لە ئینگلیزییەوە: کانیاو سوعاد
لە ناو هەموو ئەو فیلمانەی
دەربارەی زیندان دروست کراون، تا ئیستا هیچیان وەک دیوار نەبوون. یەڵماز گونەی
تاکە دەرهێنەر و فیلمدروستکەرە هێندە ژیانی لە زینداندا بەسەر بردبێت، بە جۆرێک
زۆربەی ساڵانی حەفتاکانی لە زینداندا بەسەر برد. فیلمی ڕێگا بە جۆرێک تورکیای وەک
زیندانێک پیشان دا، بەڵام دیوار ئەم میتافۆرەی پێچەوانە کردەوە و زیندانی وەک
مایکرۆسکۆپی وڵات پیشان دا؛ تیایدا زیندانییەکان لە ژێردەستی دەسەڵاتێکی سیاسیی
فاشیستدا لە لایەنی ڕۆحی و جەستەییەوە ئەشکەنجە دەدران. گونەی پێویستی بە میلۆدراما
و توندوتیژی و ترسناکی نەبوو بۆ دروستکردنی فیلمەکەی، بەڵکو زۆر بە سادەیی دێت و
میکانیزمی ستەمکاری پیشان دەدات. ئەمە بۆ خۆی میتافۆرە بۆ تورکیا، کە لەژێر حکومی
دەسەڵاتێکی سیاسیی ستەمکاردایە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لە گونەی دەپرسن کە بۆچی زیندان
هەڵدەبژێرێت بۆ دروستکردنی فیلم، لە وەڵامدا دەڵێت: ''دوو هۆکار هەن بۆ ئەوە،
یەکەمیان ئەوەی کە بابەتەکە لەگەڵ حاڵی ئێستای تورکیادا دێتەوە یەک و دووەمیشیان
ئەوەی کە هێشتا ئامادە نیم لە ئەورووپا گرتە تۆمار بکەم.'' هەروەها لێشی دەپرسن: ''تۆ
لە فیلمەکەتدا مامەڵە لەگەڵ خەڵک و سروشتی وڵاتەکەی خۆتدا دەکەیت، کەچی
هاونیشتیمانییەکانی خۆت ناتوانن فیلمەکەت ببینن. چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەیت؟
ئایا هەروا بێدەنگ لە دەرەوەی وڵات دادەنیشیت؟'' وەڵامی گونەی ئەمە بوو: ''بێگومان
دەبێت ڕێگایەک بدۆزینەوە فیلمەکە پیشانی ئەوانیش بدەین، بەڵام نازانم پێت بڵێم
چۆن، لە دوای ئەم فیلمشەوە نیازم نییە لەژێر ئەم مەرجانەدا فیلمی تر دەربارەی
کوردستان تۆمار بکەمەوە.''
دیوار چیرۆکی خەمبارییەکی نائومێدانەیە؛ زیندانییەکانی ناو
زیندانی ناوەندی بەشبەش کراون بۆ بەشی ژنان، لەگەڵ ئەو منداڵانەدا کە هەر لە زیندان
لای خۆیان لەدایک بوون، بەشی تێکدەرەکان، بەشی کوڕانی بەشەناوخۆیی ۴ و بەشی منداڵان. سەرنجی گونەی لەسەر
کوڕەکانە، کە لاوازترینی ناو زیندانەکەن و بە دڕندانەترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا
دەکرێت، بەشەناوخۆییەکەیان نە ئاو بۆ خۆشتن، نە خواردنی پێویست و نە گەرمیی تێدایه،
هەروەها پاسەوانەکان لێیان دەدەن، هەڕەشەیان لێ دەکەن و هەراسانیان دەکەن. بەو
پێیەی دەبێت بەرتیل بدەن تا هەندێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەدەست بهێنن و
ئەمانیش گەنجی بێپارە و بێدایکوباوکن، حاڵیان لە هەموو ئەوانی دی خراپترە. ئەمان
هەم نێچیری پاسەوانە سادیستەکانن و هەمیش هیی مافیا تاڵانکەرەکانی زیندان. ئەم
کوڕانە لە ژیانی ناو زینداندا هێندە سنووردار کراون و هێندە بینینیان لەقاڵب دراوە،
کاتێک بە حەسرەتەوە دەڕواننە مانگ و نزا لای خودا دەکەن، داوای ئازادی ناکەن،
بەڵکو داوای ئەوە دەکەن بگوازرێنەوە بۆ زیندانێکی باشتر.
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانیەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا...