(٦)
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
کۆنزەرڤاتیزم ڕێبازێکە جەخت لەسەر بەها نەریتییەکان و جێبەجێکردنیان
دەکاتەوە. کارکردنی ڕەوتەکانی کۆنزەرڤاتیزم وەک کاردانەوەیەک دژ بەو بیرۆکە لیبڕاڵانەیەی
دەستیان بەسەر ئەورووپادا گرتبوو، دەستیان پێ کرد، ئەویش لە ماوەی شۆڕشی فەڕەنسی،
لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەدا. ئێدمۆند بروک، ئەندامپەرلەمانێکی بەڕیتانیا، چاودێریی
قۆناغە سەرەتاییەکانی شۆڕشی فەڕەنسیی کرد و پێشبینیی ئەو توندوتیژی و تیرۆرەی
دەکرد کە دروست دەبێت. بروک و کۆنزەرڤاتیستەکانی دیکە بە چەندین هۆکار هێرشیان
کردە سەر لیبڕاڵیزم، کە لە هەناوی شۆڕشی فەڕەنسییەوە هاتە دەرێ، ئارگومێنتی ئەوەیان
هەبوو کە لیبڕاڵیزم دابونەریتەکانی ڕووخاندووە، هەروەها لە پەلەپەلیدا بۆ
هەڵگەڕاندنەوەی بەها کۆنەکان و هێنانی بەهای نوێ، لیبڕاڵیزم و کاپیتاڵیزم دڕندانە
هێرشیان کردووەتە سەر بڕوا و بەها نەریتییەکان.
کۆنزەرڤاتیزمی کلاسیکی و دیموکراسی
کۆنزەرڤاتیزمی کلاسیکی و دیموکراسی
بەشێکی زۆری ڕەوتەکانی کۆنزەرڤاتیزم
لە پێشوودا، دەسەڵاتێکی سیاسیی ستەمکاریان لا پەسەندتر بووە؛ لە ئەنجامی جەنگە ناپۆلیۆنییەکان،
بەتایبەت لە ساڵانی ١٩٧٢-١٨١٥دا، دەسەڵاتە سیاسییەکانی ئەورووپا بە شێوەیەکی چالاک
لەپێناو وەستاندن و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی لیبڕاڵیزم و دیموکراسی کاریان کرد. بە
شێوەیەکی گشتی ئەم کۆنزەرڤاتیزمانە ئارگومێنتی ئەوەیان هەبوو کە سیستمی پاشایەتی
گرنگە، بەڵام هەندێکی دیکەیان کراوەتر بوون بەرانبەر بە دەسەڵاتی گەل. بورک
بەتایبەت، پێی وابوو دیموکراسییەتێکی سنووردار شێوازێکی دەسەڵاتی باش بوو بۆ
ئینگلتەرا، ئەگەر هەر دابونەریت و بەهایەک لە بەرانبەردا بۆی ماوەتەوە، بهێڵێتەوە
و پارێزگاریی لێ بکات.
کۆنزەرڤاتیڤە کلاسییەکان ئەم جۆرە بڕوایانەیان هەیە:
جێگیری: جێگیری بەهایەکی بەنرخە، بە بڕوای ئەوان گۆڕانکاری
دەبێت هەنگاو بە هەنگاو ئەنجام بدرێت، ئەویش لەپێناو بەدەستهێنانیدا. بەکارنەهێنانی
سیاسەتی جێگیری مەترسیدارە، چونکە کۆمەڵگە بە ئاسانی دەتوانێت بکەوێتە ئاژاوە و
توندوتیژییەوە. لیبڕاڵە کلاسیکییەکان بە بەردەوامی بانگەشەی شۆڕشیان دەکرد، کە ئەمەش
لە دیدی کۆنزەرڤاتیزمە کلاسیکییەکانەوە دەرگای ئاژاوەیەکی گەورە دەکاتەوە.
کۆنکرێتبوون: بە بڕوای ئەوان لیبڕاڵیزم ئەبستراکتە، تیشک
دەخاتە سەر ئازادی و یەکسانی، نەک ئەو جۆرە ژیانە کۆنکرێتییەی ڕۆژانە خەڵکی لەسەری
دەژین.
توانای بەهەڵەداچوونی مرۆڤ: بە بڕوای ئەوان لیبڕاڵیزم نرخێکی
بەرز بۆ مرۆڤ دادەنێت، مرۆڤ بەردەوام نەزان، زەرەرمەند و نائەقڵانییە. بە
لەبەرچاونەگرتنی ئەم خەوشانە، لیبڕاڵیزم دەبێت بە ناواقیعی.
دۆخی بێهاوتا: بە بڕوای ئەوان وەڵامێکی یونیڤیرساڵی بۆ
کێشەکانی کۆمەڵگە بوونی نییە، دۆخەکان لە هەر وڵاتێک بێهاوتان و هیی هەر وڵاتەو
جۆرێکە.
لە ئێستادا لە بەشێک لەو وڵاتانەی کاریگەریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی
و کەلتوورییان بەسەر دنیاوە هەیە، ئەم ڕەوتە باڵادەستە و بگرە ئەو حیزبانەی هەڵگری
ئەم ئایدۆلۆژیایەن، زۆرینەن؛ ڕەنگە ئەمە ئەوە بگەیەنێت کە دوای چەندین دەیە لە
خەباتی مرۆڤ بۆ شکاندنی کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان و نەهێشتنی تەلبەندی
بەها و دابونەریتەکان، هێشتاش کۆمەڵێکی زۆر مرۆڤ هەن بڕوایان بە دەستگرتن بە کۆتوبەندە
کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان هەیە و نایانەوێت لە بەها و دابونەریتەکان لابدەن.