(٣)
(بە
لەبەرچاوگرتنی گرنگیی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان و ڕۆڵ و کاریگەرییە سیاسی و
کۆمەڵایەتییەکان لە شڵەقانی دۆخ و گۆڕینی ئاڕاستەکان و هێنانەکایەی هەلومەرجی نوێ،
هەروەها بەوەی کۆمەڵەی ٦٨ بە ئیلهامبەخشێکی گرنگ و پێویستیان بۆ سەرپێخستنی
بزووتنەوەی خوێندکاریی جیدی و ڕادیکاڵ لە زانکۆکانی باشووری کوردستاندا دەزانێت،
ئەم ناساندنە کورتانەی بۆ بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان
وەرگێڕاوە، کە دەکرێت ببێتە هەوێنی فزووڵیەت و بەدواداگەڕانێکی زیاتری گەنجان و
خوێندکاران بۆ ئاشنابوون بەو میراتە گرنگە)
بەهاره موحیبی
لە فارسییەوە: بیار ڕەشید
بەشداریکردنی بەرچاوی زانکۆکانی ئێران لە ڕووداوێکی گرنگی سیاسیدا کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران، دەتوانرێت وەک ئاماژەیەکی گرنگ بۆ ڕۆڵی دیار و کاریگەری بزووتنەوەی خوێندکاری لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەبەرچاو بگیرێت. لەم ڕوانگەیەوە بڕیارمان دا نیگایەکی خێرا بە بزووتنەوە خوێندکارییە گرنگەکانی جیهانی هاوچەرخ و پێشینە و کاریگەریی ئەواندا بکەین؛ بزووتنەوە خوێندکارییەکان بە بیرۆکە و چالاکییەکانی گرووپێکی خوێندکارانی زانکۆ دەوترێت کە لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری دەکەن. مێژووی بزووتنەوە خوێندکارییەکان هاوکاتە لەگەڵ مێژووی بونیادنانی زانکۆکان. لێرەدا پێداچوونەوەیەک بە مێژووی بزووتنەوە خوێندکارییە گرنگەکانی چەند وڵاتێکدا دەکەین.
بزووتنەوەی
خوێندکاریی ئەڵمانیا
بزووتنەوەی
خوێندکاریی ئەڵمانیا، بزووتنەوەیەکی ناڕازی بوو کە لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٦٠دا لە
ئەڵمانیای ڕۆژئاوا لە ڕێگای کاردانەوە بەرانبەر سیاسەتەکانی دەوڵەت و هەژاریی
خوێندکاران دروست بوو. بەڕاستی لەم کاتەدا، دوای نزیکەی سەدەیەک بەرگریکردن،
بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ پەیوەستبوونی بنەڕەتیی بە چەپ لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٦دا
ئەنجوومەنی ڕادیکاڵ خوێندکارانی سۆسیالیستیان دروست کرد. بە دەستپێشخەریی ئەم
کەسانە لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٧ چەند خۆپیشاندان و مانگرتنێک دژی جەنگی ڤێتنام لە بەردەم
باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە فرانکفۆرت بەرپا کرا. لە بەرانبەر فراوانبوونی
ناڕەزایەتییەکان، چاودێریی دەوڵەت زیاتر و کاردانەوەی پۆلیس قورستر بوون، سەرەنجام
لە کۆتایی مانگی ئایاری ١٩٦٧دا، کە شای ئێران سەردانی ئەڵمانیای ڕۆژئاوای کرد،
ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران هەموو سنوورێکی تێپەڕاند.
ئێوارەی ٢ی
حوزەیران، ئەو کاتەی کە شای ئێران ویستی بچێتە ناو باڵەخانەی ئۆپێرای بەرلین،
خۆپیشاندان لە دژی دەستی پێ کرد. شەقامەکانی نزیک باڵەخانەی ئۆپێراکە تا چەند سەعاتێک
بووە گۆڕەپانی ململانێ و لێدان لە نێوان خوێندکاران و پۆلیس. مەرگی بێنو ئونەزورگ،
خوێندکاری تەمەن بیستوشەش ساڵ بە هۆی پێکانی گوللەی پۆلیسەوە لەم
ڕووبەڕوبونەوانەدا، زریانێکی لە ئەڵمانیا بەرپا کرد. لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی
مەرگی ئونەزورگ، دووبارە سنووری خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوو، هەروەها پۆلیسیش بە
شێوەیەکی توندتر لە پێشوو ڕەفتاری کرد.
بزووتنەوەی
خوێندکاریی ئەڵمانیا لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٧٠دا تا ڕادەیەک بەرەو لەناوچوون ڕۆیشت،
بەڵام دوو ڕووداو تێیدا لە دایک بوون کە ساڵانێکی زۆر کاریگەرییان لە گۆڕەپانی
سیاسیی ئەڵمانیادا بەجێ هێشت: بەشێک لە خوێندکاران تا سنووری ڕووبەڕوبونەوەی
چەکدارانە چوون و فراكسيۆنی سوپای سووریان دامەزراند، کە لە تەواوی دەیەی ١٩٧٠دا
ئەڵمانیایان بەرەو ترس و تۆقین و نیگەرانی برد. گرووپێکی تر گەڕانەوە بۆ ململانێی
سیاسی. بەشێک لەو کەسانەی کە ساڵی ١٩٦٨ لە ململانێکانی دەرەوەی پەرلەمان چالاک
بوون، چەند ساڵێک دواتر وەک نوێنەرانی حیزبی سەوز بەرەو پەرلەمان هەنگاویان نا و
بەشێک لەوانە گەیشتنە پۆستی باڵای دەوڵەت. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین کە دیموکراسیی
ئەڵمانی لە تەوژمی بزووتنەوەی هاووڵاتی لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاری دەستی پێ کرد و
ڕیشەیەکی بەهێزی داکوتا.