(٢)
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
شۆڕش خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی مێژووییە، ڕووداوگەلێکە کە تێکدانی دۆخی ئێستاکییە بە ئامانجی
هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری لە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراودا؛ تەنانەت لە هەندێک
حاڵەتدا تەواوی جیهان دەگرێتەوە.
هەر شۆڕشێک ئامانجی جیاوازە لە شۆڕشێکی دیکە، بۆ
نموونە هەندێک لە شۆڕشەکان، وەک شۆڕشی ئەمەریکی، ویستی بەزاندنی سیستمی سیاسیی
هەیە و ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە دەخاتە جێگەی، یان شۆڕشی ڕووسی و چینی، گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵانە لە تەواوی
جومگەکانی کۆمەڵگە و وڵات و سیستمی سیاسی و ئابووریدا دەکات، کۆمەڵێک شۆڕشی تریش
هەن کە ئامانجەکانیان نەتەوەیین و هیی تریش کە دەشێک ئامانجی جیاوازتر لەمانەیان
هەبێت، بەڵام سەرباری هەموو ئەم جیاوازییانە، خاڵێکی هاوبەش لە نێوان هەموو شۆڕشەکاندا
هەیە، ئەویش ئەوەیە کە گشتیان جووڵەیەکی خێران بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە
ماوەیەکی کورتدا.
زۆرینەی شۆڕشەکان لە لایەن ئەو کەس و گرووپانەوە ڕابەرایەتی
دەکرێن، کە ئایدیا و هیوا و خەونی کۆمەڵگە و
وڵاتێکی باشتر ئاڕاستەیان دەکات. ئەم شۆڕشگێڕانە بەرانبەر بە شێوازی کۆن و تەقلیدی
دەوەستنەوە و لەپێناو سڕینەوە و نەهێشتنیاندا دەجەنگن، لە کاتێکدا ئەو شێوازانە
بەردەوام لەپێناو مانەوە و هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆیاندا لە بەرگریدان.
دەرەنجامەکانی
شۆڕش ململانێی لایەنەکانی هەڵگیرسێنەری شۆڕشەکەیان لێ دەکەوێتەوە، کە ڕەنگە ئەمە دووبارە
شەڕ و جەنگ و توندوتیژی و قوربانیدانی لێ
بکەوێتەوە. زۆرینەی جارەکان شۆڕشگێڕان سەرکەوتوو دەبن و کۆمەڵگە و وڵاتێکی باشتر بونیاد
دەنێن و دروست دەکەن، هەرچەندە هەندێک جاریش جیا لەوەی شۆڕشگێڕان چاوەڕوانی دەکەن،
ڕوو دەدات.
شۆڕشەکان بەپێی شوێن و کات و سەردەمەکانیان لە یەکتر جیاوازن، لەسەر
پلانێک یان شێوازێکی دیاریکراو نەوەستاون تا بەرپا بکرێن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش
چەندین شۆڕش هەن لە شوێن و کات و سەردمیاندا هاوبەشن و لەسەر یەک پلان و شێواز بەرپا
بوون و ئەنجام دراون.
شۆڕشەکان لەخۆوە و لەپڕ بەرپا نابن، بەڵکو لە ئەنجامی
کەڵەکەبوونی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکان و فراوانبوونیانەوە دروست دەبن. ئەم ڕەخنە و
ناڕەزایەتییانە ڕەنگە ڕەخنەی سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی بن، یان تێکەڵەیەک بن
لە هەرسێکیان و زیاتریش. ڕەنگە بە تەنها ناڕەزایەتی بەس نەبێت تا وزە و هێز بداتە
یاخیبوون و بەرپاکردنی شۆڕش، بەڵام هەرچۆنێک بێت دەتوانێت بڕوای خەڵک بە دەسەڵات و
سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی فاشی و دیکتاتۆر و ستەمکار لەق بکات و نەهێڵێت.
خەڵک
لەو دۆخە ناهەموارانەی هەن ناڕازی و یاخی دەبن، بەم جۆرە ویستی شۆڕش کەڵەکە دەبێت
و گەشە دەکات، ئەم ئایدیا و بیرکردنەوە ناڕێکخراوانە دەتوانێت هێواش هێواش پێ بگات
و بۆ چەند ساڵ و دەیەیەک بەردەوام بێت، بێ ئەوەی هیچ ئەکت و جووڵەیەک لە لایەن
خەڵکە ناڕازی و یاخییەکەوە بگیرێنە بەر. ئەم جۆرە ئامادەباشییەکی بەتین و قووڵی
ناڕەزایەتی و یاخیبوون دابین دەکات، کە تێیدا گڕی شۆڕش کڵپە دەسێنێت. بەم پێیەش
زەمینە خۆش دەبێت بۆ هەنگاونان و گرتنەبەری جووڵەی شۆڕشگێڕانە.
هەر شۆڕشێک بە کۆمەڵێک
ڕووداو یان چەند تەنگەژەیەکی کورتخایەن ورووژێنراوە، ئەم ڕووداو و تەنگەژانە، ڕەخنە
و ناڕەزایەتییەکانی کە هەن زیندوویان دەکاتەوە و دەیانکاتە برین و هەمیشە
دەیانکولێنێتەوە، ئەمەش وادەکات هەنگاونان بەرەو جووڵە و گۆڕانکاریی ڕیشەیی زەقتر
ببێتەوە و ببێتە پێویستییەکی حەتمی. لەم کاتەدا ویستی شۆڕش بەتین دەبێت، ئیتر خەڵک
بڕوا بەوە دەهێنن دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار توانای گۆڕانکاریی ڕیشەیی و باشترکردنی
ژیانی نییە و نەماوە.
شۆڕشگێڕەکان تێدەگەن کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە تەواوی سیستمە
جیاوازەکانی کۆمەڵگە و وڵاتدا بە تەنها لە سەرەوە، لە سەرخانەوە بەرپا نابێت،
بەڵکو لە خوارەوە، لە ژێرخانەوە، لە نێوان چینە ستەملێکراو و چەوساوەکانەوە بەرپا
و فراوان دەبێت، تا شۆڕش بە ئامانج و دیدگاکانی خۆی دەگات و ئەو کۆمەڵگە و وڵاتە
بەرهەم دێت، کە شۆڕشگێڕان دەیانویست.