(١)
(بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان و ڕۆڵ و کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە شڵەقانی دۆخ و گۆڕینی ئاڕاستەکان و هێنانەکایەی هەلومەرجی نوێ، هەروەها بەوەی کۆمەڵەی ٦٨ بە ئیلهامبەخشێکی گرنگ و پێویستیان بۆ سەرپێخستنی بزووتنەوەی خوێندکاریی جیدی و ڕادیکاڵ لە زانکۆکانی باشووری کوردستاندا دەزانێت، ئەم ناساندنە کورتانەی بۆ بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان وەرگێڕاوە، کە دەکرێت ببێتە هەوێنی فزووڵیەت و بەدواداگەڕانێکی زیاتری گەنجان و خوێندکاران بۆ ئاشنابوون بەو میراتە گرنگە)
بەهاره موحیبی
لە فارسییەوە:
بیار ڕەشید
بەشداریکردنی
بەرچاوی زانکۆکانی ئێران لە ڕووداوێکی گرنگی سیاسیدا کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی
باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران، دەتوانرێت وەک ئاماژەیەکی گرنگ بۆ ڕۆڵی دیار و
کاریگەری بزووتنەوەی خوێندکاری لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەبەرچاو بگیرێت. لەم
ڕوانگەیەوە بڕیارمان دا نیگایەکی خێرا بە بزووتنەوە خوێندکارییە گرنگەکانی جیهانی
هاوچەرخ و پێشینە و کاریگەریی ئەواندا بکەین؛ بزووتنەوە خوێندکارییەکان بە بیرۆکە
و چالاکییەکانی گرووپێکی خوێندکارانی زانکۆ دەوترێت کە لە ناڕەزایەتییە
کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری دەکەن. مێژووی بزووتنەوە خوێندکارییەکان هاوکاتە لەگەڵ
مێژووی بونیادنانی زانکۆکان. لێرەدا پێداچوونەوەیەک بە مێژووی بزووتنەوە
خوێندکارییە گرنگەکانی چەند وڵاتێکدا دەکەین.
بزووتنەوەی
خوێندکاریی ئەمەریکا
بزووتنەوەی
خوێندکاریی مۆدێرنی ئەمەریکا لە دەیەی ١٩٣٠دا سەری هەڵدا، ئەو کاتەی کە بەرەی
خوێندکاریی میللییان بە بەرەی خوێندکاریی دیموکراسیی پیشەسازییەوە گرێ دا و یەکێتیی
خوێندکاریی ئەمەریکییان (ASU) دروست کرد. لە لوتکەی ساڵە ئاڵتوونییەکاندا،
واتە لە بەهاری ١٩٣٠ تا بەهاری ١٩٣٩، ئەم بزووتنەوەیە توانیی نزیکەی پێنجسەد هەزار
خوێندکار (نیوەی قەبارەی خوێندکاریی ئەمەریکا)، لەگەڵ یەکدا کۆ بکاتەوە و ڕێپێوانی
ساڵانە دژی جەنگ ڕێک بخەن.
بزووتنەوەی
خوێندکاریی دەیەی ١٩٣٠ی ئەمەریکا پێشەنگی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی ١٩٦٠ و ساڵانی
دواتر بوو. دەرکەوتنی قەیرانی دارایی و کۆمەڵایەتیی دەیەی ١٩٣٠، گرانیی نرخ و
بێکاری و جیاکاریی ڕەگەزی لە هۆکارەکانی دروستبوونی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەم
ساڵانە بوون. ئاستی باڵای بزووتنەوە خوێندکارییەکان لەم دەیەیەدا هاوتەریب بوو
لەگەڵ توانای سیاسیی زیاتری خوێندکاراندا. هەر لەم ساڵانەدا بوو کە جوان بائیز،
ئەستێرەی موزیکی پۆپ ڕێکخراوێکی بۆ توێژینەوە لە دژی توندوتیژی دامەزراند. ئەو
ئەگەرچی لە سەرەتادا تەنها ئەستێرەیەکی موزیکی پۆپ بوو، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی
ڕێکخراوەکانی مافە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا دژی جیاکاریی ڕەگەزی ناوی وەک کەسێکی
دیاری بزووتنەوەی ڕەخنەیی دژی توندوتیژی ناسرا.
ئەندامانی
ئەنجوومەنی خوێندکارانی دیموکراتی وەک یەکێک لە دیارترین بزووتنەوەکانی دەیەی ١٩٦٠
چەند خۆپیشاندانێکی فراوانیان لە دژی جەنگی ڤێتنام ئەنجام دا، کە گرنگترینیان لە
زانکۆی ویلایەتی کێنت بوو لە مانگی ئایاری ١٩٧٠. لە ماوەی ئەم خۆپیشاندانەدا پۆلیس
بە تەقەکردن ڕووبەڕوی خوێندکاران بووەوە، کە بەو هۆیەوە چوار خوێندکار کوژران و
دەیەها کەس بریندار بوون. ئەم خۆپیشاندانە بووە خاڵی دەستپێکردنی ناڕەزاییە
فراوانەکانی خوێندکارانی تووڕە لە سەرانسەری وڵاتدا.
بزووتنەوە
خوێندکارییەکانی ئەمەریکا لە دەیەی ١٩٨٠ فۆڕمێکی نیولیبراڵیزمیان وەرگرت و
بزووتنەوە خوێندکارییەکانی دەیەی ١٩٩٠ بە شێوەیەکی گشتی ڕاگەیاندنی بەرهەڵستی بوو
لەگەڵ شێوە ستانداردەکانی ئەزموون و فێربوون و بابەتی ئاڵۆزتری وەک سوپا و
کاریگەرییەکەی لەسەر پەروەردە و فێرکردن. سەرەنجام بزووتنەوەی فراوان دژی جیهانگیری
(Anti-globalization) لە دەیەی
١٩٩٠ دروست بوو، کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.