Skip to main content

چاوپێکەوتنی کۆمەڵەی ٦٨ لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دەربارەی بڵاوکراوەی ڕەت

ئەمەی خوارەوە چاوپێکەوتنێکی کۆمەڵەی ٦٨ و ڕۆژنامەی ئاوێنەیە بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ژمارەی ١ی بڵاوکراەوەی ڕەت...

-        ئامانجتان لە بڵاوکردنەوە ڕەت چییە؟ پێتان وایە دەتوانن چی بگۆڕن؟
بە پلەی یەکەم ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و گەنجانە لە ئاست ئەو کێشە ڕیشەییانەی چەند دەیەیەکە پێوەی گیرۆدەن و بە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری نەیانتوانیوە درکی پێ بکەن و خوێندنەوەی وردی بۆ بکەن و هەوڵ بدەن ئەلتەرناتیڤێکی جیدییان بۆی هەبێت. ئەوەی لە ڕابردوودا هەبووە تەنها بینینێکی ڕووکەشییانەی کێشەکان بوون و هەرگیز تێڕوانینێکی قووڵ و ورد بۆ جەوهەریان نەبووە، هەر ئەمەشە وای کردووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەکان کەڵەکە ببن و ڕیشەییتر بەردەوامی بە خۆیان بدەن. دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار و چەوسێنەری باشووری کوردستانیش، بە تەواوی ئەو ئۆرگانەنەشەوە کە هەمیشە زیندوو دەیهێڵنەوە -خێڵ و خێزانی نەریتی و ئایین و سەرمایەداری و...- بە هەبوون و مانەوەی بەردەوامی ئەم کێشە ڕیشەییانە خۆشحاڵە و بگرە بەرهەمهێنەر و بەردەوامیدەریەتی و ئەو ناچالاکی و نابکەربوونەوەی خوێندکاران و گەنجان لە ئاست ڕووداوەکاندا، کە خۆی دروستی کردووە، دەقۆزێتەوە بۆ برەودان بە سیاسەتە ستەمکار و چەوسێنەرەکانی. بۆیە پێمان وایە دەبێت جارێکی تر خۆمان ڕێک بخەینەوە و لە سفرەوە، لە خۆپەروەردەکردنەوە دەست پێ بکەینەوە، ئەویش بە بیرکردنەوە، درککردن، نووسین و پێکەوە خوێندنەوە، تا بتوانین خوێندنەوەمان بۆ ئەو کێشە ڕیشەییانەمان هەبێت و چیتر لە ئاستیان هێندە نامۆ و بێباک نەبین و لە بەرانبەریان بەرەنگاری بکەین و نەبین بە بەشێک لەوەی هەیە.
-        مەبەستتان لە هەڵبژاردنی ناوی ''ڕەت'' چییە؟
ڕەت چاوگی ''ڕەتکردنەوە''یە، بە ماناکانی بزاوتن و تەکان، هزر و بیر، لەڕێدەرچوون و یاخیبوون، بنچینە و بنەڕەت، داو و لێتێکدان دێت، کە دەنووسێ و بڵاو دەکاتەوە بە ئامانجی ئەو مانایانە کار دەکات و گوتارەکەی ڕەتکردنەوەیە. ڕەت ڕادیکاڵە، هیی هەموو ئەو کەسانەیە کە خەونی گۆڕانکاریی ڕیشەییان هەیە و نەبوونەتە بەشێک لەو سیستمەی هەیە، هیی ئەو خوێندکارانەیە تا ئێستا کەناڵیک نەبووە بڵاوکراوە ڕادیکاڵانەکانیان بۆ بخاتە بەرچاو، هیی هەموو ئازادیخوازێکە، هەموومان دەتوانین تێیدا بنووسین و وەربگێڕین، سەرپێ و جێی بخەین و لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەکی هزری و مەعریفیی خوێندکاران، کە لە هەناویەوە بەرەنگاریی خوێندکاری بێتە دەرێ
-        خوێندکاران کەمتر ڕۆژنامە و بڵاوکراوە دەخوێننەوە، کەواتە چ کاریگەرییەک دروست دەکەن لەو ڕێگەیەوە؟
ئەم قسەیە بەشێک لە ڕاستیی تێدایە، بەڵام بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەممەڵی و بێباکییە خەتەرناکەی خوێندکاران و گەنجانی گرتووەتەوە. عیباراتەکانی ''تاقەتی مەلزەمەکەی خۆمانمان نییە، ئینجا بڵاوکراوە! ''خوا ئەکات فریای دەرسەکانم ئەکەوم، جەریدەم بۆچییە!'' زۆری تریش، بۆ خۆپەڕاندنەوەیە لەو بیرکردنەوە و درککردنەی لە سەرەوە باسم کرد. بەو مانایەی خوێندکاران و گەنجانی ئێمە چێژ لە ناچالاکبوون و نابکەربوونیان دەبینن و لە دژەکەی دەترسن، دەیانەوێت هەر لەو دۆخی متبوونەدا بمێننەوە و بە بوونیان بە بەشێک لە سیستم خۆشحاڵن. بەڵام بێگومان ڕۆژێک دێت درک بەوە بکەن لە چ خەراباتێکدان و چۆن سیستم هەموو بەها مادی و مەعنەوییەکانی لێ سەندوونەتەوە و کردوونی بە ڕۆبۆتێکی نمایشکار، کاری ئێمەش هەر بۆ گەیشتن بەو ساتەیە کە خوێندکاران و گەنجان دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ بە خوێندنەوە و ئامڕازەکانی تری گەیشتن بە هۆشیاری، دەگەن بەو درککردنە و ئیتر هێزێکی خوێندکاری – جەماوەریی سەرپێ دەکەوێت و پێکەوە ڕێی بەرەنگاری دەگرنە بەر. بۆ ئەمەش نەک ڕۆژ و مانگ، ساڵانێکی زۆرمان پێویستن و ئێمە دەمانەوێت بناغەکەی دابنێین.
-        ڕەت لە یەک کاتدا لە چەند زانکۆ و پەیمانگەیەک بڵاو کرایەوە، چاوەڕێی چ کاردانەوەیەک دەکەن لە لایەن بەرپرسانی ئەو شوێنانەوە؟
وەک لە وەڵامی پرسیارەکانەوە دەردەکەوێت، ئێمە لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی لە باشووری کوردستان هەیە و ئەو چاودێرییە چڕانەی لە تەواوی ئۆرگانەکانی دای ناون، کە زانکۆ و پەیمانگەکانیش یەکێکن لەوانە، ڕەت دەکەینەوە و بەرەنگاری دەکەین، بۆیە بێگومان نابێت چاوەڕوانی نەرمینواندن و ڕوویەکی گەشیان لێ بکەین و پێمان وابێت یارمەتیمان دەدەن. وەک چۆن لە هەر کارێکی ترماندا بە هەر شێوەیەک بووبێت ڕێگرییان کردووە، بێگومان لەمەشدا دەکەین، جا هەرچۆنێک بێت. بەڵام وەک لە وەڵامی پێشوودا وتم، پێشهاتەکان هەرچییەک بن، ئێمە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکمان خستووەتە سەرشانی خۆمان و بگرە هەر لە ئەزەلیشەوە لە سەرشانمان بووە، کە گەڕانەوە لێی نییە و هەر دەبێت بەردەوام بین و درێژە بە بەرەنگارییەکەمان بدەین، تا دەگەین بەو ئامانج و دیدگایانەی هەمانن. ئیتر با دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار و چەوسێنەریش هەر ڕێگری بکات.
-        کێ هاوکاریی داراییتان دەکات؟
بە سوپاسەوە ناوەندی غەزەلنووس هاوکارێکی هەمیشەییمانە و لە زۆرینەی هەوڵ و چالاکییەکانماندا پێکەوەین.
-        بەردەوام دەبن؟
بێگومان بەردەوام دەبین، ئیتر پێشهاتەکان هەرچییەک بن.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان