاریی
دەستگیرکراوانی گاردە سوورەکان لەگەڵ پۆلیس لە بەرانبەر کەمکردنەوەی ماوەی زیندان،
ئەم گرووپەی بە شێوەیەکی تەواو لە ناو برد، هەرچەندە شەپۆلی دووەم و سێیەمی ئەم گرووپە
لە ئیتاڵیا بە ئاستێکی زۆر لاواز دەرکەوتن. کۆتا شێوەی نوێکراوەی گاردە سوورەکان
بە ناونیشانی گاردە سوورە نوێیەکان لە ناوەڕاستی دەیەی ٢٠٠٠دا دەرکەوت. فەیلەسووف
و نووسەری ناوداری ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ نیگری، لە نموونەی بەناوبانگترین ئەو
ڕۆشنبیرانە بوو کە بە هاوکاریکردنی گاردە سوورەکان تۆمەتبار کرا و زیاتر لە چوار
ساڵ زیندانی کرا و پاش هەڵبژاردن وەک نوێنەری پەرلەمان لە زینداندا ئازاد کرا، دواتر
تا ماوەیەکی زۆر لە فەڕەنسا پەنابەر بوو. لەم ماوەیەدا ڕۆشنبیرانی فەڕەنسی،
بەتایبەت دولوز، فوکۆ و گتاری بەرگرییان لە نیگری کرد. ئەمڕۆ زۆربەی سەرکردەکانی گاردە
سوورەکان دوای بەڕێکردنی ماوەیەک لە زینداندا، ئازادن.