Skip to main content

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: تێڕوانینێکی جیاواز بۆ شۆڕش لە فیلمی مەزرای ئاژەڵاندا

هەمیشە تێڕوانینەکان سەبارەت بە چەمک و حاڵەت و ڕووداوی شۆڕش ئەرێنی بوون، بەو واتایەی بە ڕوانین لە مێژوو، دەبینین زۆرینەی ئەو قسە و گوفتارانەی سەبارەت بەو بارودۆخە گرنگەی مرۆڤایەتی هەن، هیوا و ئومێد لە هەناویانەوە دێتە دەرێ و هەردەم شۆڕش وەک پێویستییەکی حەتمی بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری و گۆڕینی هەلومەرج و بارودۆخی ژیانی مرۆڤ لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کەلتوورییەوە، دانراوە. ئەم تێڕوانینەش هەر لەخۆوە نییە، بەڵکو بەرەنجامی کۆمەڵێکی زۆر لێوردبوونەوە و شیکارکردنی تەواوی ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەن کە تێیدا بێجگە لە شۆڕش، هیچ چارە و ئەڵتەرناتیڤێکی تر بە دەست مرۆڤەوە نەماوە. لە پاڵ ئەم تێڕوانینە باوەشدا، لە دوای سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و بەتایبەتی لە سەدەی بیستەوە، تێڕوانینێکی نەرێنییش سەبارەت بە شۆڕش هەیە، کە بە پێچەوانەی لەوەی پێشوودا باس کرا، ئەوان شۆڕش بە ئامڕازێک بۆ کۆمەڵێک کەسی هەلپەرست دەزانن، کە لە ڕێیەوە و لەژێر ناوی ''شۆڕشگێڕ''دا، ستەمکار و چەوسێنەر و دیکتاتۆرێک لە ناو دەبەن و خۆیان دەچنە جێگەی و لەگەڵ ڕۆیشتنی ڕۆژگاردا، هەمان ڕەفتارەکانی فەرمانڕەوای پێشوو دووبارە و چەندبارە دەکەنەوە.

ڕەنگە جۆرج ئۆروێڵ، نووسەری بەڕیتانی، لە پێشەنگی ئەو کەسانە بێت کە تێڕوانینی دووەمیان هەیە، بەوەی لە زۆرینەی نووسینەکانیدا بەگشتی و یەکێک لە ڕۆمانەکانیدا بەتایبەتی، زۆر ورد سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی ئامانج لە شۆڕش چییە و چۆن ئەگەری زۆر هەیە شۆڕشگێڕەکان ببنەوە بە هەمان ستەمکار و چەوسێنەر و دیکتاتۆری لەناوبراو. مەزرای ئاژەڵان ئەو ڕۆمانەی ئۆروێڵە، کە تێیدا بە وێنایەکی زۆر سادە و بە زمانێکی ڕوون و ڕەوان، تێڕوانینی نەرێنیمان سەبارەت بە شۆڕش بۆ دەگوازێتەوە، کە لە دوای بڵاوبوونەوەی لە کۆتاییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیست تا ئێستاش، نوێنەرایەتیی ئەو تێڕوانینە دەکات و هەمیشە ئارگومێنتی یەکەمە بە دەست نەیارەکانی شۆڕشەوە.
بەڕێز جۆنس مەزرایەکی هەیە، تێیدا لە هەموو جۆرە ئاژەڵەکان ژمارەیەکی هەیە، ئەو هەمیشە مەستە، لە یەکێک لەو شەوانەی تەواو خەیاڵە، مەیجەری پیر تەواوی ئاژەڵەکان کۆ دەکاتەوە و پێش ئەوەی بمرێت، هانیان دەدات بۆ شۆڕشکردن دژی مرۆڤەکان و بەدەستەوەگرتنی ژیان و ماف و ئازادیی خۆیان، تا لە دواجاردا بە ڕابەرایەتیی دوو لە بەرازەکان شۆڕشەکە دژ بە بەڕێز جۆنس دەگاتە ئامانج و هەموان بەرەو ئەو ژیانە پڕ لە یەکسانی و دادپەروەرییە هەنگاو دەنێن، کە پێشتر خەونیان بوو.

دوای شۆڕش، ئاژەڵەکان ڕێبازی ئاژەڵیزم دادەنێن، کە تێیدا کۆمەڵیک ئایدیا و یاسا و ڕێسا هەیە: ئەوەی دووپێ بێت دوژمنە و نابێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چوارپێش هاوڕێ. نابێت هیچ ئاژەڵێک جلوبەرگ بپۆشێت، لە جێخەودا بنوێت، کحوول بخواتەوە، ئاژەڵێکی تر بکوژێت و لە دواجاریشدا، هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن. لەم ساتەوەختەدا، کە هەموو ئاژەڵەکان مەستی ئازادین، سنۆوبۆڵ و ناپۆلیۆن، دوو بەرازی ڕابەری شۆڕشەکە، خەریکن کۆمەڵێک سەگ لە ژوورێکدا و بە گۆشت بەخێو دەکەن، خەریکن وردە وردە مامەڵە لەگەڵ دووپێکاندا دەکەن، چوارپێکانی هاوڕێشیان دەچەوسێننەوە. خەریکن جلوبەرگ دەپۆشن، جێخەو بۆ خۆیان ساز دەکەن، مەجلیسی مەینۆشی دروست دەکەن، ئاژەڵەکانی هاوڕێیان بە بیانووی لە یاسا و ڕێبازی ئاژەڵیزم لادان دەکوژن و دروشمی ''هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن، دەکەنە ''هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن، بەڵام هەندێکیان لەوانی تر یەکسانترن''.

ئەم چیرۆکە سیمبولییەی لە ڕۆمان و فیلمەکەشیدا هەیە، میتافۆرێکە بۆ وێناکردن و گەیاندنی ئەو دۆخەی مرۆڤ لە کردەی شۆڕش و دوای کردنی تێیدەکەوێت؛ ئەوەی کە بە دنیایەک خەون و خەیاڵەوە پلان و بەرنامەڕێژی بۆ شۆڕش دەکات، سەرپێی دەخات، ئەنجامی دەدات، دەچێتە قۆناغ و ژیانی دوای شۆڕشەوە و مەستی ئەو ئازادییە دەبێت کە ساڵەهای ساڵە لێی زەوت کراوە و ئێستا چنگی کەوتووە، بەڵام لە پێش و لە ساتەوەختی ئەو مەستییەدا، کۆمەڵێک ''شۆڕشگێڕ''ی هەلپەرست هەن کە شۆڕش دەکەنە دەستکەوتێکی کەسیی خۆیان و بە شەرعییەتەکەیەوە، دووبارە و چەندبارە و دیسانەوە، هاوڕێیانیان دەچەوسێننەوە و ژێردەستەیان دەکەن، دەبنەوە بە هەمان ستەمکار و چەوسێنەر و دیکتاتۆری پێشوو و بگرە خراپتریش. بۆیە مەزرای ئاژەڵان ئەم پرسیارانە دەورووژێنێت: ئایا ئەو هەموو متمانە و بڕوایەی بە شۆڕش هەمانە، شایەنیەتی؟ ئایا ڕابەڕانی شۆڕش و شۆڕشگێڕانی پێش شۆڕش، هەر ئەوانەی دوای شۆڕش دەبن؟ ئایا مرۆڤی چەوساوە و ژێردەستە دوای ئەوەی بە گڕوتینی ئازادییەوە شۆڕش دەکات و دوای شۆڕیش دەبینێت هەمان ستەمکار و چەوسێنەر و دیکتاتۆر لە بەرگێکی تردا بۆی ئامادەیە، چی بکات؟ کە تا ئێستا هێندە شۆڕشمان بە پێویستییەکی حەتمی زانیوە، ئایا دوای بینینی ئەو هەموو ئەزموونە شکستخواردووەی شۆڕش، پێویست نییە بۆ لەمەودوا بیر لە ڕێگەچارەیەکی تر بکەینەوە؟

فیلمی مەزرای ئاژەڵان
لە دەرهێنانی جۆی باتچلەر و جۆن هالاس
وەرگیراو لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی جۆرج ئۆروێڵ
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی بینەرانی گفتوگۆیان دەربارەی کرد

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان