لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
فیلمی شەپۆل، لە دەرهێنانی دێنیز گانزڵ، لە
ڕووداوێکی ڕاستییەوە وەرگیراوە، کە لە خوێندنگەی کالیفۆرنیا لە ساڵی ١٩٦٧دا ڕووی داوە. فیلمەکە دەربارەی
ڕەگەکانی دیکتاتۆرییەت و فاشیزمە لە ئایدیا و بیرکردنەوەی هەر مرۆڤێکدا، لە هەمان
کاتیشدا فریودەر و ترسێنەرە، چونکە ئەو ئەگەرەمان پیشان دەدات کە لە ژینگەی
ناجێگیری ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا هەموو شتێک، تەنانەت گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەت و
فاشیزمیش، ئەگەری ڕوودانی هەیە.
فیلمەکە بە دیمەنێکی پڕجۆشوخرۆش دەست پێ دەکات، کە
پێناچێت هەرگیز کۆتایی پێ بێت. مامۆستایەکی خاوەن کاریزما، ڕەینەر ڤینگەر، ئوتۆمبیلەکەی
بەرەو خوێندنگە لێدەخورێت و گۆرانیی ڕۆک ئاند ڕۆڵی خستووەتە سەر، کە لە هەمان
کاتدا کامێراکە ژیانە هێمن و ئارامەکەی گەڕەکەکانی ناوچەکە پیشان دەدات.
ڤینگەر پیاوێکی ڕادیکاڵە و شێوازێکی پەروەردەکرنی تایبەت
بە خۆی هەیە کە لەگەڵ نەریتدا ناگونجێت؛ کاتێک دەزانێت ناتوانێت پۆلەکە و
خوێندکارەکانی لە ڕووی تیۆرییەوە فێری دیکتاتۆرییەت بکات، ڕاستەوخۆ دەست دەکات بە
ئامادەکاری بۆ ئەوەی بە کردار فێریان بکات دیکتاتۆرییەت چییە. ئەمە بۆ
خوێندکارەکان بابەتێکی گران و نامۆیە، تەنانەت یەکێک لە خوێندکارەکان دەڵێت: ''چ
شتێک ماوە تا دژی بوەستینەوە؟ هەموو ئەوەی دەمانەوێت بەسەربردنی کاتێکی خۆشە.''
خوێندکارەکان کتێبێکیان لە بەردەستە کە تێیدا باس
لەوە دەکات دیکتاتۆرییەت و فاشیزم چۆن سەریان هەڵداوە، بەڵام وا دیارە
خوێندکارەکان هیچی لێوە فێر نەبوون: کاتێک ڤینگەر دەپرسێت ''ئاخۆ ئەگەری
سەرهەڵدانەوەی دیکتاتۆرییەتێکی وەک ئەوەی ئەدۆڵف هیتلەر لە ئەڵمانیای ئەمڕۆدا ئەگەر
هەیە؟''، بەشێک لە خوێندکارەکان بە نەخێر وەڵام دەدەنەوە و بەشێکی تریشیان هەر بۆیان
گرنگ نییە. لەمەوە، کاتێک ڤینگەر دەبینێت خوێندکارەکانی هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان
دەربارەی ئەو پرسە گرنگە نییە، وەک تاقیکردنەوەیەک بیرۆکەیەکی بۆ دێت، کە ئەویش
پیشاندانی دیکتاتۆرییەتە بە کرداری. پۆلەکە ئەو وەک سەرۆک دیاری دەکەن و دەنگی پێ دەدەن،
ئەویش داوا لە خوێندکارەکان دەکات بە بەڕێز ڤینگەر بانگی بکەن و کاتێک دەیانەوێت
شتێک بڵێن، دەبێت هەستنە سەر پێ. دروشمی ڕۆژانەشیان بریتی دەبێت لە ''هێز
جووڵەیە''.
هەر دوای ئەوەی ڤینگەر و هەڵسوکەوتە
دیکتاتۆرییەتەکانی سەرنجی خوێندکارەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، شتەکان لە ماوەی
هەفتەیەکدا بۆ شتێکی تر چوون: دیکتاتۆرییەت و فاشیزم وەک نەریتێک دەستی بەسەر خەڵکانی
هەژار و دەستکورتدا گرت، کێش لە خوێندکار زیاتر دەستکورت و هەژارە؟ وای لێ هات حەزیان
بە بیرۆکەی یەکپۆشی هەبێت لەپێناو کەمکردنەوەی گوشاری کۆمەڵگە و لەم پێناوەدا دەست
دەکەن بە لەبەرکردنی کراسی سپی. گرووپەکە ناو دەنێن شەپۆل و لۆگۆیەکی بۆ دروست دەکەن،
هەروەها شێوازێکی سڵاوکردن بەکار دەهێنن کە لە هیی نازییەکانەوە نزیکە.
دروستکردنی ئەم گرووپە و ئەنجامەکانی لێی
دەکەوێتەوە باوەڕپێنەکراو دەبن، خوێندکارەکان خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە چێژ
لە هێزی یەکگرتن دەبینن و بە ماوەیەکی کورت ئەم شێوازە دەست دەگرێت بەسەر
چالاکییەکانی خوێندنگەکەدا و خوێندکاری نوێش دەچنە گرووپەکەوە.
لەناکاو دۆخەکە لە سنوور دەردەچێت و کۆنتڕۆڵکردنی لە دەست دەردەچێت: گرووپەکە لە
شارۆچکەکەدا کێشە دەنێنەوە، لۆگۆکەیان لەسەر بینا گشتییەکان دروست دەکەن، هەر
خوێندکارێکیش کە نەیەوێت بەشداریی چالاکیی گرووپەکە بکات دەری دەکەن و لە لایەن
هەندێک لە ئەندامەکانەوە دەکرێت بە قوربانی و بێزار دەکرێت. لەم ماوەیەدا مامۆستا
ڤینگەر هەست بەم ناهەمواری و خراپییە دەکات و هەوڵ دەدات بیوەستێنێت. بەو مەبەستە کۆبوونەویەک
لە یەکێک لە هۆڵەکانی خوێندنگەکە ڕێک دەخات، کە دەبێت گشت ئەندامەکان تێیدا ئامادە
بن. لە دوای ئەوەی قسە بۆ خوێندکارەکان دەکات و پێیان دەڵیت کە نووسان بە ئایدۆلۆژیایەکەوە
و پەیوەستبوون بە ئاکتی دیکتاتۆرییەتەوە و سەرهەڵدانی چەند ئاسانە، لە کاتێکدا
ئەوان لە سەرەتای وانەکەدا پێیان وا بوو ئەستەمە. داوایان لێ دەکات کە ئیتر کۆتایی
بە گرووپەکە بهێنن و بوەستن، بەڵام یەکێک لە خوێندکارەکان کە تەواو لە ئایدۆلۆژیاکەدا
قووڵ بووەتەوە، ئەمەی پێ قبووڵ ناکرێت، دەمانچە لە مامۆستا و هاوڕێکانی بەرز
دەکاتەوە، تا لە دواجاردا هاوڕێیەکی بریندار دەکات و خۆیشی دەکوژێت.
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی گفتوگۆ دەربارەی کرا
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی گفتوگۆ دەربارەی کرا