یەکێک لە ڕێپێوانە خۆڕسکانەکانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دژی بڕیاری سەندنی ١٠٠،٠٠٠ دینار لە بەشەناوخۆییەکان بە دروشمی: ''داخلی و ناوشار، پێکەوە بۆ ڕێی خەبات!''
کۆمەڵەی ٦٨
دەسەڵاتی سیاسیی چەوسێنەر و ستەمکاری باشووری کوردستان بە درێژایی ٢٦ ساڵی
تەمەنی پڕ شکستی، لە هەموو سووچ و کون و قوژبنێکەوە خوێندکارانی داڕزاندووە و هەتا
بۆی کرابێت لە وزە و هێزی بردوون و نەیهێشتووە بۆ ساتێکیش بێت هەناسەی گەنجبوونیان
بدەن. هەموو ئەم ستەمە جۆراوجۆر و یەک لە دوای یەکانەش سایکۆلۆژیا و شێوەژیانێکی بۆ
خوێندکاران دروست کردووە، کە هەمیشە لە خزمەت دەسەڵاتە سیاسییەکە و سیستمە
کەلاوەکەی بن و بەردەوام بەرهەمی بهێننەوە. هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی بەرپرسیارێتیی
بەشێکی زۆری ئەم بارودۆخە دەکەوێتە سەرشانی دەسەڵاتە سیاسییەکە، بەڵام بارتەقای
ئەوەش خودی خوێندکاریش بەرپرسیارە.
ڕاستە کە هەریەکێکمان بارودۆخێکی خراپ دەژین، هەلومەرجێکی وێران
دەگوزەرێنین، تا بێت قورسایی و بارگرانییەکانی سەرشانمان پەستانیان زیاتر دەبێت و
لە لێواری کەوتنی هەتاهەتایی نزیکمان دەکەنەوە، هەموو ئەمانە و یەکدنیای تر لە
چەرمەسەری و سەگژیان وێنەی ژیانی ئەمڕۆمانن، کە وەک هەمیشە دەسەڵاتی سیاسی و سیستمەکەی
بۆیان بەرهەم هێناوین. وەک چۆن یەقینمانە هەموو ئەمانە ڕاستن، هەرواش دەزانین کە
تاکە ڕێگا ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاریکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیفلیجکردنیەتی، تا
هێواش هێواش بپووکێتەوە و چیتر نەبینە خامەی چەوسێنەری و ستەمکارییەکانی. بەڵام
ئایا تا ئێستا زانیومانە ئەو ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگارییە دژ بە چ شتێکی و چۆن
دەیکەین؟
دیسان بێگومانین کە هەریەکێک لە ئێمە جۆرە ژیانێکی لەوەی ئەمڕۆی هەبێت، بە
دنیایەک ڕێگای سەختدا دەچێتە زانکۆ و پەیمانگەکەی و بە کۆژانێکی زۆرەوە گوێ لە
موحازەرە بێبەرهەمەکان دەگرێت و دواتریش بە دەروونێکی لە ڕادەبەدەر نائارام و
پەشێوەوە تاقیکردنەوە دەکات، کە هەموو ئەمانە ئەگەری دەرنەچوون و مانەوە چەند
هێندە زیاتر دەکەن. هەر بۆیە لێرەدا و لەم دۆخەدا داواکردنی ڕەخساندنی هەلی زیاتر
بۆ دەرچوون و وەرگرتنی ''دە دەرەجە''ی زیادە و دانانی ''عبوور''، یەکێک دەبێت لە
مافە سەرەتاییەکان، بەڵام ئایا بە جێبەجێکردنی ئەمانە، برینی ٢٦ ساڵەی ڕۆحی
چەوساوە و ستەملێکراومان، ژیانی پڕچەرمەسەری و لێوانلێو لە نادادی و نایەکسانیمان،
وجوودی بێئیعتیبار و نائازادمان ساڕێژ و چارەسەر دەبن؟ بێگومان نەخێر.
دەبێت ئێمەی خوێندکاران دوورتر بڕوانین، خەون و ئامانجی گەورەترمان هەبێت،
ئیشیان بۆ بکەین و هەرەوەزی بیانهێنینە دی. ئەمانەش بەو داواکارییە سادانەی هەمانن
دروست نابن، بە وەرگرتنی ''١٠ دەرەجە'' و دەرچوونمان بە ''عبوور'' دەرناکەون، بە
پێچەوانەوە، بگرە دەسەڵاتی سیاسی بەهێزتر دەکەن، بەردەوامی بە تەمەنی دەدەن،
پایەکانی دەهێڵنەوە، وا دەکەن بۆ چەندان ٢٦ ساڵی تر بەسەر سەرمانەوە بن. دەبێت
سەقفی داواکارییەکانمان بەرزتر بکەینەوە، ڕیشەییتریان بکەین، دەبێت وایان لێ بکەین
دەرەنجامیان پەککەوتنی سیستمەکە بێت: لەبری ''١٠ دەرەجە''، دەست بە قوڕگیاندا
بکەین و سامانەکانمانیان لێ بسەنینەوە، لەجیاتیی ''عبوور''ی خۆمان، ''عبوور''
بەوان بکەین و دەریان پەڕێنین. بە دەبێت
هەوڵ بدەین لەو هۆکارانە بدەین کە وامان لێ دەکەن سواڵی ''١٠ دەرەجە'' بکەین،
دەبێت دژی ئەو شێوەژیانە بوەستینەوە کە موحتاجی ''عبوور''مان دەکات، دەبێت زۆر لە
ئێستا ڕادیکاڵتر بین، ڕەقتر و توندتر بین، ئەو وزەیە زۆرە گەنجانە و
خوێندکارانەیەی هەمانە لە داواکردن و شەڕکردن بۆ خەون و ئامانجە گەورەترەکانمان -دادپەروەری،
یەکسانی، ئازادی- سەرف بکەین. ئیتر ئەوکات نە سواڵی ''١٠ دەرەجە'' دەکەین و نە بە
ئاواتی ''عبوور''ەوە سەر دەنێینەوە: خۆمان ئۆتۆماتیکی بە بەرەنگاری و خەباتمان
دەردەچین و سەردەکەوین.