(٨)
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
تۆتالیتاریزم فۆڕمێکە بۆ
حوکمڕانێتی، کە تەواوی ماف و ئازادییەکانی خەڵک دەچەپێنێت و لەپێناو مانەوەیدا هەوڵ
بۆ پەراوێزخستنی تەواوی ئایدیا و بیروبڕوا جیاوازەکان لە خۆی دەدات. بێنیتۆ
مۆسۆلۆنی، دیکیتاتۆری ئیتاڵیا، لە ساڵی ١٩٢٠دا مانا و دەلالەتەکانی تۆتالیتاریزمی بۆ
پێناسکردنی دەوڵەتی فاشیستی ئیتاڵیا ساغ کردەوە، کە وتی: ''هەموو لە ناو و لەپێناو
دەوڵەتدا، لە دەرەوەی دەوڵەت هیچ شتێک و لە دژی دەوڵەتیش هەر هیچ شتێک.'' هەر بۆیە
سەدەی بیستەم و لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و سەرەتاکانی جەنگی جیهانیی دووەم، بە
لەدایکبوون و گەشەکردنی قووڵی ئەم ئایدیایە بۆ حوکمڕانێتی دادەنرێت.
لە سەرەتاکانی
جەنگی جیهانیی دووەمدا تۆتالیتاریزم بووە مورادیفی دەسەڵاتی تاکحیزبیی ڕەها و
ستەمکار، کە ژیان لە سایەیدا تەنها بۆ حیزب و ئەندامەکانیەتی. ئەو نموونانەی بۆ وێنەی
تۆتالیتاریزم دەهێنرێنەوە و ئەم جۆرە حوکمڕانێتیەیان هەبووە، یەکێتیی سۆڤێت لەژێر
دەسەڵاتی جۆزێف ستالین، ئەڵمانیای نازی لەژێر دەسەڵاتی ئەدۆڵف هیتلەر، کۆماری چین
لەژێر دەسەڵاتی ماو تسی تۆنگ و کۆریای باکوور لەژێر دەسەڵاتی کیم دیناستین، کە
تێیاندا خەڵک پشتیوانییەکی بێپایان و لە ڕادەبەدەر بۆ حیزبی تاکڕەو و سەرۆکەکەیان
دەردەبڕن و بەرهەڵستیی ستەمکارییەکانی ناکەن و هەمیشە لە ئاستیاندا بێدەنگن، ئەمەش
لە ئیرادەی ئازادیانەوە نییە، بەڵکو بۆ مانەوە و بژێویی ژیانیانە.
تۆتالیتاریزم زۆر جاریش بە
دیکتاتۆرییەت، دیسپۆتیزم یان ستەمکاری ناو دەبرێت، ئەویش لەبەر ئەوەی لە ڕووی
ئیدارییەوە تەواوی دامەزراوە و دەزگاکانی دەوڵەت دەچنە ژێر دەسەڵات و چاودێریی
بەردەوامی حیزب و سەرۆک و دەستوپێوەندەکانی و لە هەموو نەریتە یاسایی و سیاسییەکان
بەتاڵ دەکرێنەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، دەسەڵاتی سیاسیی تۆتالیتار گرنگی بە
پیشەسازی دەدات و تەنانەت تا داگیرکاریی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان کە دەشێت موڵکی
خەڵک بن، دەڕوات و تێیاندا تەواوی سەرچاوەکان ڕاستەوخۆ بەرەو قازانج و
بەدەستهێنانی سەرمایە ئاڕاستە دەکرێن، بەڵام قازانجەکە بۆ خەڵک نییە، بۆ حیزب و لە
ناویشیدا بۆ کەمینەیەکە.
لە دەوڵەتی تۆتالیتاریدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و تاکییەکانیش
وەک یاسایی و سیاسییەکان لەژێر چاودێریی بەردەوامی حیزب و دەسەڵاتی سیاسیدایە، بۆ
نموونە کۆڕ و کۆبوونەوە و پێکەوەبوونەکان هەمیشە بە چاو و سیخوڕەکانی حیزب
تەنراوە، بە ئامانجی ئەوەی گەر تێیاندا باس لە پیلان و بەرنامەڕێژی بۆ لەناوبردنی
ئەو جۆرە ژیانەی هەیانە بکرێت، دەستبەجێ کپ بکرێنەوە.
ئەگەر لە کۆتاییەکانی نیوەی
یەکەمی سەدەی بیستدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک دەوڵەت ئەزموونی ئەم جۆرە
حوکمڕانێتییەیان کردبێت و بگرە شانازییشیان پێوە کردبێت، لەمڕۆدا زۆرێک لە
دەوڵەتەکان هەمان فۆڕمی حوکمڕانێتییان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی کپ و داپۆشراو و
ماکیاژکراو بە کۆمەڵێک لە دروشمەکانی سەردەم، ئەمەش بە هەبوونی حیزبی تاکڕەو و مۆنۆپۆڵکردنی
تەواوی جومگەکانی حوکمڕانێتی و چەپاندنی ماف و ئازادییەکان و لەجێخستنی کۆڕ و
کۆبوونەوە و پێکەوەییەکان بە چاودێریی چڕ و بەردەوام دەناسرێتەوە.