گێرد ویزلەر
ئەفسەرێکی دەوڵەتیی سیستماتیکە، یاسا و ڕێساکانی دەوڵەت و دابونەریتەکانی لە
تەواوی ژیانیدا ڕۆ چوون و تەنانەت لە حاڵەتە زۆر تایبەتییەکانی ژیانیدا پێیانەوە
پابەندە: هەرگیز قۆپچەی سەری سەرەوەی کراسەکەی ناکاتەوە، تەنانەت لە کاتی
سێکسیشدا، قەت بۆینباخەکەی خوار نییە، هەمیشە زنجیری چاکەتەکەی داخراوە و ڕێکپۆشە،
ڕێوڕۆشتنی وێنەی ڕۆبۆتە، هەرگیز خەندەیەک لەسەر لێوی نییە، لە کاتی کارەکەیدا
لارولەوێرییەکی لێ نابینرێت و هەمیشە بەندەی سیستمە. ویزلەر بۆ چاودێریکردنی گیۆرگ
درایمانی ئەدیب و هونەرمەند ڕادەسپێردرێت.
گیۆرگ درایمەن شانۆنامەنووسە، پیانۆژەنە
و پیاوێکی خۆشمەشرەبە، هاوژینەکەی لە ڕادەبەدەر خۆش دەوێت و زۆرینەی کاتەکان
سەرجێیی ئەویندارانە دەکەن، خەباتگێڕە و چەپێکی ڕاستەقینەیە: هەمیشە قۆپچەی سەری
سەرەوەی کراسەکەی کراوەتەوە و هەرگیز بۆینباخی نەبەستووە، بۆ بۆنەیەک نەبێت،
ڕێکردنی ئازادانە و خەباتگێڕانەیە، هەمیشە خەندەیەکی پڕژیان لەسەر لێویەتی، لە
هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دەرخستنی گڵاوییەکانی ستەمکارانی سیستمی وڵاتەکەی.
ویزلەر بێ
ئەوەی بیەوێت ڕۆ دەچێتە ژیانە ئەدەبی و هونەری و خەباتگێڕییەکەی گیۆرگ درایمەن و
هاوژینەکەیەوە: حەزی بە ئەوینکردنەکەیان دەبێت، دەچێتە کتێبخانەکەیان و کتێبێکی
چەپانەی بێرتۆڵد برێخت دەبا و دەیخوێنێتەوە، بە گوێگرتن لە ژەنینی پیانۆکەیان دەست
بە گریان دەکات، بە ویستی خەباتگێڕییان سەرسام دەبێت. هەموو ئەمانە و زیاتر وای لێ
دەکەن لەبری ئەوەی ڕاپۆرتەکان بە دروست بۆ وەزارەت بنووسێت، پێچەوانە دەکات و تا
پلەی تیاچوونی پۆستەکەی، یارمەتییانن دەدات.
بینینی ئەم فیلمە بۆ تێگەیشتن لە
چاودێریی قووڵ و توندی دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار و زانینی ڕۆڵی ئەدەب و هونەر و
خەباتگێڕی لە وەستاندنەوەی دژی ستەمکاری، پێویست و گرنگە.
*
ژیانی ئەوانی دیکە
لە دەرهێنانی فلۆریان هەنکڵ
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی بینەرانی گفتوگۆیان دەربارەی کرد