Skip to main content

ئایا سەرمایەداری کۆتایی پێ دێت؟


لە ئینگلیزییەوە: کۆسار عەبدولڵا

ئەگەر سەرمایەداری وردە وردە کۆتایی دێت، وەک ئەوەی هەندێک تیۆریست و ئابووریناس باسی دەکەن، ئایا پێویست نییە مۆزەخانەیەک هەبێت بۆ پاراستنی ئەنتیکەکانی؟ مۆزەخانەی سەرمایەداری، ئێم ئۆ سی، دامەزراوەیەکی تازە گەشەکردووە و یەکەم پێشانگەی خۆی لە ناوچەیەکی چۆڵکراودا لە ئۆکلاند، ویلایەتی کالیفۆرنیا دەکاتەوە. ئامانج لەم پێشانگەیەش بەرچاوڕۆشنکردنەوەی نەوەکانی داهاتووە لەبارەی ''ئایدۆلۆژیا و مێژوو و سەرمایە''ی سیستەمە ئابوورییەکان، هەروەها کاتی تەواومان دەداتێ تا سوود و زیانەکانی سەرمایەداری هەڵبسەنگێنین.

هەردوو هونەرمەند ئەندریا ستیڤیس و تیمۆسی فورستناو، سەرپەرشتیی دەکەن و ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ دەبێت، تێکست و هونەرمەند کۆ دەکەنەوە و بەشوێن ڕووبەرێکدا دەگەڕێن کە بتوانن ئەم مۆزەخانەیەی لێ بونیاد بنێن و وێنای کۆتایی سەرمایەداری بکات. ئەندریا ستیڤس دەڵێت: ''بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم کارە جەخت لەسەر هونەر دەکاتەوە، چونکە تەنها هونەر دەتوانێت ناساندنی شتێک هەڵبوەشێنێتەوە لە بەرچاوی خەڵکانێکدا کە ئەو شتە بۆ هەموو ژیانیان پێی ئاشنا بووبن.'' یەکەمین کردنەوەیان لە شوێنێکی کاتیدایە لە ناوچەی پاش پیشەسازیی جاک لەندەن لە ئۆکلاند، کە کۆمەڵێکی زۆر عەمباری چۆڵی لێیە و ژمارەی هونەرمەندەکانی نێو پێشانگەکە زیاتر لە پەنجا هونەرمەند دەبن.ستیڤ ئاماژەی بەوە دەدات کە ''فیدریک جێمسن جارێک وتی: 'وێناکردنی کۆتایی جیهان ئاسانترە لە وێناکردنی کۆتایهاتنی سەرمایەداری. هەندێک پێیان وایە کردنەوەی مۆزەخانەی سەرمایەداری کردەیەکی ڕادیکاڵانەیە، هەرچەند ئێمە پێمان وایە هێندەش ڕادیکاڵ نییە، بەڵام جێی خۆی هەیە، هەر هیچ نەبێت لە مێژووی ڕادیکاڵی ئۆکلانددا...''' دەشڵێت: ''کردنی سەرمایەداری بە 'کارێکی مۆزخانەیی'، ئەگەرێکی بچووکیش بێت، هەر هەوڵێکە بۆ کۆتاییپێهێنانی.''

لەو کارانەی لە پێشانگەکە نمایش کران، کارێکی هونەرمەندی مەکسیکی فران ئیلیش بوو، لە مۆزەخانەی بانکی بۆشایی (٢٠١٥-٢٠١٧)، کە پێک هاتبوو لە دۆکیومێنتی ئەوەی کە ئیلیش پیی دەڵێت سیستەمی بانکیی بەدیلی کرداری. هەروەها کارێکی درێد سکۆت بە ناوی سەمای پۆڵ (٢٠١٠)، پێک هاتووە لە کۆمەڵێک وێنە کەپرسن لەسەر ڕێکخستنی خەڵک بەپێی بنەچە و پۆل و ڕەگەز. کارێکی تر گۆڕانی دەزگا داراییەکان پیشان دەدات، ناوی فلێکسی بانکە مایەپوچ بووەکانە (٢٠١٢)، کە ژمارەیەک لۆگۆ و ئاڵای ئەو بانکانەی تێدایە کە مایەپوچ بوون، لە هەمان کاتدا میشێل ماندیبیرگیش هەمان بابەتی ورووژاندووە، کە کۆمەڵێک کتیبی ئابوورییە و بەرگەکانیان لۆگۆی چەند بانکێکی مایەپووچبووە. هەروەها کاری ئاڵاکانی پۆلیسی بلەیک فۆڵ کۆنرۆی (٢٠٠٩)، کە سیمبولیزمی تەریب لە نێوان ڕەنگەکانی شین و سوور و سپیی گڵۆپی پۆلیس پیشان دەدات و ڕەنگەکانی ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانیش. هاوکات پیشاندانی ڤیدۆیەک، کە لە لایەن هونەرمەندی نەمسایی ئۆلیڤەر ڕەسڵەرەوە ڕێک خرابوو، کارەکە تیۆریستە سیاسی و ئابووریناسەکان پیشان دەدات بە باسکردنی نموونەی جۆراوجۆر بۆ سیستمی بەدیلی ئابووری. هەروەها دواتر پرسی ئەوەی کە تا چەندێک ڕەوتێکی دژەسەرمایەداری لە پشت ئەم مۆزەخانەیەوەیە، دەبێتە جێی مشتومڕی هەموان.

فۆرستناو دەڵێت: ''تەنانەت ئەو گریمانەیەشی کە دەڵێت ڕەنگە ڕۆژێک سەرمایەداری کۆتایی بێت، لەم وڵاتەدا و لەم ساتەدا بە دژەسەرمایەداری دەبینرێت.'' دەشڵێت: ''بۆ ئێمە بەشێک لە بەمێژووییکردنی سەرمایەداری بۆ درککردنە بە کاریگەریی بەهێزی و تایبەتییەکانی. پێویستە بزانین سەرمایەداری لە کوێدا زیانمان پی دەگەیەنێ و لە کوێشدا سوود، هیواشمان وایە کە سەردانکەرەکان لە هەموو لاکانی جیهانەوە کە دێن بۆ سەیری، بگەنە شتێکی بەکەڵک.''

ستیڤ بە پرسیارێکی سادە و ڕەوان: ''ئاو چییە؟'' ئاماژە بەوە دەکات ئێمە لە قووڵایی سەرمایەداریدا مەلە دەکەین، گوتیشی مۆزەخانەکە ئامانجی ئەوەیە مەودایەک ببەخشێتە پێکهاتەکانی تا هەر لە سەرەتاوە هەڵیانبسەنگێنێت.

لە کاتیکدا کە مەحاڵە وێنای کۆتایی سەرمایەداری بکرێت، مۆزەخانەی سەرمایەداری وێنای دەسپێکی خۆی دەکات، کە کۆتایی سەرمایەدارییە. ئەم مۆزەخانەیە دەتوانرێت بە ئاسانی پێی بوترێت مۆزەخانەی دژەسەرمایەداری، چونکە پاش ماوەیەکی زۆر یەکەمین دامەزراوەیە لە ناوجەرگەی سیستمەکەوە، ڕەخنەی سەرمایەداری بکات.









زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ...

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان ...

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم...