Skip to main content

وانەکانی مەزرای ئاژەڵان

وانەکانی مەزرای ئاژەڵان
ژیر دانا، زەردەشت نورەدین
فیلمی مەزرای ئاژەڵان فلمێک نییە کە پێویستمان بە قوڵبوونەوە و وردیی زۆر بێت تا لە مەبەستە تایبەت و گشتییەکانی بگەین، بەڵکو کراوە و بێ پێچوپەنایە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە زۆر و ڕاستەوخۆیانەی کە بە چەند ڕووداوێکی مێژووییەوەی هەیە، کە نووسەر خۆی زۆربەی ڕووداو و دەرەنجامەکانی لە ژیانی خۆیدا ئەزموون کردووە. بۆیە بینەریش زوو پێشهات و ئاڕاستەی فیلمەکەی دێتە بەرچاو. بەڵام پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا ئێمە تا چەند دەتوانین دەرەنجام و ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە ببەستینەوە بە داهاتووی خۆمان، وەک چۆن بەستراوەتەوە بە ڕابردووەوە؟
بەگشتی ئێمە دەتوانین تەواوی چیرۆکەکە بەسەر دوو شۆڕشدا دابەش بکەین: شۆڕشی یەکەم بریتی بوو لە هەڵگەڕانەوەی ئاژەڵ لە خاوەن کێڵگە و شۆڕشی دووەم بریتی بوو لە هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵێک ئاژەڵ لە پێشڕەوانی شۆڕشی پێشوو، کە بە هەمان جۆری مرۆڤەکان ژیانیان بەڕێ دەکرد. جیاوازی لە نێوان ئەم دوو شۆڕشەدا زۆرن و لە هەمان کاتیشدا ڕوونن، بەڵام هەردووکیان بۆ یەک مەبەست و لە دژی یەک شت کراوە، ئەویش چینێکی باڵادەستی قۆرخکار بووە، کە دەستکەوتی هیلاکی چینی کۆمەڵی بۆ خۆی بردووە و داهاتی خودی کۆمەڵیشی سنووردار کردووە.
 کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەم چینە بە هەمان شێوەی پێش شۆڕش، لە دوای شۆڕشیش هەر ئەگەر و ئیمکانەکانی دروستبوونەوەی هەیە. بۆیە هەڵە نییە ئەگەر بڵێین لە دوای شۆڕشی سێیەمیشەوە (ئەگەر بکرێت)، ئەگەری دروستبوونەوەی هەیە. ئیدی لەم پنتەوە زۆرینەی بینەر دەگەن بە نائومێدییەکی گەورە لە شۆڕش و هەموو شێوازی ژیانیان لێ دەبێت بە چەرخێکی سووڕاوە، کە بە هەمان شوێندا دەچێت و دێتەوە. ئەمەش بە هۆی ئەو ئیمکانانەوە کە ڕێگە دەدات لە دوای شۆڕشیش، دۆخی پێش شۆڕش دروست ببێتەوە. بەڵام لێرەدا شتێک هەیە کە بینەر پشتگوێی خستووە، ئەویش ئەو ئاسۆیە بۆ رزگاری، کە وەک جن هاتووەتە ناو لەشی کۆمەڵەوە و لە هەناویدا لەشگیر بووە و دەرناچێت. بە دەربڕینێکی تر، شۆڕشی یەکەم کۆمەڵێک چەوساندنەوەی لەسەر هەڵگرتن و شۆڕشی دووەمیش کۆمەڵێکی تر هەڵدەگرێت و سێیەمیش بەو جۆرە... بۆیە مۆدێلی شۆڕش لە ناو شۆڕش یان سەیرورەی شۆڕش عاقڵانەترین ستراتیژی شۆڕشە، کە ماو تسی تۆنگ فۆڕمۆڵەی کردووە.
 ئەوەی لە فیلمەکەدا دیار بوو، شۆڕشی یەکەم لە قسەی ڕیشسپییەکەوە دروست بوو، ئەویش ئایدیایەکی تایبەتی هەبوو لەسەر ژیانی ناو مەزراکە، کە چۆنە و پێویستە چۆن بێت. ڕۆڵی کۆمەڵ لێرەدا تەنها شوێنکەوتنی ئەو ئایدیایە بوو. دوای شۆڕشەکەش بینیمان دوو بەرە و فیکری جیاواز دروست بوون لە نێوان دەسەڵاتدارەکانەدا. یەکێکیان لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ پێشکەوتن، یەکێکیشیان قۆرخکار بوو. هەڵەیە ئەگەر بڵێین بە زیندووبوون یان سەرکەوتنی سنۆوباڵ، واتە ئەو بەرەیەی لە هەوڵی پێشکەوتندا بوو، خۆشبەختیی هەتاهەتایی بۆ کۆمەڵ فەراهەم دەبوو. چونکە وەک لە فیلمەکەشدا بینیمان، ئەویش بەرەی پێشکەوتن لە بارودۆخی نالەباردا بڕیار و پلانی ناعەقڵانی و زەرەرمەند دەدات. هەروەک لە ململانێ ڕاستەوخۆکەدا بەڵێنی ئەوەی بە کۆمەڵ دا کە هەفتەیان بۆ بکات بە یەک ڕۆژ لەپێناو سەرکەوتنی بەسەر بەرانبەردا.
پێمان وایە قسەی فیلمەکەش هەر لێرەوە دەست پێ دەکات: مرۆڤ نابێت بۆ بەڕێکردنی دادپەروەرانە و ئازادیخوازنە بە ڕەهایی پشت بە پێشڕەوەکەی ببەستێت و چاوی لەسەر ئەو بێت کە هەموو شتێکی بۆ بکات. چونکە ئەو پێشڕەوە و ئەم شوێنکەوتوو، ئەو لە شوێنێکە و ئەم لە شوێنێک. ئەمەش دەرخەری ئەو ناکۆکییەیە کە ماو تسی تۆنگ ئاماژەی پێ دەدات: ناکۆکیی نێوان ڕێبەرایەتی و کۆمەڵ. لێرەوە ئاسۆی شۆڕشی کەلتووریی ماوی خۆی پیشان دەدات و پێمان دەڵێت ئەوە تەنها کۆمەڵانی خەڵکە کە دەتوانن ئاڕاستەکاری ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بن، نەک ڕێبەرەکان.
بە دەربڕینێکی تر، ئەوەی پێویستە پشتی پێببەسترێت ویست و ئیرادەی کۆمەڵ خۆیەتی، هەروەک چۆن لە شۆڕشی دووەمدا بینیمان کە ئەوەی بووە هۆی دەستپێکردنی شۆڕشەکە، زانایی و لێهاتوویی ناو کۆمەڵ نەبوو، بەڵکو پەراوێزترین تاکی ناو کۆمەڵ بوو کە بەردەوام کاری زیاتری دەکرد. سەرەڕای کەمکردنەوەی داهاتەکانی کۆمەڵ، ئەمەش لەو هیچگەرایی و نائومێدییە دەرمان دەکات کە شۆڕش چارەسەر نییە، بەڵکو هانمان دەدات کە بەردەوام شۆڕش بکەین، تەنانەت لەو کاتانەشی کە سەرکەوتوو نابین. چونکە یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆڕش ئەزموونە بۆ نەوەی داهاتووی کۆمەڵ و کردنەوەی ئاسۆی گۆڕانکارییە.

 بۆیە ئەگەر کەرێکی پەراوێزنشین لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا بگاتە ئەوەی شۆڕشی دووەم بەرپا بکات، ئەوا نەوەی دوای خۆی هەر لە لەدایکبوونەوە هەنگاوێک پێش شۆڕشی دووەم دەکەون. لە دوای شۆڕشی یەکەمەوە مرۆڤەکان دوو جار هێرشی بەکۆمەڵیان کرد، بەڵام هەردوو جارەکە ئاژەڵەکان سەرکەوتن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵ سەرکەوتوو بووە لە ئەزموونی شۆڕشی یەکەم و جارێکی تر مرۆڤ ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکاتەوە. ئەوەی مایەوە وەک دوژمن، دەسەڵاتدارە قۆرخکارەکە بوو، واتە ئەو ئەگەر و ئەگەر ئیمکانانەی کە هێشتا لە کۆمەڵگەدا ماون و دەشێت ستەمکاری و چەوساندنەوەیان لەسەر سەوز ببێتەوە. بۆیە ئەگەر شۆڕشی دووەمیش بە هەمان ئاکام بڕۆیشتایە، ئەوا کۆمەڵ بۆ هەمیشە ئاوس بووە بە ئایدیای شۆڕش.
کە فیلمی مەزرای ئاژەڵان دەبینین، وا هەست دەکەین بەر حەقیقەتی گەردوونیی ''شۆڕش'' دەکەوین. حەقیقەتێکی گەردوونی لە فۆڕمی یاسایەکی بیرکاریدا، کە هەموو شۆڕشەکان یەکسان دەکات بە یەک (گریمان شۆرش یەکسانە بە X، ئەوا دەتوانین ناکۆتا هاوکێشە بنووسین کە یەکسان بێت بە X). کەواتە دەرەنجامی هەموو شۆڕشەکان وەک یەک ئەنجامی یەکسان بۆ چەند کڵێشەیەک کورت دەبنەوە؛ کڵێشەی وەک ''شۆڕش سەری نەوەکانی خۆی دەخوات''، ''هەموو شۆڕشگێڕێک دوای یەکەم سپێدەی پاش شۆرش دەبێتە کەسێکی کۆنەپارێز''، ''شۆڕش تەنها ڕوخساری چەوسێنەرەکان دەگۆڕێت'' و تا دوایی.
جۆرج ئۆروێڵ لە مەزرای ئاژەڵاندا ستراکتورێکی میتافیزیکی لە فۆڕمی چیرۆکێکی درێژی ئەلیگۆری(Allegory)  و تەمسیلی بۆ هەموو شۆڕشەکان دادەڕێژێت و ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە ژێر ئەم ئاسمانە کۆنەدا هیچ شتێک تازە نییە و شۆڕشەکانیش ناتوانن شتێکی تازە دروست کەن و ئەوانەی کە شۆڕش دەکەن، دەبنەوە بە هەمان ئەوانەی خۆیان پێشتر شۆڕشیان بەسەردا کردبوو.
جۆرج ئۆروێڵ بە وریاییەوە لە فۆڕمەڵە میتافیزیکییەکەیدا خۆی لە شۆڕش لە ڕواڵەتدا پاک دەکاتەوە و ئەوە پیشان دەدات کە گۆڕانکاری لە ڕواڵەت و ڕوخساردا دەکرێت. بەڵام ئەوەی لە ڕوانگەی ئۆڕوێڵەوە گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت تێمای نادادی و چەوساندنەوەیە، کە پێش شۆڕش و پاش شۆڕش هەر وەک خۆیەتی. ئەم تێڕوانینە میتافیزیکییە بۆ هەموو شۆڕشە بۆرژواییەکان ڕاستە، چی دیموکراتیک بووبێت و چ نەبووبێت. بەڵام با بزانین بۆ لەگەڵ ماو تسی تۆنگدا هەر لە بنەڕەتەوە، ستراکورە میتافیزیکییەکەی جۆرج ئۆروێڵ هەڵدەوەشێتەوە.

شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی چین بە ڕێبەرایەتیی ماو تسی تۆنگ، کە ''هەمەشۆڕش''ە، ستراکتورە میتافیزیکییەکەی جۆرج ئۆروێڵ لەسەر ئاستی تیۆر پراکتیک بەم شێوەیە هەڵدەوەشێنێتەوە: بەگوێرەی نووسینەکانی ماو تسی تۆنگ لە ڕووی تیۆرەوە، جیهانبینی و سیستمی بیرکردنەوەیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە بە شێوەی دیالەکتیکی ناکۆتا بیر دەکاتەوە. لە ڕوانگەی ماو تسی تۆنگەوە حەقیقەت ئۆبێکتێکی کۆنکرێتی نییە کە پێشتر ئامادە کرابێت و ڕێگە و کەرەستەی بەدەستهێنانی بێخەوش نەگۆڕ بێت، هەروەها کۆمەڵگەش یەکڕەنگ و یەکدەنگ و یەکجۆر نییە، کە بکرێت بە یەک کەرەستە و ڕێگەی بێخەوش بونیاد بنرێت. حەقیقەت لە ڕوانگەی ماو تسی تۆنگەوە دروستکردنی ڕێگەیەکی ڕاستە کە لە دەرەنجامی خەباتکردن لە دژی چەوتی و هەڵە دەدۆزرێتەوە و هاوکات ئەگەری ئەوە هەیە کە حەقیقەتی بەدەستهاتوو بگۆڕێت بۆ چەوتی و هەڵە. بە دەربڕینێکی تر، هەموو پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەڕەتی ئەنتاگۆنیزم دەجووڵێت، بە جۆرێک کە یەکێتیی دژەکان تەنها دەشێت لە ڕێگەی شۆڕشی بەردەوامەوە بپارێزرێت. بۆیە ماو تسی تۆنگ دەڵێت ڕیگە بدەن با ئەنتاگۆنیزمەکان دەرکەون و [نەیارەکان] شۆڕش بکەن... کەواتە ماو تسی تۆنگ مێژوو لەسەر رێڕەوی ئەنتاگۆنیزم دەبینێت و پاش شۆڕشیش هەر شۆڕشگێڕە.
لەسەر ئاستی پراکتیک ماو تسی تۆنگ بۆ بەرگرتن بە گەڕانەوەی پاش شۆرش بۆ پێش شۆرش و ملنەدان بە کڵێشەی جۆرج ئۆروێڵ بۆ شۆڕش و تێکشکاندنی هەموو کڵێشەکانی تری لەو جۆرە لە چینی سۆسیالیستیدا، وتی ئەگەری گەڕانەوەی سەرمایەداری هەیە و سۆسیالیزم کۆمەڵگەی بێچین نییە و لەسەر ململانێی ئەنتاگۆنیستی دژەکان بەڕێوە دەچێت، هەروەها لە چینی سۆسیالیستیدا وتی شۆڕش لە دژی کۆنەپارێزان لەسەر حەقە. بەمەشەوە نەوەستا، شۆڕشی کەلتووریی لە ساڵی ١٩٦٦دا ڕاگەیاند لە دژی بەرپرسە حیزبی و سیاسییەکان کە بووبوون بە بۆرژوا، هەروەها بۆ سیاسیکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک کە بکەری ڕاستەقینە و بەڕێوەبەری کۆمەڵگە بن...

کەواتە لە ڕێگەی ''هەمەشۆڕش''ەوە ستراکتورە میتافیزیکییەکەی جۆرج ئۆروێڵ بۆ شۆڕش هەڵدەوەشێتەوە و ماو تسی تۆنگ مۆدێلێکی تەواو جیاواز لە شۆڕش و درێژەپێدانی شۆڕش و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە خستە ڕوو و لە پراکتیکی سەردەمی چینی ماودا ئەو مۆدێلەمان بینی کە مۆدێلی ''هەمەشۆڕش'' بوو.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان