(٢)
(بە
لەبەرچاوگرتنی گرنگیی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان و ڕۆڵ و کاریگەرییە سیاسی و
کۆمەڵایەتییەکان لە شڵەقانی دۆخ و گۆڕینی ئاڕاستەکان و هێنانەکایەی هەلومەرجی نوێ،
هەروەها بەوەی کۆمەڵەی ٦٨ بە ئیلهامبەخشێکی گرنگ و پێویستیان بۆ سەرپێخستنی
بزووتنەوەی خوێندکاریی جیدی و ڕادیکاڵ لە زانکۆکانی باشووری کوردستاندا دەزانێت،
ئەم ناساندنە کورتانەی بۆ بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان
وەرگێڕاوە، کە دەکرێت ببێتە هەوێنی فزووڵیەت و بەدواداگەڕانێکی زیاتری گەنجان و
خوێندکاران بۆ ئاشنابوون بەو میراتە گرنگە)
بەهاره موحیبی
لە فارسییەوە:
بیار ڕەشید
ئەنجوومەنی
میللیی خوێندکارانی فەڕەنسا (U.N.E.F)، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٧دا لە چەندین
ڕێکخراوی خوێندکاریی بچووک دروست بوو، دەتوانین (لەگەڵ کەمێک چاوپۆشی) بە
کاریگەرترین ڕێکخراوی خوێندکاریی گۆڕەپانی سیاسیی فەڕەنسا ناوی ببەین. ئەنجوومەنی
میللیی خوێندکاران جگە لە خۆپەروەردەکردن لە سەرانسەری زانکۆکانی فەڕەنسادا، تا
پێش جەنگی جیهانیی یەکەم هیچ ڕۆڵێکی بەرچاوی نەبوو، چونکە خوێندکاران لەم ماوەیەدا
زۆربەیان لە خێزانەکانی چینی دەوڵەمەند بوون. لە ڕاستیدا ئەوانە هیچ
پەیوەندییەکیان لەگەڵ نیگەرانییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا نەبوو. نزیکەی شەست
ساڵ دواتر چینی دەوڵەمەند لە زانکۆکاندا وەک کەمینەیەک ڕووی لە لەناوچوون کرد و
گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە توێژی دەرچوانی فەڕەنسا دروست بوو. بەشێکی گەورە لە گەنجانی
چینی ناوەند لەگەڵ نیگەرانییە زۆرەکان دەربارەی ئایندەی سیاسی و ئابوورییان چووبوونە
زانکۆ و بەم جۆرە ئەنجوومەنی میللیی خوێندکارانی فەڕەنسا کار و چالاکیی نوێیان
دەست پێ کردبوو. بەڵام لوتکەی سەرکەوتنی بزووتنەوەی خوێندکاری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی
١٩٦٨؛ بزووتنەوەیەکی ناڕازی کە سەرکەوتوو بوو لەوەی لە ڕێڕەوەکانی زانکۆوە بێتە
ناو شەقام و لەماوەی هەفتەیەکدا میلیۆنەها فەڕەنسی ڕابکێشێتە مەیدانی ململانێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەربارەی بزووتنەوەی ١٩٦٨ی فەڕەنسا بیروڕای جیاواز و دژیەک دروست
دەبێت، بە جۆرێک کە بەشێک ئەوە بە گەشەسەندنی ڕووبەری ئازادی و بووژانەوە و
پێگەیاندنی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا دەزانن و بەشێکی تر ئەو بە هاواری گاڵتەجاڕانە،
دەرووننەخۆشیی بەکۆمەڵ یان کەرنەڤاڵ ناو دەبەن.