Skip to main content

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: ئەوەی سیستمی ئەمڕۆی جیهان پێی دەڵێت تیرۆر و توندڕەوی، شتێکە دەبێت بکرێت، دەبێت ڕوو بدات

بڕیار محەمەد
من حەزم لەم جۆرە فیلمانەیە. ڕاستەوخۆ قسەکردن لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا جیهان تیایدا دەژی. هەموو قسەکردنێکیش لەسەر ئەم دۆخەی ئێستای دنیا، قسەکردنە لەسەر سیاسەت. بۆیە بە جۆرێک ئەم فیلمەش فیلمێکی سیاسییە.
پلانەکە تیرۆرستییە، کۆمەڵێک کەس لە چەند شوێنێکی جیا ئەنجامیان داوە... ئەوانەن کە ئەم شارەیان خۆش ناوێت. بە دەقیقی نا، بەس بە شێوەیەکی گشتی میدیا وا باسی دەکات. یەکێکیش لە گەنجەکانی ناو مۆڵەکە کە تەمەنی لەوانی تر زیاترە، تەلەڤیزیۆنەکان دەکوژێنێتەوە و دەڵێت: ''هیچ نییە، هەر قسەی قۆر دەکەن.''
کۆمەڵێک مێردمنداڵ و گەنج، کە تەمەنیان لە نێوان ١٧-٢٢ ساڵدایە، پلانێک دادەنێن کە لە یەک کاتدا چەند شوێنێکی پاریس بتەقێننەوە. کاتێک سەیری ئەم فیلمە دەکەین، ڕەنگە ڕاستەوخۆ کاریگەر بین بەو گوتارە باوە دروستکراوانەی لەبارەی تیرۆرەوە ڕۆژانە دەیانبیستین: لەمرۆدا، لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، هەر کەسێک بە ئاقڵی دانەنیشێت، تیرۆریستە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم فیلمە نایەوێت باسی تیرۆر بکات، یان نایەوێت ئەو مەفهوومە باوەی تیرۆر دووبارە بکاتەوە. باسی کۆمەڵێک گەنجە، کە حەتمەن دەبێت شتێک بکەن.
ڕووداوەکانی ئەم فیلمە لە ١٢ سەعاتدا ڕوو دەدەن. لە ڕووی ستراکچەرەوە دوو بەشە:
بەشی یەکەم لە دەرەوەیە، ژیانی ڕاستەقینەی پاریسە. ڕۆژە، دوای کۆمەڵێک کارەکتەر دەکەوین لە ناو میترۆکان، لە گەراجەکان، لە جێیە نزم و تاریک و چەپەکەکان. دەزانین پلانێکیان هەیە. کات گرنگییەکی زۆری هەیە. سەعاتەکان دەنووسرێن. کات پاش و پێش دەکەوێت، زەمەنێکی پچڕپچڕە و فلاشباکیشی تێدەکەوێت. کارەکتەرەکان بەردەوام سەیری کاتژمێرەکانیان دەکەن. مۆبایل و کارتەکان، کە دەستکەوتە گرنگەکانی تەکنەلۆژیان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا. پلانەکە تەقاندنەوەی چەند جێیەکە لە پاریس و بە سەرکەوتووییش جێبەجێی دەکەن. ئەوەی سەیرە ئێمە بەردەوام لە فیلم و زنجیرە ئەمەریکییەکانەوە بەتایبەت، دەیبینین کە ئەم جۆرە کار و پلانداڕشتنانە لە لایەن کەسانی زۆر بەئەزموون و پڕۆفێشناڵەوە ئەنجام دەدرێن، بە جۆرێک بحەپەسێین بە تەکنیک و لێهاتووییان. بەڵام لەم فیلمەدا کۆمەڵێک مێردمنداڵ و تازەگەنجی کوڕ و کچ (کە بە دڵنیاییەوە زۆر بە وریاییەوە ئەم تەمەنە هەڵبژێردراوە)، ئەم کارە دەکەن، کە هیچ پسپۆڕییەکیان نییە، کەسانی زۆر ئاسایی و پەراوێزخراون، هیچ ڕاهێنانێکیان پێ نەکراوە. بۆ ئەم جۆرە کارانە پێویستت بە دەزگا موخابەراتییە گەورەکان و تەکنیکی ئاڵۆز و خەیاڵی نییە، کۆمەڵێک گەنجی نامۆ و تووڕە و بێجێوڕێت هەبێت، کە هەست بکەن پێویستە کارێک بکەن. دەیکەن.

بۆچی ئەم کارەیان کرد؟ 
هەڵبەت فیلمەکە زۆر لەسەر ئەمە ناوەستێ. شێوازی ژیانیان، بێکاری و بێپارەیی، نامۆبوونیان لە کۆمەڵگەدا، ڕەنگە هۆکار بووبن بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەن. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە ئەمە پێویستییەک بوو بۆیان. وەک لە گفتوگۆیەکی دوان لە کارەکتەرەکانەوە دەیبیستین: ''ئەوەمان کرد کە پێویست بوو بیکەن.''
تەقینەوەکان ئەنجام دەدرێت. شوێنەکان ئەمانەن: چەند ئوتۆمبیلێکی بەردەم پەرلەمان، بانکێک، وەزارەتی ناوخۆ، سووتاندنی پەیکەرەکە ئاڵتوونییەکەی ژان دارک، وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی فەڕەنسا.
بەشێ دووەمی فیلمەکە، خۆشاردنەوەی کارەکتەرەکانە. ئەم جارەیان لە ناوەوەیە، مۆڵێکە هەموو شتێکی لێیە کە بە خەیاڵدا بێت، بۆ خۆی شارێکە. پاریسێکی فەیکە و لە ناو پاریسێکی ڕاستەقینەدا دروست کراوە. شەوە. لە شوێنە هەرە ڕاقی و بەرزەکانی شارە. لێرەدا شەبەکەی مۆبایلەکان نامێنن، گرنگییەکی ئەوتۆشی نامێنێ. گۆرانی و سەماکردن جێگەی دەگرێتەوە. کات گرنگییەکەی بەشی یەکەمی نامێنێت، چونکە هەموو چاوەڕوانین ڕۆژ بێتەوە بزانین چی ڕوو دەدات، هەمیشە لە دۆخی چاوەڕوانییشدا کات ئەو ماهییەتەی نامێنێ، کاتەکە وەک خۆی گرنگ نییە، بەڵکو کاتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە گرنگە کە چاوەڕێی دەکەین.
ژیانی ناو مۆڵەکە بێئەندازە ترسناکە، چەندین جار ون دەبن تیایدا و یەک نادۆزنەوە، بۆ ئەو کارەکتەرانە ئەم مۆڵە زۆر گەورەیە و بە مانای کەلیمەش خەیاڵییە. بۆیە ئەو شەوە بۆ یەکەم جار و بۆ دواجار ئەو ژیانە ئەرستۆکراتییە دەژین کە هەرگیز نەژیاون و نەشدەژیان تیایدا. هەڵبژاردنی ئەم لۆکەیشنە زۆر زیرەکانەیە، ئەم جێیە بە تەواوەتی دابڕاوە لە دەرەوە. بە جۆرێکە نە دەبیسترێن و نە دەبینرێن. هەم شوێنی خۆحەشاردانە، هەم داینەمۆی ئەو ڕقەشە کە وا دەکات کەسانێکی تووڕە دروست بێت و ئەم کردانە ئەنجام بدەن.
ئەوەی بە درێژایی فیلمەکە زۆر گرنگە، ئەوەیە کە بەردەوام کامێرا بە کارەکتەرەکانەوە نووساوە، هیچ دیمەنێکمان نییە کامێرا لەگەڵ کارەکتەرەکان نەبێت، بۆیە وەک بینەر، هەر ئەوەندە دەزانین کە کارەکتەرەکان دەیزانن. کاتێک لە دەرەوەین هەر ئەو ژیانە دەبینین کە ئەم کارەکتەرانە تیایدا دەژین، کاتێکیش لە ناوەوەین هیچ زانیارییەکمان نییە لەسەر ژیانی دەرەوە. ئایا کاریگەریی تەقینەوەکان چی بوون؟ چەند کەس مردوون؟ بۆیە لە دوو جێدا کە کارەکتەرێکیان دەچێتە دەرەوە پرسیار دەکات: ''چی بووە؟'' ئێمە و کارەکتەرەکەش پێکەوە زانیارییەکان وەردەگرین.
یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانی ئەم فیلمە، بینینی کچێکە لەسەر پاسکیلێک. نیوەشەوێکی درەنگ و چۆڵ و بێدەنگی پاریس، لە شەقامێکدا وەستاوە و نازانین چی دەکات بە تەنیا. دوای سڵاوێک، یەکێک لەو کارەکتەرانەی بەشدار بووە لە ئەنجامدانی تەقینەوەکاندا، لێی دەپرسێت چی بووە؟ لە وەڵامدا پێی دەڵێت:
-        دەبوو ئەمە ڕووی بدایە.
-        بۆچی ئەم کارەیان کرد؟ 
-        لەبەر ئەوەی دەبوو ڕووی بدایە.

ئەم منداڵانەی ئەم کارەیان کرد، لە ناوجەرگەی پاریسەوە هەڵقوڵاون. کارەکەشیان بەرهەمی سیستمە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتە گەورەکانی ڕۆژئاوایە. کە بێگومان پاریسیش یەکێکە لە سەنتەرەکانی ئەم سیاسەتە. ئەمانە ڕۆژانە زەهر دەڕێژن بە دنیادا، بە توندی دژی هەموو ئاکتێکی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی دەوەستنەوە و لە ژێر کۆمەڵێ زاراوەی دروستکراوی وەک تیرۆر و توندڕەویی ئایینی و نەخۆشیی دەروونی و دوژمنانی دیموکراسی و ئازادی و پێشکەوتن و کۆمەڵێ زاراوەی تری لەم بابەتەدا، ئیدانەی هەموو چالاکییەک دەکەن کە لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن. بەڵام بێگومان کەسانێک هەن کە لەم یارییە تێێدەگەن. گەر تێشنەگەن، دەزانن کە دەبێت شتێک بکرێت و دەشیکەن. ئەمە ڕێک ئەو زەهرەیە کە ئەم سیستمە زەبەلاحانەی دنیا دەیڕێژن. ئیدی لەمەودوا دەبێت قبووڵیان بێت کە هەندێک جار ئەو زەهرە دەکرێتەوە بە قوڕگی خۆیاندا.
*
فیلمی نۆکتوراما
لە دەرهێنانی بێرتراند بۆنێڵۆ
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش دەکرێت و دوابەدوای بینینی گفتوگۆ دەربارەی دەکرێت؛ بینینی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆحی بەرەنگاری و پێکەوەیی گەنجان و توانایان بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی ڕیشەیی و هەڵگێڕانەوەی سیستمی سیاسی و کەلتووری و نەریتی بە ئایدیایان، گرنگە...
ڕۆژ: سێشەممە، ١٧\١٠\٢٠١٧
کات: ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ
شوێن: سینەما سالم
نرخی بلیت: ٣٠٠٠ دینار
ژێرنووسکردنی بۆ کوردی: کانیاو سوعاد
وەرن پێکەوە ئەم فیلمەی ئیلهامی کاری پێکەوەیی و بەرەنگاری و ڕێکخستن و ئایدیای گەنجانەمان دەداتێ، ببینین و دوابەدوای بینینی گفتوگۆ دەربارەی بکەین...
 ناونیشانی سینەما سالم:
شاڕێی سالم، تەلاری چاپخانەی سەردەم، نهۆمی دووەم

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان